Friday 12 October 2007

چەند سەرنجێک دەربارەى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق و ئاکامەکانى سەبارەت

چەند سەرنجێک دەربارەى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق و ئاکامەکانى سەبارەت بە پاشە رۆژى کوردستان

دکتۆر نورى تاڵەبانى
خەڵکى کوردستان بە گەرمەوە بەشداریان لە پرۆسەى رێفەراندۆم لەسەر رەشنووسى دەستوورى هەمیشەیى عێراق نەکرد کە لە 15 تشرینى یەکەمى ئەمساڵ سازکراو کەسیش ناتوانێ نکوڵى لەم راستیە بکات. بەشدارى نەکردنی ئەو خەڵکە بەو گەرموگورییەى کە لە هەڵبژاردنى 30 کانوونى دووەمى 2005 کردیان بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى کۆمەڵەى نیشتمانى عێراق و پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى ئوستانەکان (پارێزگاکان) بێ هۆ نییە. جێگاى داخە کە دەسەڵاتدارانى کوردستان بە زوویى نەکەوتنە چارەسەرکردنى هەموو یان بەشێک لەو کێشانەى بوونەتە هۆى بەشدارى نەکردنى خەڵکەکە. ئێستاش بڕیارە لە 15 کانوونى یەکەمى ( دیسەمبەر ) ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم ، هەڵبژاردنێکى تر ڕێکبخرێت ، بۆ ئەنجومەنێکى تر بۆ ماوەى 4 ساڵ کە دەسەڵاتدارتر دەبێ لە کۆمەڵەى نیشتمانى عێراق کە ئەرکى سەرەکى ئامادکردنى رەشنووسى دەستوورى هەمیشەیى عێراق بوو. بە پێى دەستوورى تازەى عێراق ، ئەرکە سەرەکیەکانى ئەم ئەنجومەنە دەکرێت لەم چەند خاڵەى خوارەوە کۆ بکرێنەوە :
یەکەم پێداچوونەوە بە دەستوورى هەمیشەیى عێراق بە پێى ئەو مادە نوێیەى لەدوا کۆبوونەوەى لیژنەى ئامادەکردنى رەشنووسەکەدا خراوەتە سەر ئەو دەستوورە ، بە دامەزراندنى لیژنەێکى پەرلەمانى کە نوێنەرانى هەموو پێکهاتەکانى کۆمەڵگاى عێراقى تێدا بەشداربێ ئەرکى ئەم لیژنەیە بریتى دەبێ لە ئامادەکردنى راپۆرتێک بۆ ئەنجومەنى نوێنەران لە ماوەى چوار مانگدا، تێیدا پێشنیازى ئەو دەستکاریانە دەکرێت کە پێویستە لەو دەستوورەدا بکرێن. پاش بریاردان لەسەر ئەو پێشنیازانە ، کارى لیژنەکە کۆتایى پێ دێت و هەڵدەوەشێتەوە. بە پێى بڕگەى دووەمى ئەم مادە نوێیە ، پێشنیازەکانى لیژنەکە دەبێ پێکەوە بخرێنە بەردەم ئەنجومەنى نوێنەران و بە دەنگى دوو لەسەر سێى ئەندامانى پەسەند بکرێن. بەڵام بڕگەى سێیەمى هەمان مادە دەڵێت پێشنیهادە پەسەندکراوەکانى ئەنجومەنى نوێنەران دەبێ لەماوەى دوو مانگدا ، لە رۆژى پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجومەنەوە ، لە رێفەراندۆمێکدا کە هەموو گەلى عێراق بەشدارى تێدا بکات ، دەنگی لەسەر بدرێت. دوا بڕگەى هەمان مادە کە بڕگەى چوارەمە دەڵێ ئەو رێفەراندۆمەى لەسەر ئەو دەستکاریانەى لەسەر دەستوورەکە دەکرێت کاتێ بە سەرکەوتوو دەزانرێت ئەگەر دەنگدەران بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى دەنگەکانى سێ ئوستان (پارێزگا) رەتی نەکەنەوە. کەواتە ئەنجومەنى داهاتووى عێراق دەتوانێ دەستکارى هەموو یان بەشێک لە بەندەکانى ئەو دەستوورە بکات کە لە 15 مانگى تشرینى یەکەم پەسەندکراوە. ئەم بەندە لەسەر داواى گرووپەکانى سوونەى عەرەبى خراوەتە سەر ئەو دەستوورە ، چونکە نارازین لە ناوەرۆکى و بەنیازن هەوڵى دەستکارىکردنى بدەن بەو شێوەیەى ئەوان دەیانەوێ . هەمو ئاگادارى هەڵوێستى بەشى زۆرى لایەنەکانى سونەى عەرەبین سەبارەت بە داواکاریەکانى گەلى کوردستان وهەوڵدانیان بۆ گێڕانەوەى بارى عێراق بۆ بارى پێش روخانى رژێم کە حوکمڕانىکردنى عێراق بە پێى سیستەمى سەنترالیزم بە ڕێوە دەچوو و کارەکان هەموویان بە دەست حکومەتى ناوەندیەوە بوون.
ئەرکێکى ترى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى کە لە 15 دیسەمبەرى داهاتوو هەڵدەبژێردرێت ، متمانە دانە بە حکومەتى ئایندەى عێراق کە چەندەها کیشَشەى گەورەى لەبەردەمدایەو چاوەڕێى چارەسەرکردنیان دەکرێت. گەورەترین کێشەى عێراق ، بەتایبەتى بەنیسبەت ئێمەى کوردەوە جێبەجێکردنى مادەى 58 ى قانوونى بەرێوەبردنە کە ئێستا بووە بە مادەى 136 دەستوورى نوێ بە هەردوو بڕگەکەیەوە. هەردوو حکومەتى عەلاوىو جەعفەرى هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە ، گەرحکومەتى ئایندەى عێراقیش چارەسەرى ئەم کێشەیە نەکات و ئەنجومەنى نوێنەران بە جیدییەتەوە چاودێرى کارەکانى نەکات ، عێراق بەرەو بارێکى ناهەموار دەچێت. حکومەتى ئایندە دەبێ چاودێرى هەموو کارەکانى حکومەتى تازەى عێراق بکات کە کۆمەڵێک کیشەى گەورە چاوەرێى چارەسەرکردن دەکەن، بە تایبەتى یەکلایکردنەوەى ئەو تۆمەتانەى ئاراستەى بەشێک لە وەزیرو کاربەدەستە گەورەکانى هەردوو حکومەتى عەلاوىو جەعفەرى کراون ، جگە لەو تۆمەتانەى خراونەتە پاڵ بەرپرسە ئەمریکىو بیانیەکانى تر کە یەکێکیان خودى پۆڵ برێمەرە.
ئەم ئەنجومەنە هەروا دەبێ خەریکى ئامادەکردن و پەسەندکردنى نزیکەى 50 قانوونى تازە بێ کە لە دەستوورى تازەدا ئاماژەیان بۆ کراوەو پێویستە بە قانوونى تایبەت ئەو مادە قانوونیانە شى بکرێنەوەو بخرێنە چوارچێوەى پراکتیزەکردن تاکو کاریان پێ بکرێت. ئەم قانوونانە دەشێ بە شێوەیەک ئامادەبکرێن کە دەستوورەکە دەوڵەمەندتر بکەن ، بەڵام دەشێ بە پێچەوانەوە دانانى ئەو قانوونانە ببێتە هۆى کەمکردنەوەى مافەکانى گەلى کوردستان بە تایبەتى و گەلى عێراق بە گشتى و دەستوورەکە لە کونجێکى تەسکدا حەشاربدرێت. لێرەدا هەر بۆ نمونە ئاماژە بۆ بڕگەى دووەمى مادەى 4ى دەستوور دەکەین کە تایبەتە بە چۆنیەتى پیادەکردنى حوکمەکانى ئەو مادەیە سەبارەت بە بەکارهێنانى زمانى کوردى ، هەروا بڕگەکانى مادەى 12 سەبارەت بە ڕێکخستنى ئاڵاى تازەى عێراق و دروشم و سروودى نیشتمانى کە پێویستە بە قانوونى تایبەت دابرێژرێن تاکو بگونجێن لەگەڵ پێکهاتەکانى گەلى عێراقدا. هەروا پێویستە بە پێى قانوون ئەو کارانەى پەیوەندیان بە دەوڵەتنامە(رەگەزنامە)ەوە هەیە دیارى بکرێن و ڕێکبخرێن. مادەکانى 22 و 23 و 24 و 26 و 27 و 28 و 30 و 31 و 32 و 33 و 34 و 35 و 36 و 37 و 43 و 47 چەند نموونەێکى ترن کە پێویستیان بە قانوونى تایبەت هەیە هەروەها مادەى ( 58 )ى قانونى کاتى بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراق (TAL) کە ئێستا بووە بە مادەى (136)ى دەستوورى تازە ، پێویستە بە قانوونێکى تایبەت ناوەڕۆک و میکانزمى جێبەجێ کردنى شى بکرێتەوە . ئەو بڕیارەى کە حکومەتى عەلاوى لە مانگى کانوونى یەکەمى 2004 کە تایبەتە بە دانانى دەستەێکى باڵا بۆ ئاسایى کردنەوەى بارى کەرکوک بە سەرۆکایەتى کاک حەمید مەجید موسى کافى نییە . ئەو پڕۆژە قانوونیەى کە لە 8ى شوباتى 2005 ئامادەم کردووە سەبارەت بە پێکهاتەو شێوەى کارکردنى ئەو دەستەیەو سنوورى دەسەڵاتەکانى دەکرێت لەم بارەوە سوودى لێ وەربگیرێ ( دەقى ئەم پڕۆژەیە هەفتەنامەى هاوڵاتى بە کوردى بڵاوى کردووەتەوە ) . بە بۆچوونى من پێویستە ئەو دەستەیە پێک بێت لە 3 تا 5 ئەندام کە یەکێکیان نوێنەرى حکومەتى ناوەندى بێ و ئەوى تریان نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سێهەمیان نوێنەرى ئەنجومەنى ئوستانى کەرکوک ، لەگەڵ دوو پسپۆڕ و شارەزا کە چاکترە یەکێکیان تورکمان بێ . هەموو دەسەڵاتەکان بە دەست ئەم دەستەیە بێ کە تواناى دروست کردنى لیژنەى تایبەتى هەبێ لە کەسانى شارەزا لە بوارى قانوون و پلاندانان و ئابوورى و پەروەردە و زانکۆ و هەموو بوارەکانى تر . ئەو لیژنانەى لە پەرلەمانى کوردستان و لە ئەندامانى سەرکردایەتى پارتى و یەکیەتى پێکدێن دەبێ هاوکارى ئەو دەستەیە بکەن و بەڵام دەست نەخەنە ناو کارەکانیەوە . لە هەمووى گرنگتر پێویستە وەزارەتەکانى عێراقى و کوردستانى بە هەموو شێوەیەک هاوکارى لەگەڵ ئەم دەستەیەدا بکەن و بڕیارەکانى جێبەجێ بکەن ، جگە لە پشتگیرى و هاوکارى مادى و مەعنەوى . مادەى 62 کە زۆر بە نارێکىو شپرزەیىو لێڵىو نەزانینەوە دارێژراوە ، پێویستى بە قانوونێکى تایبەت هەیە کە مادەکانى بە ڕوونى باس لە ئەرکەکانى ئەنجومەنى یەکگرتوو بکەن. کەواتە رۆڵى ئەم ئەنجومەنە لە رۆڵى کۆمەڵەى نیشتمانى عێراقى گەلێک فراوانتر دەبێ ، بۆیە گەر خەڵکى کوردستان تیمێکى بەسەنگ و قورس نەنێرێتە ناو ئەو ئەنجومەنە بۆ بەشدارىکردنیان بە شێوەێکى چالاکانە لە داڕشتنى ئەو قانوونانەدا ، جارێکى تر گەلەکەمان تووشى نەهامەتى دەبێتەوە. مەترسی لەوەدایە ئەمجارە گەلى کوردستان لە ڕێگاى پرۆسەیەکى شەرعیەوە بەشداری لە پرۆسەی دامەزراندنەوەى دەوڵەتى عێراقیان کردووە. پێشتر بە بەردەوامى دەمانگوت ئەم بەشەى کوردستان بە بێ رەزامەندبوونى خەڵکەکەى لکێندراوە بە دەوڵەتى عێراقەوە، بەڵام ئێستا هەر سەرپێچییەک لە بەندەکانى ئەو دەستوورە بکرێت بەرپرس دەبین ، چونکە زۆرینەى خەڵکى کوردستان دەنگیان بۆ داوە. لەمەودوا هەر حکومەتێک لە بەغدا حوکمڕانى بکات بە پێى ئەو دەستوورە ، بە حکومەتی شەرعى دەدرێتە قەڵەم لەلایەن دەوڵەتانى دونیا و کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتیەوە.
سەنگى فراکسیۆنى کوردستانى لەناو کۆمەڵەى نیشتمانى عێراقى کە فراکسیۆنى دووەم بوو ، تا رادەێک قورس و سەنگین بوو ، بەڵام بارى تازەى سیاسى عێراق بە هۆى بەشدارى کردنى بەشێکى زۆر لە لایەنە سیاسیەکانى عەرەبى سوننە لە هەڵبژاردنى داهاتودا کە هەڵوێستیان دیارە بەرامبەر داخوازیەکانى گەلى کوردستان ، گۆڕاوە . ئەگەر فراکسیۆنى کوردستانى سەنگى جارانى لەناو ئەم ئەنجومەنەدا نەبێ ، ئەو دەستکەوتانەى لە دەستوورى عێراقیدا بە دەستمان هێناوەو پێى ڕازى نەبووین ، ئەگەرى کەمکردنەوەیان لە ئارادایە ، چ بەهۆى ئەو قانوونانەى بەندەکانى دەستوور رێک دەخەن و شیان دەکەنەوە ، چ بە هۆى دەستکارىکردنى راستەوخۆى دەستوورەکەوە . ئەم هەموو هۆیانە وامان لێ دەکات بڵێین بەشداریکردنمان لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى تازەى عێراق ئەرکێکى نیشتمانیەو دەبێ بیر لە "سزادانى" حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان نەکەینەوە ، چونکە هەموو گەلى کوردستان لە بەشدارى نەکردنماندا زەرەرمەند دەبێ.
لێرەدا پێم باشە مادەى 62 دەستوورى عێراقى شى بکەمەوە تاکو بزانین ئەگەر بەشێوەێکى نارێک و مەترسیدار قانوونێکى بۆ دابرێژێرێ ، کورد چەند زەرەرمەند دەبێت. چەند جارێک بە نووسین و لە کۆبوونەوەکانى ناو پەرلەمان و دەرەوەى پەرلەمانیش ، پێش پەسەندکردنى رەشنووسى دەستوورەکە ، سەرنجى هەمولایەکم راکێشاوە بۆ بنەماکانى سیستەمى فیدرالىو وتوومە دەوڵەتێک ناوى فیدرالیەتى لێ نانرێت گەر پەرلەمانەکەى پێک نەهاتبێ لە دوو ئەنجومەنى هاو سەنگ ، یەکێکیان لەلایەن تێکراى خەڵکى ئەو وڵاتەوە هەڵدەبژێردرێ ، ئەوى تریان لەلایەن هەرێمەکانەوە. ئەو کەسانەى بەشداریان لە ئامادەکردنى رەشنووسى دەستوورى عێراقیدا کردووە دەبوو ئەم راستیە لەبەرچاوبگرن. گەر بێتو بۆ مادەی 62 قانوونێکى پتەو دانەرێژرێت کە تێیدا چارەسەرى کەموکورتیەکانى ئەو مادەیە نەکرێت ، دەکەوینە بەر رەحمەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیەوە کە ئەندامەکانى لەلایەن هەموو گەلى عێراقەوە هەڵدەبژێردرێن. لە راستیدا پەرلەمانى ئێستاى عێراق بە پێى مادەى 47ى دەستوور پێکهاتووە لە یەک ئەنجومەن و هەموو دەسەڵاتەکانیش بەو ئەنجومەنە دراون. ئەنجومەنى دووەم کە (ئەنجومەنى یەکگرتوو)ە تا ئێستا هەر بۆ "وەزنى شیعر" ناو لێنراوە. ئەم ئەنجومەنە وەک لە مادەى 62دا هاتووە، پاشان دادەمەزرێت ، کە نوێنەرایەتى هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانە دەکات کە لە نێو هەرێمێکدا نین ، بەڵام " پێکهاتەکەىو مەرجەکانى ئەندامیەتى تێیداو دەسەڵاتەکانى و هەرچى پەیوەندى پێیەوە هەیە بە قانوون دادەنرێت ، بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران". ئەم ئەنجومەنە دەبوو لە ئەنجومەنى نوێنەران باڵادەستتر بێ ، وەک ئەوەى لە دەستوورى بەشى هەرە زۆرى دەوڵەتە فیدرالیەکانى جیهاندا هاتووە ، بەڵام لە دەستوورى عێراقدا جارێ هەر بەناو دامەزراوەو لە داهاتووشدا بە پێى قانوونێک دەسەڵاتەکانى دیارى دەکرێن کە ئەنجومەنى نوێنەران پەسەندى دەکات! هەڵەێکى تر کە هەڵەى خۆمانە ، دواخستنى ئامادەکردنى دەستوورى هەرێمى کوردستان بوو بۆ پاش پەسەندکردنى دەستوورى عێراقى. لە وەتەى سیستەمى فیدرالی لە مانگى تشرینى یەکەمى 1992 پەسەندکراوە ، بە بەردەوامى داوامانکردووە و هەوڵمان داوە دەستوورێک بۆ هەرێمى کوردستان پەسەندبکرێت. پەسەندکردنى سیستەمى فیدرالى بۆ عێراق بەلاى منەوە لە ئامادەکردنى دەستوورێکى تایبەت بۆ هەرێمى کوردستان گەورەترە ، چونکە پەسەندکردنى سیستەمى فیدرالى بووە هۆى هەڵتەکاندنى سیستەمى حوکمڕانىکردن لە عێراقدا کە لە سەرەتاى دامەزراندنى ئەو دەوڵەتەوە لەسەر بنەماى سەنترالیزم دارێژراوەو کارى پێکراوە. پەرلەمانى کوردستان کە سیستەمى فیدرالى پەسەندکرد بۆ پاشە رۆژى عێراق پرسى بە حکومەتى بەغدا نەکرد ، کەواتە بۆ دەبێ ئەو هەموو ساڵانە چاوەرێى دەستوورى عێراقى بکەین تاکو دەستوورەکەمان گونجاو بێ لەگەڵ دەستوورى ناوەندیدا؟
لە کۆنفرانسێکى قانوونى کە لە ئەیلولى 1994 لە زانکۆى پرنستنى ئەمریکى بەسترا ، کۆمەلێک شارەزاو پسپۆرانى بیانىو عێراقىو کورد بەشداریمان تێدا کرد ، ئەم مەسەلەم خستە بەرچاویان. بەشى هەرە زۆرى پسپۆرە ئەمریکى و بیانیەکان پشتگیریان لە بۆچوونى ئێمەدەکرد ، بەڵام عراقیەکان بە عەرەب و تورکمانەوە رەخنەیان لێ گرتین. لەو باوەڕەدام ئێستاش پێیان بکرێت هەوڵدەدەن دەستوورێک بۆ هەرێمى کوردستان پەسەند نەکرێت ، بەڵام دەستوورى تازەى عێراق ڕێگاى بە دانانى دەستوورى تایبەت بە هەرێمەکان داوە.
ئەگەر لە کاتى خۆیدا دەستوورێک بۆ هەرێمى کوردستان پەسەندبکرابا ، ئەو دەستوورە ئێستا وەک سیستەمى فیدرالى دەبووە بەشێک لەو سیستەمە قانوونیەى کە مادەى 137 ى دەستوورى تازەى عێراق دانى پێداناوە. بەداخەوە ئەو قانوونناسە کوردانەى کە دەیانگوت پێویستە دەستوورەکەمان پاش بخەین تا دەستوورى عێراقى پەسەند دەکرێت ، لەبەر هەر هۆیەک بێ ، دووربوون لەم واقیعە. لە سیمینارێکدا کە پسپۆرێکى فەرەنسى خەڵکى ویلایەتى (کێبەکى) کەنەدیە لە رۆژى 28 ى نۆڤەمبەرى 2005 پێشکەشى ئەندامانى لیژنەى ئامادەکردنى دەستوورى هەمیشەیى کوردستانى کرد لە پەرلەمانى کوردستاندا ، داواى پەلەکردنى لێ کردین لە دانانى هەموو قانوونەکانى کوردستان ، بە دەستوورەوە ، و خوازیاربوو ئەو دەستوورە پێش دەستوورى عێراق ئامادە بکرابا! وادیارە نەخۆشى خۆ بەکەم زانین لەناو رووناکبیرانیشدا هەر باوە. پەسەندکردنى دەستوورى هەرێم پێش دەستوورى عێراقى دەبووە هۆى ئەوە کە داواکاریەکانى گەلەکەمان لە دەستوورى خۆمان بچەسپێنین کە ئێستا دەبوونە بەشێک لەو سیستەمە قانوونییەى کە دەستوورى عێراقى قبووڵىکردووە. ئەندامانى لیژنەى ئامادەکردنى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان ئێستا زوو زوو تەماشاى بەندەکانى دەستوورى هەمیشەیى عێراق دەکەن تاکو دڵنیابن لەوەى ئەو بەندانەى پێشنیاز دەکرێن گونجاو بن لەگەڵ ئەو دەستوورەدا ، چونکە بڕگەى یەکەمى بەندى 13 دەستوورى عێراقى دەڵێ" ئەم دەستوورە بە پایەدارترین و باڵاترین قانوون دەژمێردرێت لەسەرتاسەرى عێراقدا ، هەمووان پێى پابەندن بە بێ بەدەربوونى کەسێک". بڕگەى دووەمى هەمان بەند جاریکى تر باڵادەستى ئەو دەستورە دووپات دەکاتەوەو دەڵێ " نابێت قانوونێک دابنرێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا ناکۆک بێت ، هەر دەقێکیش لە دەستوورى هەرێمەکاندا یان هەر دەقێکى دیکەى قانوونى لەگەلیدا ناکۆک بێت ، بە پووچەڵ دەژمێردرێت".
دەزگاکانى هەرێمیش، پاش جێبەجێکردنى دەستوورى هەمیشەیى عێراق ، دەبێ پابەند بن بەو دەستوورەوە . بۆ نموونە ، پەیوەندىکردنیان بە دەزگا دەوڵەتى و نێو دەوڵەتیەکانەوە لە پاش دامەزراندنى حکومەتى تازەى عێراق ، چونکە دەبێ لە چوارچێوەى بەندەکانى دەستوور ئەو پەیوەندیانە ئەنجام بدەن َ. سیستەمى فەرمانرەوایى لە عێراقدا و پەیوەندى هەرێمى کوردستان بە حکومەتى ناوەندیەوە لەدەستوورى هەمیشەیى عێراقدا دیارى کراوە ، ئەو پەیوەندیەى کە زیاتر لە 14 ساڵ پچڕابوو ، ئێستا بە پێى ئەو دەستوورە ڕێک خراوەتەوە . بەڵام پێش بەسەندکردنى دەستوورى هەمیشەیى عێراق دەمانتوانى دەستوورێکى تایبەت بە هەرێم ئامادەبکەین ، وەک چۆن لە ساڵى 1992دا سیستەمى فیدرالیمان پەسندکرد ، بەو شێوەیە دەستوورەکەشمان دەبوو بە بەشێک لەو سیستەمە قانوونییەى کە بەندى 137 دەستوورى عێراقى دانى پێداناوە. بە پێى ئەو بەندە " ئەو قانوونانەى لە ساڵى 1992 بەولاوە لە هەرێمى کوردستان دانراون کاریان پێ دەکرێت و هەموو بریارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان _ بە بریارەکانى داداگاو رێککەوتنامەکانیشەوە – کاریان پێ دەکرێت ، مەگەر هەموار بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە بە پێى قانوونەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن لایەنى دەسەڵاتدارەوە ، بە مەرجێک ناکۆک نەبن لەگەڵ دەستووردا".
لە نووسینێکدا لە 9 ى ئادارى 2005 لە هەفتەنامەى (هاوڵاتى) بڵاومکردووەتەوە لە ژێر دێرى "کاتى پەسەندکردنى دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان هاتووە" نووسیبوم "پەرلەمانى کوردستان لە مانگى تشرینى یەکەمى 1992 سیستەمى فیدرالى بۆ پاشەرۆژى عێراقى پەسەندکردووە، بەم چەشنە لە بەشێکى رزگارکراوى کوردستاندا قەوارەیەکى سیاسى (دێ فاکتۆ) دامەزراوە کە دەزگاکانى دەسەڵاتەکانى دەوڵەتیی پراکتیزە دەکەن: دەسەڵاتى ناوخۆیىو پەیدوەندىکردن بە دەرەوە لەگەڵ داکۆکىکردن لە سنوورى ئەو بەشە رزگارکراوەى کوردستان. ئەم هەنگاوە دەبوو هەنگاوێکى دیکەى بەدوادا بوایا کە بریتی بوو لە دانانى دەستوورێک بۆ ئەو هەرێمە بۆ رێکخستنى پەیوەندى نێوان دەسەڵات و دەزگاکانى هەرێم تاکو هەریەکەیان ئەرک و دەسەڵاتەکانى خۆى بزانێ وهاوڵاتیانیش ئاگادارى ماف و ئەرکەکانیان بن". بەشێک لە قانوونناسانى کوردستان رەخنەیان دەگرد و دەیانگوت چۆن دەبێ دەستوورى هەرێمى کوردستان پێش دەستووری عێراقى پەسەندبکرێ؟ دەمانپرسى بۆ دەکرێ سیستەمى فیدرالى پەسەندبکرێت بۆ پاشە رۆژى عێراق ، بێ ئەوەى پرس بە حکومەتى بەغدا بکرێت ، بەڵام نابێ دەستوورێکى تایبەت بۆ هەرێمى کوردستان دابنێین کە حوکمەکانى تایبەتن بە هەرێمى کوردستانەوە؟ دواخستنى دانانى دەستوورى هەرێمى کوردستان پاش پەسەندکردنى دەستوورى عێراق زەرەرێکى گەورەى لە گەلەکەماندا.
لە 15 دیسەمبەرى 2005 جارێکى تر هەموو خەڵکى عێراق دەنگدەدەن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنێکى تر کە هەموو دەسەڵاتەکان لە عێراقدا بەو تاقە ئەنجومەنە دراون. بەرژەوەندى پاشەرۆژى گەلەکەمان دەبێ بخەینە پێش رەخنەو گلەیەکانمان لە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارو نەخرێنە خانەى"تۆڵە سەندنەوە" لەو دوو حیزبە. هەموو کەسێک دەبێ دەنگ بدات ، چونکە بۆ پاشەرۆژى کوردستان دەنگ دەدات ، نەک بۆ ئەو دوو حیزبە کە دەبێ جارێکى تر بچنەوە بە سیاسەت و رەفتارى سیاسیانەى خۆیاندا .
روونەکردنە سەندووقەکانى دەنگدان ناحەزانى گەلەکەمان شاد دەکات و ئەو دەستکەوتانەى تا ئێستا بە دەستمان هێناوە لەدەستیان دەدەین. با هەوڵ بدەین ئەو دەستکەوتانە بچەسپێنین و پەرەیان پێ بدەین و بەهێزتریان بکەین ،بەڵام بەشدارى نەکردنمان دەبێتە هۆى لە دەستدانیان لەسەر ئاستى نێوخۆیىو نێو دەوڵەتیش.
بارى ئێستاى کوردستان وەکو ئەو دەمە نییە کە دەنگ بۆ رەشنووسى دەستوورى عێراقى دەدرا. ئەو رەشنووسە کە خەڵکانێک دەنگیان بۆ نەدا بە مەبەستێکى تایبەتى بوو، وایان دەزانى بە دەنگ نەدان بەو رەشنووسە ئاگادارى راى گشتى عێراقىو جیهانى دەکەنەوە کە ئەو رەشنووسە بەشى زۆرى داواکارىو ئاواتەکانى گەلى کوردستانى تێدا نییە. بەڵام ئەو رەشنووسە ئەمرۆکە بووە بە دەستوورو کارى پێ دەکرێت پاش دامەزراندنى حکومەتى ئایندەى عێراق لە پاش هەڵبژاردنى رۆژى 15 دیسەمبەر.
هەولێر 28 ى تشرینى دووەمى 2005

No comments: