Friday 12 October 2007

لە چاوپێکەوتنێکی هەفتەنامەى (جەماوەر) لەگەڵ دکتۆر نورى تاڵەبانى

کاربەدستانى عێراق، سەددامیان بە شێوازێک لە سێدارەدا کە خۆى و هەوادارانى خوازیارى بوون

لە سێدارەدانى سەددام لە رۆژى یەکەمى جەژنى قوربان و نیشاندانى لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن، بیروڕاى جیاوازى لێکەوتەوە، لەو دیمانەدا، دکتۆر نورى تاڵەبانى، یاساناس و شەندامى پەرلەمانى کوردستانن تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسەو لە رووى یاساییەوە بیروڕاى خۆى دەربڕى.
پرسیار: چۆن دەڕواننە کارى لە سێدارەدانى سەددام حوسێن؟
وەڵام: لەسێدارەدانى دڕوندەترین دیکتاتۆرى ئەم سەردەمە بەو شێوازەى لە 30 کانوونى یەکەمى 2006دا ئەنجامدرا هەڵوێستى جۆراوجۆرى لێکەوتەوە، چ لەسەر ئاستى عێراق بێ یان لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتى. چەند وڵاتێکى عەرەبى و چەند ڕێکخراوێکى عەرەبى و بیانى، کە بەشێکیان هەرگیز دۆستى رژێمى سەددام نەبوون، وەک ڕێکخراوى (ئەمنیستى ئینتەرناشناڵ)، هەڵوێستێکى چاوەڕوان نەکراویان هەبوو. پرسیار لەوەدایە ئایا ئەو هەڵوێستانە چاوەڕوان نەکراو بوون، یان هەڵەیەک لە ئارادا بوو کە بووە هۆى ئەو جۆرە کاردانەوەیان؟
دەستگیرکردنى سەددام بەو شێوەیەى لە کەنالەکانى تەلەفزیۆندا چاومان پێکەوت گرنگترین هەواڵى ئەو ساڵە بوو، هەروەها دەستکەوتێکى گەوەرەش بوو بۆ گەلانى عێراق. وێنەى دەرهێنانى سەددام بەو سەرو ریشەوە لەو کونە مشکەدا سەلماندى کە ئەو پیاوە بەو شێوە نەبوو کە هەوادارانى پرۆپاگەندەیان بۆ دەکرد کە گوایا مرۆڤێکى "ئازا"و "چاونەترسە". دەکرا ئەو ئینتیباعە لە بیرو یادى خەڵکدا بمێنێتەوە ئەگەر کاربەدەستان عێراق ژیرانە هەڵسوکەوتیان لەگەل پرۆسەى دادگەیکردنى و شێوازى لە سێدارەدانى بکردبا، بەڵام بەداخەوە لەم ئەزموونەشدا سەرکەوتوو نەبوون.
دادگەیکردنى سەددام و ئەو تاقمەى لەگەڵیا بوون نە بە پێى قانوونى عێراقى بەڕێوەچووە، نە بە پێى بنەماکانى قانوونى نێو دەوڵەتى. هۆیە سەرەکیەکەشى دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارى نەکردنى کاربەدستانى عێراقى لەگەڵ دادگە نێو دەوڵەتیەکان کە تایبەتن بە دادگەیکردنى تۆمەتباران بە تاوانى جێنۆساید و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى. دادگەى باڵاى تاوانەکان لە عێراق دەیتوانى شێوازى هەڵسوکەوتى لەگەڵ تۆمەتباراندا بە پێى هەڵسوکەوتى ئەو دادگەیانە بەڕێوەبەرێت. هەر لەسەرەتاوە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبووم کە دادگەیکرنى سەددام و تاقمەکەى لەسەر شاشەکانى تەلەفزیۆندا بڵاوبکرێتەوە، چونکە دیاربوو خۆى و هەوادارانى بە تایبەتى لە وڵاتانى عەرەبیدا، بە شێوەێکى دیکە بەکاریان دەهێنا، چ بۆ پرۆپاگەندەکردن بێت یان بە سووکایەتیکردن بە دادگەو شایەتەکان و تێکرا سستمى حوکمڕانیکردن لە عێراقدا. بڵاونەکردنەوەى دادگەیکردنی سەددام و تاقمەکەى بە پێشێلکارى مافى تۆمەتبار نادرێتە قەڵەم، چونکە مەرج نییە هەموو دادگەیکردنێک لەسەر کەنالەکانى تەلەفزیۆندا بڵاوبکرێتەوە. ئەگەر وێنەى سەددام و دادگەییکردنەکەى بڵاونەکرابایەوە، خەڵکەکە هەر بە چاوى رۆژى گرتنى تەماشای سەددامیان دەکرد. دەکرا بەشێک لە پرۆسەى دادگەییکردنەکەى لە ڕێگاى رادیۆوە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام لە ژێرچاودێرى دەزگاى دادوەرى گشتیی.
سزاى لەسێدارەدان بۆ ئەو تاوانبارانەى بەشى زۆرى ژیانیان بە تاوان و تاوانکارییەو بەسەربردووە، بە تایبەتى ئەوانەى تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە، سزاێکى ڕەوایە. شەریعەتى ئیسلام و قانوونى بەشى هەرە زۆرى دەوڵەتانى جیهان ڕێگا بە سێدارەدانى تاوانبارنى گەورە دەدەن، چ بە سێدارەدان بێ یان بە لەناوبردنى بە شێوازێکى دیکە. تاوانبارێکى وەک سەددام کە لە ماوەى دادگەیکردنیدا هیچ جۆرە پەشیمانییەکى دەرنەبڕى سەبارەت بەو هەمو تاوانانەى کردوونى، دەبێ سزاکەى هەر لەسێدارەدان بێ، بەڵام جێگاى داخە ئەو کارە بە شێوازێک ئەنجامدرا کە لە بەرژەوەندى هەوادارانى سەددامدا بوو. کورد دەمێکە وتوویەتى "کارى نەزانێک بە سەد دانا چاک ناکرێت"! کاربەدستانى عێراق، لەبەر هەر هۆیەک بێ، سەددامیان بە شێوازێک لە سێدارە دا کە خۆى و هەوادارانى خوازیارى بوون، چونکە سەددام دەیزانى لەناودەبرێ و نامێنێ، بەڵام دەیویست ناوێک بۆ خۆى بەجێبهێڵێ کە شایستەى نەبوو.
پرسیار: وەک قانوونناسێک لەسێدارەدانى سەددام بە شێوازێکى قانوونى ئەنجامدرا یان نا؟
وەڵام: ئەگەر تەماشاى بڕگەى 12 ى ماددەى 36 دەستوورى عێراقى بکەین لەگەڵ چەند ماددەێکى دیکەدا لە قانوونى سزادانى عێراقى و قانوونى ڕێڕەوى سزایى عێراقى، دەبێ بڵێین پرۆسەى لەسێدارەدانى تاوانبار سەددام بە پێى دەستوورو ئەو دوو قانوونە ئەنجام نەدراوە.
بڕگە 12 ماددەى 36ى دەستوورى عێراقى دەڵێت بڕِیارى دادگە بە حوکمى لە سێدارەدانى تاوانبار جێبەجێ ناکرێت تا پەسەند نەکرێت لەلایەن سەرەک کۆمار یان جێگرەکەی، بە دەرچوونى فەرمانێکى تایبەتى. ئەو بڕیارانەى لەلایەن دادگەکانى عێراقى یەوە بە حوکمى لەسێدارەدان دەرچوون لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتییەوە پەسەندکراون ئەوجا جێبەجێ کراون، بەڵام لە سێدارەدانى سەددام بە بڕیارى سەرەک وەزیران جێبەجێ کرا. مەترسى لەوەدایە ئەم هەڵوێستەى سەرەک وەزیران لە ئایندەشدا ببێتە نەریت، هەر کارێک دەستەى سەرۆکایەتى پەسەندى نەکات، سەرەک وەزیران بە بڕیارێکى تایبەتى خۆى جێبەجێى بکات.
لەلاێکى دیکەوە، بە پێى ماددەى 27ى قانوونى دادگەى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، بڕیارى لەسێدارەدانى تاوانبار دواى تێپەربوونى 30 رۆژ، لە رۆژى پەسەندکردنى ئەو بڕیارە لەلایەن دادگەى تەمییز ئەوجا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە سێدارەدانى سەددام پێش تەواوبوونى ئەو ماوە دیاریکراوە ئەنجامدراو لەیەکم رۆژى جەژنى قورباندا، کە ئەوەش بە پێچەوانەى ماددەى 290ى قانوونى ڕێڕەوى سزایى عێراقى بوو کە ڕێگا بە جێبەجێ کردنى حوکمى لەسێدارەدان نادات لە رۆژانى هەینى و جەژندا بۆ کەسێکى موسوڵمان، ئەمەش هەوادارانى سەددام و دامودەزگاکانى بەعس لە وڵاتانى عەرەبى و جیهاندا قۆستیانەوە. لە کاتى جێبەجێ کردنى بڕیارى لەسێدارەدانى سەددام کەسانێک، بە وێنەو بە دەنگ هوتافیان بە ناوى موقتەدا سەدرو باقر حەکیم دەکێشا، ئەوەش دەریخست مەسەلەکە تۆڵە سەندنەوەیە نەک جێبەجێ کردنى بڕیارێکى دادگە. جگە لەوەش کەسانێک ئامادەى کارى جێبەجێ کردنى بڕیارى لەسێدارەدانى تاوانبار سەددام بوون کە نەدەبوو لەوێ بن. بە پێى قانوون، تەنیا دادوەرێک و ئەندامێکى داواکارى گشتى و نوێنەرى وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەرى ئەو زیندانەى کە حوکمى لەسێدارەدانى تێدا جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ پزیشکێک دەبێ ئامادە بن. هەرووها دەبێ ڕێگا بە تاوانبار بدرێت دوا وتەى خۆى بڵێ و لە کۆنووسێکدا تۆمار بکرێت، کەچى لە کاتى لەسێدارەدانى تاوانبار سەددامدا قسەى جۆراوجۆرى پێ وتراو ئەویش بە جنێو وەڵامى داونەتەوە!
پرسیار: بە بۆچوونى ئێوە، جێبەجێ کردنى حوکمى لەسێدارەدان بەسەر سەددامدا کاردانەوەى لەسەر بەرپرسیاریەتى سەددامدا نابێ سەبارەت بە تۆمەتەکانى دیکە، بە تایبەتى تۆمەتى ئەنفال و هەڵەبجە و... کە دژ بە گەلى کورد ئەنجام دراون؟
وەڵام: پێویست بوو هەموو ئەو تۆمەتانەى دەخرێنە پاڵ سەددام، بە تایبەتى تۆمەتى ئەنفال و بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى لە هەڵەبجەى شەهیدو لە شوێنەکانى دیکەى کوردستان، لەگەڵ وێرانکردنى پتر لە 4000 گوند و دەرکردنى فەیلیەکان و کوشتنى هەزارەها خەڵکى بێ گوناە چ لە دوجەیل بێ یان لە کاتى سەرکوتکردنى ڕاپەرینى بەهارى ساڵى 1991 و کوشتن و لەسێدارەدانى هەزارەها کەسى دیکەى بێ تاوان کە بەشێکیان منداڵ بوون، بەڵێ دەبوو لە سەرەتاوە ئەم هەموو تۆمەتانە بخرێنە پاڵ سەددام، دەکرا پاشان دەست بە دادگەیکردنى بکرێت، تۆمەت لەدواى تۆمەت. کورد لەوەشدا زەرەر مەند بوو. هەرچەندە تۆمەتى ئەنفال و تۆمەتەکانى دیکە لە ئەستۆى تۆمەتبارانى دیکەدا ماونەتەوە و دەبێ دادگەیکردنیان بەردەوام بێت، بەڵام لە سێدارەدانى تۆمەتبارى سەرەکى کە تاوانبار سەددام بوو کە بە فەرمانى ئەو ئەو هەموو تۆمەتانە ئەنجامدراون، رەونەق لە دادگەیکردنەکەدا ناهێڵێ. بە پێى ماددەى 30 قانوونى ڕێڕەوى سزایى عێراقى، مردنى تۆمەتبار دەبێتە هۆى ئەوە کە ئەو داوایە سزاییانەى لەسەرى ماون، دەبىِ دادگە کۆتایى پێ بێنێت. لێرەدا بە بیرى ئەو بەرپرسە کوردانە دەخەینەوە کە بەڵێنیان بە خەڵکى هەلەبجەى شەهید دابوو سەبارەت بە تۆمەتى بە بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى لە هەڵەبجە، کە سەددام دەبێ لەو شارە دادگەیى بکرێت. بۆ هەوڵى ئەوەیان نەدا تەنیا دانیشتنێک لە دانیشتنەکانى دادگەى بالاِى تاواناەکانى عێراقى لە هەڵەبجە ببەسترێت؟
----------------------------------
هەولێر 6 کانوونى دووەمى 2007
هەفتەنامەى (جەماوەر)، ژمارەى (206)ى رۆژى 8ى کانوونى دووەمى 2007.

No comments: