Friday 12 October 2007

هەڕەشەى ئیجرا ئات وەرگرتن بەرامبەر هەڵوێستى پەرلەمانتار ناقانوونییە

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دکتۆر نورى تاڵەبانى:
هەڕەشەى ئیجرا ئات وەرگرتن بەرامبەر هەڵوێستى پەرلەمانتار ناقانوونییە

سەبارەت بە چێهێشتنی پەرلەمان لە لایەن فراکسیۆنی سەوزەوە و جێبەجێ کردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز و گرنگی لە ئێستادا، لەگەڵ پشوی پەرلەمان و هاتنە پێشەوەی چەند پرۆژە یاسایەک و تەداخولی حزبی و هەلوێستی پەرلەمانتاران، چەند پرسیارێک بوون پەیامنێرى (رۆژنامە) لە هەولێر لە 30 تەمووزى 2007 ئاراستەى قانوونناس دکتۆر نورى تاڵەبانى کردووە.
پرسیارەکان:
1- بەرای بەرێزتان وەک کەسێکی یاسایی و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ چێهێشتنی پەرلەمان تا چەند لە چێگەی خۆیەوە بوو لە لایەن فراکسیۆنی سەوزەوە؟
وەڵام: پەرلەماناتار مافى خۆیەتى هەڵوێست وەرگرێ، هەتا ئەگەر بە پێچەوانەى ڕاوبوبۆچوونى رەسمى حیزبەکەی بێ، چونکە نوێنەرى هەموو گەڵە نەک تەنیا حیزبەکەى خۆى. چوونە دەرەوە لە هۆڵى پەرلەمان هەڵوێست وەرگرتنە، ئەگەر پەرلەمانتار ڕِێگایەکى دیکەى لەبەردەم نەما بۆ تەعبیر لە بۆچوونەکانى. بەڵام کوردستان ئەمڕۆکە بە بارودۆخێکى نائاساییدا تێدەپەڕێ، لەلاێکەوە لیژنەی پێداچوونەوەی دەستوورى عێراق خەریکى دەستکاریکردنى بەشی زۆرى ئەو ماددانەیە کە پەیوەندیان بە مافەکانى گەلى کوردستانەوە هەیە، لەلاێکى دیکەوە نەیارانى کورد خەریکى پیلانگێڕانن و هەڕەشە لە بارى ئەمنى کوردستان دەکەن، بۆیە هاوکارى نێوان هەموو لایەن و گرووپ وتاکە کەسی ناو پەرلەمان و دەرەوەى ئەو دامەزراوە کوردستانیە، زۆر پێویستە و دەبێ بەرژەوەندى حیزبێ لە پێناو بەرزڕاگرتنى بەرژەوەندیەکانى گەلەکەمان بەلاوە بنرێ.
پێش دەستپێکردن بە تاوتوێکردنى پرۆژەى قانوونى نەوت وگاز لە هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى نائاسایى پەرلەمان لە 23ى تەمووزى 2007، سەرۆکى فراکسیۆنى سەوز پێشنیازی دواخستنى تاوتوێکردنى ئەو پرۆژەى کرد بۆ چەند رۆژێک، لەبەرامبەریشدا سەرۆکى فراکسیۆنى زەرد داواى بەردەوامبوونى پەرلەمانى کرد لە تەماشاکردنى ئەو پرۆژەیە. سەرۆکى پەرلەمان پێشنیازى دواخستنى کۆبوونەوەکەى کرد بۆ ماوەێکى کەم بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، بە ئامادبوونى سەرۆکى هەردوو فراکسیۆن و نوێنەرى گرووپ و چەند کەسێکى دیکە لە ژوورەکەى خۆى. لەو کۆبوونەوەدا کە منیش ئامادەى بوم، سەرۆکى فراکسیۆنى سەوز داواى دواخستنى پرۆژەى قانوونى نەوت و گازى کوردستانى کردەوە، بە مەبەستى زیاتر دیراسەکردنى. هەر لەو کۆبوونەوەدا چەند پێشنیازێک خرانە بەرچاو، بە مەبەستى چارەسەرکردنى ئەو ناکۆکیە. کورد وتەنى، هەویرەکە ئەوەندە ئاوەى نەدەویست، دەکرا لەو دانیشتنەدا کێشەکە چارەسەربکرێ، بەڵام سەرۆکایەتى پەرلەمان سوور بوو لەسەر تەماشاکردنى پرۆژەکە لەو رۆژەدا. لەوە دەچێ پاش ئەو بڕیارە فراکسیۆنى سەوز لە هۆڵى تایبەت بە خۆیان کۆبوونەوەیان ئەنجامدابێ و بڕیارى نەگەڕِانەوەیان بۆ ناو هۆڵى پەرلەمانان دابێ. زۆر لە ئەندامانى پەرلەمان ئاگادارى ئەو کەین وبەینە نەبوون، بەڵام لەبەر ئەوەى ژمارەى ئامادەبووان لە هۆڵى پەرلەمان نیسابى قانوونى تەواونەدەکرد، چەند جارێکیش ژمارەى ئامادەبووان ژمێردران، بەڵام کەس بە دڵنیاییەوە نەیدەزانێ ئەندامانى فراکسۆنى سەوز ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵى پەرلەمان، بۆیە داوا لە کاک خورشید شێرە کرا سەردانى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى سەوز بکات تا ئاگادارى هەڵوێستیان بین. پاش گەڕانەوەى دەرکەوت نیازى گەڕانەوەیان نییە، ئەمە بوو بە کورتى ڕووداوى ئەو رۆژە. ئەوەى پاشتر بڵاوکرایەوە گوایا ئەندامانى فراکسیۆنى سەوز هۆڵى پەرلەمانیان بەجێهێشتووە، بەو جۆرە نییە، چونکە جیاوازى لەنێو بەجێهێشتنى هۆڵى پەرلەمان هەیە، لەگەڵ نەگەڕانەوەیان پاش ئەو کۆبوونەوە کە لە ژوورى سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامدرا. ئەوان راستەوخۆ لە هۆڵى پەرلەمان نەچووبوونە دەرەوە، بەڵکو پاش پشووێکى کەم بۆ مەبەستى ئەنجامدانى کۆبوونەوە و پاش بڕیاردانى سەرۆکایەتى پەرلەمان بە تەماشاکردنى پرۆژەکە، ئەوجا بڕیارى نەگەڕِانەوەیان دابوو. لەو کۆبوونەوە کە لە ژوورى سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامدرا، چەند پێشنیازێک خرانە بەرچاو، یەکێکیان دواخستنى کۆبوونەوەکە بوو بۆ چەند رۆژێک، ئەوى دیکەیان کە پێشنیازى من بوو، کۆبوونەوەکە بەردەوام بێ، بەڵام سەرەتا تەماشاى پرۆژەى قانوونێکى دیکە بکات کە لەسەر ئەجیندەى کۆبوونەوەى ئەو رۆژەدا هەبوو، پاشتر تەماشاى پرۆژەى قانوونى نەوت وگاز بکرێت، بەڵام سەرۆکى پەرلەمان هەردوو پێشنیازەکەى رەدکردەوە، هۆى رەدکردنەوەى پێشنیازى دووەم ئەوەبوو وەزیرى پەیوەندیدار بانگ نەکراوە بۆ کۆبوونەوەى ئەو رۆژە!.
2- ئایا نەدەکرا ئەو گلەییانەی فراکسیۆنی سەوز هەیانبوو، بێن لە هۆلی کۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆی لە بارەیەوە بکەن، ئەگەر شتێک بە دلیان نەبوو دەنگی لەسەر نەدەن؟ یاخود جێهێشتنەکە دەستێکی لەپشتەوە بوو؟
وەڵام: مەسەلەکە دەکرا لەسەرەتاوە بە ئاسانى چارەسەربکرێت. فراکسیۆنى سەوز دەیگوت بە باشى دیراسەى پرۆژەکەیان نەکردووە، بۆ ئەوەى ناکۆکیەکە تەشەنە نەکات، لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمان و پاشتر لەناو هۆڵى پەرلەمانیش، پێشنیازمکرد سەرەتا دەست بە تاوتوێکردنى پرۆژەێکى دیکە بکرێت، کە لەسەر ئەجیندەى کۆبوونەوەى ئەو رۆژە هەبوو، یەکێکیان پرۆژەى قانوونى دەسەڵاتى دادوەرى بوو، ئەوى دیکەیان پرۆژەى قانوونى دەزگاى پاراستن. پەرلەمانتارێکى سەر بە لیستى زەرد، نازناز محەمەدى مەلا قادر هەمان ئەو پێشنیازەى خستە بەرچاو، بەڵام رەدکرایەوە لەبەر هەمان هۆى سەرەوە. لە دواییدا کۆبوونەوەکە دواخرا، ئەوەش بووە هۆى تەشەنوج لە نێو فراکسیۆنى سەوز و زەرد، هەریەکەیان بەجیا کۆبوونەوەیان لەگەڵ میدیاکاندا ئەنجامدا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانیش، پاش کۆتایى هێنان بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە دواناخرێت، ئێوارەى ئەو رۆژە پەرلەمان کۆدەبێتەوە!
3- جێ بەجێ کردنی ئەو پرۆژە یاسایە لە ئێستادا چەند پێویستە، هەندێک لە پەرلەمانتاران پێیان وایە باشترە پەلەی لێ نەکرێ و هاوکات دەلێن فشاری حکومەت هەبووە لە پەلەکردن لە جێ بەجێ کردنی پرۆژەکە، ئایا ئەوە چەند یاساییە حکومەت تەداخولی پەرلەمان بکات؟
وەڵام: پێشەکى دەبێ بڵێم لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بوم پرۆژەى قانوونى نەوت وگازى هەرێمى کوردستان دوانەخرێت، ئەو بۆچوونەشم پێش کۆبوونەوەى رۆژى 23ى تەمووز، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێرى رۆژنامەى(کوردستانى نوێ)ى ژمارەى رۆژى 23ى تەمووز بەڵاوکراوەتەوە. لەو کۆبوونەوەى لە ژوورى سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامدرا، ئەو بۆچوونەم دووبارەکردەوە، وتیشم ئومێدەوارم ئەو هەڵەى بووە هۆى دواخستنى پەسەندکردنى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان بۆ پاش پەسەندکردنى دەستوورى عێراق، دووبارە نەبێتەوە. بۆیە چاکترە ئەو پرۆژەیە تەماشابکرێت و هەموو کەس ولایەنێک دەتوانێ ڕاوبۆچوونى خۆى دەربڕێ بە مەبەستى دەوڵەمەندکردنى. بەم جۆرە ئەو قانوونە دەبێتە بنەما بۆ داواکاریەکانى خەڵکى کوردستان، پێش پەسەندکردنى پرۆژەى قانوونى نەوت وگازى عێراقى. بە پێچەوانەوە، ئەگەر پرۆژەکە دوابخرێت تا پرۆژەى قانوونى عێراقى پەسەنددەکرێت، قانوونەکەمان دەبێتە پاشکۆى قانوونى عێراقى، وەک چۆن دەستوورەکەمان بووەتە پاشکۆى دەستوورى عێراق.
4- لە کاتێکدا پەرلەمان پشوی رەسمی خۆی رادەگەیەنێ، لەگەل ئەوەشدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک دەکات، ئایا لە رووی یاساییەوە ئەوە دەکرێت بە پێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان؟ بە رای تۆ بۆچی پەرلەمان ئەو پرۆژانە دواناخات؟
وەڵام: بە بڕیارى پەرلەمان درێژە بە کۆبوونەوەکانى دراوە، چونکە پەرلەمان بە پێى پەیڕەوى ناوخۆ دەتوانێ پشووى دوابخات بە مەبەستى گوفتوگۆکردن لەسەر چەند پرۆژە قانوونێک کە بە گرنگى دەزانێ، بەڵام کۆبوونەوەکانى پەرلەمان لەم حاڵەتەدا نائاسایى دەبن. بەڵام هەر بە پێى پەیڕەوەى ناوخۆ، پەرلەمان ناتوانێ کۆتایى بە کۆبوونەوەکانى بێنێ تا پرۆژەى بودجەى هەرێم پەسەند دەکرێت، ئەم حاڵەتە وجوبى یە، واتە پەرلەمان لە کۆبوونەوەدا دەمێنێتەوە تا پرۆژەى بودجە پەسەند دەکرێت.
5- ئەوەی تێبینی دەکرێت لە هەلوێستی لیستی سەوز ترسێک هەبووە لە دەست بەسەرداگرتنی نەوتی کوردستان، وەک ئەوەی لە لێدوانەکانیش رایانگەیاندبوو، ئایا ئەو مەترسیانە چین بەرای ئێوە، ئاخود بلێین ئەوە تا چەند راستە کە ئەوان پێشبینی دەکەن؟
وەڵام: ترسەکە زیاتر لە پرۆژەى قانوونى نەوت وگازى عێراقیدایە، چونکە کەموکوڕى زۆرى تێدایە. بەڵام ئەگەر بە وردى لە ناوەرۆکى پرۆژەى قانوونى نەوت وگازى کوردستان بکۆڵینەوە، دەتوانین ئەو کەموکوڕیانەى هەن، چارەسەر بکرێن. دەبێ ئەوە لەبیر نەکرێت کە حکومەتى عێراق چەند جارێک گوفتوگۆى لەگەڵ حکومەتى هەرێمدا کردووە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتوون لەسەر بەشى زۆرى بەندەکانى پرۆژەى قانوونى نەوت و گازى عێراقى، بەڵام پاشان دەستکارى پرۆژەکە کراوەتەوە بە بیانووى بێ بنەما. سەبارەت بە پرۆژەى نەوت و گازى کوردستان، هەموو ئەندام پەرلەمانێک دەتوانێ ڕاشکاوانە ڕاو بۆچوونى خۆى دەڕبڕێ و پێشنیازى دەستکاری ماددەکانى بکات، بە مەبەستى دەوڵەمەندکردنی، بەڵام بەداخەوە پاش ئەو کێشەیە گوێمان لە هەندێ موزایەدە بوو، ئەوەش زیان بە پرۆژەکە دەگەێنێ و ناچێتە خانەى دەوڵەمەندکردنى.
6- پەرلەمانتاران بۆچی هەلوێست لە سەر یەکنەگرتنەوەی وەزارەتەکان یاخود دیاری نەکردنی بودجەی حزبەکان وەرناگرن، لە کاتێکدا خۆیان داوایان کربوو، کەچی بۆ پرۆژە یاسای نەوت کە تا رادەیەکی زۆر گونجاوترە هەلوێست وەردەگرن؟ پێت وانیە ئەوە دەستی حزبی لە پشتە؟ ئەگەر وایە مانای بریاربە دەست نەبوونی پەرلەمان ناگەیەنێ؟
وەڵام: لە پەرلەماندا قسە لەسەر پرۆژەى قانوونى بودجەى هەرێمى کوردستان کراوە، بەڵام ئاکامەکانی ئەو " ڕاسپاردانە" بوون کە وەک پاشکۆیەک بۆ قانوونى بودجەى ساڵى 2007 پەسەندکران. یەکێک لەو ڕاسپاردانە ئەوە بوو کە حکومەتى هەرێم دەبێ پرۆژەى بودجەى ساڵى 2008 پێش کۆتایى ساڵى 2007 ئامادەبکات. هەر لە کاتى تاوتوێکردنى پرۆژەى قانوونى بودجەى ئەمساڵ، داواى یەکگرتنەوەى وەزارەتەکان کراوە، لەگەڵ چەند داواکاریێکى دیکە وەک دیاریکردنى بودجەى حیزبەکان. دەبێ پەرلەمان داوابکات بودجەى ساڵى ئایندە لە کاتى خۆیدا پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت، هەروەها هەموو ئەو کەموکوڕیانەى لە قانوونى بودجەى ساڵى 2007 دا هەن، چارەسەربکرێن. پرۆژەى قانوونى نەوت و گاز تایبەتى خۆى هەیە، بۆیە پێویستە بە وردى تاوتوێى بەندەکانى بکرێت، بەڵام بە بۆچوونى من دوانەخرێت بۆ پاش پەسەندکردنى قانوونى نەوت و گازى عێراقى. خۆزگە ئەو کسانەى ئێستا داواى پەڵەکردن لە پەسەندکردنى پرۆژەى قانوونى نەوت و گازى کوردستان دەکەن، کاتى خۆى داواى پەلەکردنیان لە پەسەندکردنى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان بکردبا!
7- لە کۆبوونەوەکە چەند پەرلەمانتارێک ئامادەنەبوون، بە پێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویست ناکات ئەو پەرلەمانتارانە ئیجرائاتی یاساییان لەگەل بکرێت، لە کاتێکدا ئەوانیش لایەنێک بوون بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە نەکرێت؟
وەڵام: ئەوەى باس لە ئیجرائات وەرگرتن دەکات بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارەى لەبەر هەڵوێستی سیاسى ناچێتە ناو هۆڵى پەرلەمانەوە، دیارە کولتوورى بەعسى لەبیر نەکردووە، ئەو جۆرە قسانە هەڕەشەن لە پەرلەمانتار، هەروەها دژى پەیرەوى ناوخۆى پەرلەمانە و پرنسیپى ڕادەربڕین بە ئازادى. ئەوەى ئەو شەکرە دەشکێنێ دەیەوێ لەو ڕێگایەوە ئەندام پەرلەمان دەمکوت بکات. بەڵام بە پێى پەیڕِەوى ناوخۆ، پەرلەمانتار نابێ بە بێ عوزر لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمان دوابکەوێ. بەڵام ئەم حاڵەتە ناشوبهێتە حاڵەتى ئامادەنەبوون لەبەر هەڵوێستوەرگرتن دەربارەى کارێکى سیاسى یان پرۆژەیەکى قانوونى، ڕاست بێ ئەو هەڵوێستە یان نادروست.
8- بێ دەنگ بوونی پەرلەمان لە پرۆژەی دەستور و هەندێک یاسای دیکەی وەک یەکگرتنەوەی ئاسایش و ئیجرائات لە گەل ئەو وەزارەتانەی یەکیان نەگرتۆتەوە بە لای ئێوە چی دەگەیەنێ؟ لە کاتێکدا پەلە لە یاسای نەوتیش دەکرێت کە تاکو ئێستا لە بەغدا تەواو نەبووە؟
وەڵام: پەلەکردن لە تاوتوێکردنى پرۆژەى قانوونى نەوت وگازى کوردستان، وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە، لەبەر گرنگى ئەو قانوونەیە، بەلاى منەوە لەبەرژەوەندى گەلى کوردستانە ئەو پرۆژە پێش قانوونى نەوت و گازى عێراق پەسەند بکرێت. خۆزگە پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستانیش پێش پرۆژەى دەستوورى عێراق پەسەندبکرابا. ئومێدەوارین پرۆژەى دەستوورى هەرێم پاش پشووى پەرلەمان تەماشابکرێتەوە و کەموکورتیەکانى چاکبکرێن، لیژنەى ئامادەکردنى پرۆژەکە گوێ لە ڕاوبۆچوونى خەڵک بگرێ، بە تایبەتى کۆمەڵێک ڕا و تێبینى لە لایەن ڕێکخراو و کەسانى شارەزاوە گەیشتوونەتە لیژنەکە. پرۆژەى قانوونى یەکخستنەوەى دەزگاى ئاسایش لەبەردەم پەرلەماندایە، لەکاتى تەماشاکردنى پرۆژەى قانوونى بودجەى هەرێم جەخت لەسەر یەکخستنەوەى وەزارەتەکان کراوەتەوە، چەند پەرلەمانتارێک داوایانکرد ساڵى داهاتوو تەماشاى پرۆژەى بودجەى 2008 نەکرێت، ئەگەر هەموو وەزارەتەکان یەکیان نەگرتبێت. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکرێ کە پرۆژەى قانوونى بودجەى ساڵى 2008 دەبێ پێش کۆتایى ساڵى 2007 پەسەند بکرێـت.
-------------------------------------------------------
لە رۆژنامەى (رۆژنامە)، ژمارە (32) 7 ئابى 2007. بڵاوکراوەتەوە

No comments: