Friday 12 October 2007

چەند سەرنجێک دەربارەى کێشەکانى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان و کەرکوک

دکتۆر نورى تاڵەبانى
پرۆسەى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان و ناوچەى کەرکوک لە سەرەتاوە رووبەرووى چەندین کێشەو گرفتى گەورە بووەتەوە، بەشێکیان بەهۆى هەڵوێستى چەوتى چەند بەرپرسێکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بەشەکەى تریان بە هۆى پێشێلکردنى رێنماییەکانى هەڵبژاردن لەلایەن چەند لایەنێکى سیاسی لە کاتى ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنانە لە کوردستان. دوو هەڵبژاردن و رێفەراندۆمێک تا ئێستا لە عێراق و کوردستان رێکخراون، ئەرکى سازدان و سەرپەرشتیکردنیان لە هەموو قۆناغەکاندا بەو کۆمسیۆنە راسپێردرابوو. ئەو کێشانەى لە کوردستان سەریانهەڵدا کێشەى گەورەتریان لێپەیدا دەبوو ئەگەر بە پەڵە چارەسەرنەکرابان، بەڵام کێشەکانى ناوچەى کەرکوک پەیوەندی راستەوخۆیان بە هەڵوێستى نادیارى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانەوە هەبوو، دەیتوانى چارەسەریان بکات چونکە لە ژێر دەسەڵاتى ئەودا بوو.
مەبەست لە باسکردنى ئەو کێشانە لێرەدا دەستنیشانکردنیانە تاکو چارەسەربکرێن ودوبارە نەبنەوە. بەشێکیان دەگەرێنەوە بۆ سەردەمى دامەزراندنى دەزگای هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان لە مانگى ئەیلولى 2004. ئەو کێشانە لە کوردستان چارەسەردەکرێن، یەکەمیان بە پەسەندکردنى قانوونێکى تازە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و قانوونێکى تایبەت بە ئەنجومەنەکانى پارێزگاکانى هەرێم، دووەم بە رێگاگرتن لە پێشێلکردنى رێنماییەکانى هەڵبژاردن لە کاتى ئەنجامدانیان. بەڵام کێشەکانى ناوچەى کەرکوک بەشى زۆریان دروستکراوبوون، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە عێراق دەتوانێ چارەسەریان بکات و هەوڵیش دراوە بۆ چارەسەرکردیان، بۆیە بەجیا لێیان دەکۆڵینەوە.
یەکەم: کێشەى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق ئەو دەزگایەیە کە ئەرکى رێکخستنى پرۆسەى هەڵبژاردنى پێ سپێردرابوو بە پێى چەند بریارێک کە حوکمى قانوونیان هەبوو. دەسەڵاتەکانى ئەو دەزگایە فراوان بوون، وەک رێکخستنى لیستى دەنگدەران و شێوەى دەنگدانیان و بریاردان لەسەر دامەزراندن و دەستکارىکردنى ئەو لیستانەى دەکرێنە بنەما بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان، هەروا رێکخستن و پەسەندکردنى ناوى پارت و قەوارە سیاسیەکان وچەسپاندنى ناوى ئەو پاڵێوراوانەى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، لەگەڵ پەسەندکردن و بڵاوکردنەوەى ئاکامەکانیان. چەند بریارێک بە ئیمزاى پۆڵ برێمەرى حاکمى مەدەنى پێشووى عێراق، بەتایبەتى بریارى 92 و 96 کە لە ساڵى 2004 دەرچوون. بە پێى بریارى ژمارە 92 ئەندامانى ئەنجومەنى ئەو کۆمسیۆنە کە حەوت کەس بوون لەلایەن نوێنەرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردن و ئیدارەى پۆڵ برێمەر دەستنیشانکران. جگە لەو حەوت ئەندامە، نوێنەرێکى UN و بەرێوەبەرى گشتى کۆمسیۆن هەردوکیان ئەندامى ئەو ئەنجومەنە بوون، بەڵام مافى دەنگدانیان نەبوو. ئەو ئەنجومەنە باڵادەسترین دەزگایە لەناو ئەو کۆمسیۆنەدا، بەڵام کارمەندانێکى زۆرى فەنىو ئیدارى لەو دەزگایە کاردەکەن بەشى زۆریان بەناو بێ لایەنن وپێشتر لە دەزگاکانى رژێم کارمەند بوون و زۆریان بە عەقلیەتى ئەو سەردەمە رەفتار دەکەن، بەتایبەتى لەگەڵ دەزگاکانى هەرێمى کوردستان.
نوێنەرانى ئەو کۆمسیۆنە لە هەرێمى کوردستان کە بە پێى بریاری ژمارە(56/ ر) لە 14 ئەیلولى 2004 ناولێنران، بریتى بوون لە بەرپرسى ئۆفیسى هەرێم لەگەڵ سێ بەرپرس تر بۆ ئۆفیسى هەولێرو سلێمانىو دهۆک. لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەو دەزگایە بەندە بەرپرسى ئۆفیسى هەرێمى کوردستان بوم، بەرپرسیارانى ئۆفیسى ئوستانەکان(پارێزگاکان) کاک حەمە ساڵح بۆ سلێمانى و کاک کەمال غەمبار بۆ هەولێرو کاک بەیار دۆسکى بۆ دهۆک بوون. لە یەکەم کۆبوونەوەمان لە 9 تشرینى یەکەمى 2004، پێشنیازى دامەزراندنى ئەنجومەنێکم کرد بەناوى "ئەنجومەنى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان" لە چەشنى کۆمسیۆنى عێراقى. پێشنیازەکەم بۆ دوو مەبەست بوو، یەکەمیان ئەنجومەنى کۆمسیۆنى کوردستان باڵاترین دەزگاى هەڵبژاردن بێ لە کوردستاندا و بریارە گرنگەکان لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە بدرێن نەک لەلایەن تاکە کەسێکەوە. دووەم ئۆفیسەکانى هەرێم پەیوەندى راستەوخۆیان بەوەوە بێ، بەڵام بۆ کاروبارى تەکنیکىو فەنی پەیوەندى راستەوخۆ بە کۆمسیۆنى عێراقیەوە بکەن. کۆمسیۆنى عێراقى دەیویست ئۆفیسەکانى هەولێرو سلێمانىو دهۆک پەیوەندى راستەوخۆیان لەگەڵ ئەودا بێ، وەک ئۆفیسى پارێزگاکانى ترى عێراق تەماشاى دەکردن. لەو نوسراوەى ئاماژەمان لەسەرەوە بۆ کردووەو ئاراستەى کۆمسیۆنى باڵاى عێراقى کرابوو بۆمان روونکردبوونەوە کە ناوى "ئۆفیسى هەرێمى کوردستان" ناگونجێ لەگەڵ ئەو واقیعە قانوونیەى لە کوردستاندا هەیە بە پێى قانوونى کاتى بەرێوەبردنى دەوڵەتى عێراق (TAL). لە 31 تشرینى یەکەمى 2004 ئەنجومەنى کۆمسیۆنى عێراقى بە نوسراوى ژمارە( 77 / ر) وەڵامیان داینەوە تێیدا پێشنیهادیان کردبوو ناوى ئۆفیسى هەرێم بکرێت بە"بەرێوەبەرایەتى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان". دەربارەى داواکاریەکەمان کە ئۆفیسەکانى هەولێرو سلێمانىو دهۆک پەیوەندى راستەخۆیان بە ئۆفیسى هەرێمى کوردستانەوە بێ، وەڵامیان نەدابووینەوە. لە دووى تشرینى دووەمى 2004 ئەنجومەنى هەرێم کۆبوونەوەى دووەمى سازداو بریارماندا نوسراوێکى تر ئاراستەى کۆمسیۆنى عێراقی بکەین و ئاگاداریان بکەینەوە کەوا بەشێک لە دەزگاکانى کۆمسیۆنى عێراقى - بە
نەزانى بێ یان بە ئەنقەست - لە نوسراوەکانیاندا لەجیاتى ناوى "هەرێمى کوردستان - اقلیم کردستان"، دەنووسن "ناوچەى کوردستان - منگقە کوردستان"، هەر لەوێدا ئاماژەمان بۆ نوسراوى پێشترمان کردەوە کە پەیوەندى ئۆفیسەکانى هەوڵێرو سلێمانىو دهۆک دەبێ بە دەستەى باڵاى هەرێمەوە بێ. لەو نوسراوەماندا هاتبوو "لەوە دەچێت بەشێک لە کاربەدەستانى کۆمسیۆنى عێراقى ئێستاش بە عەقلیەتى سەردەمى رژێمى پێشوو هەڵسوکەوت لەگەڵ دەزگاکانى هەرێمى کوردستاندا دەکەن". چەند جارێک بە نوسراوو بە تەلەفۆنیش ئاگادارى بەرپرسیارانى کۆمسیۆنى عێراقیمان کرد کە بەرێوەبەرى گشتى کاروبارى دارایى تا ئەو دەمە یەک دینارى بۆ ئۆفیسى هەرێمى کوردستان نەناردووە، کەچى راستەوخۆ مەبلەغێ پارەی بۆ هەریەکە لە ئۆفیسەکانى هەولێرو سلێمانىو دهۆک ناردووە! دەربارەى ناوى ئۆفیسەکەمان پێشنیازمان کرد وشەى "دەستە"بەکاربێنین لەجیاتى "بەرێوەبەرایەتى"، هەروا وشەى "سەربەخۆ" بەکارنەهێنین و ناوى ئۆفیسەکەمان " دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان " بێت و راشکاوانەش پێمان راگەیاندن قبووڵ نەکردنى ئەو ناوە بەو دەسەڵاتەوە ناچارمان دەکات هەموو دەست لەکار بکێشینەوە و هۆیەکەشى لە ئەستۆى ئەوان دەبێ. ئەنجومەنى کۆمسیۆنى عێراقى بەرامبەر ئەو هەڵوێستەى دەستەکەمان پێشنیازەکەمانى قبووڵ کرد، بەڵام لە رووى داراییەوە یەک دیناریان بۆ نەناردین (بۆ دەستەکە)، بۆیە ناچاربووین بە قەرد مەبلەغێ پارە لە ئۆفیسى هەولێر وەربگرین! یەک دوو نوسراوى ترمان ئاراستەى کۆمسیۆنى عێراقى کرد بۆ بیرخستنەوەیان کە ئەرکەکانى سەرشانمان جێبەجێ ناکرێن ئەگەر ئەو پارەى بۆمان تەرخانکراوە بە زوویى بۆمان نەنێرن، هەر لەوێدا پێمان راگەیاندن ئەگەر ناچار بووین پەیوەندى بە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەکەین بۆ داواکردنى یارمەتی دارایی. لەو ماوەدا لەرێگاى پەیوەندی شەخسیەوە بە بەرێزان مام جەلال و کاک نێچیروان، هەردوکیان گفتى یارمەتی داراییان پێ داین ئەگەر کۆمسیۆنى عێراقى یارمەتیمان نەدا. لە نوسراوێکى تردا جارێکى تر ئاگادارمان کردنەوە ئەگەر لەماوەى دوو رۆژدا ئەو پارەى تەرخانکراوە بۆ دەستەکەمان نەنێرن، ناچاردەبین یارمەتى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان وەربگرین، چونکە کارەکانمان راوەستاون. ئەو ئاگادارىکردنەوە بووە هۆى هاتنى کاک عادل لامى بەرێوەبەرى گشتى کۆمسیۆنى عێراقى بۆ هەولێر لەگەڵ ئەو مەبلەغە پارەى تەرخانکرابوو بۆ دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان! ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ، کە لانى کەم بەشێک لە بەرپرسیارانى ئەو کۆمسیۆنە بەجیدیەوە هاوکارى لەگەڵدا نەدەکردین.
لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگانەى بۆیان دروست دەکردین، کاروبارى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان بە باشى بەرێوەدەچوون. میدیاو رۆژنامەنووسانى کوردستانیى و بیانى بە بەردەوامى سەردانى ئۆفیسەکەیان دەکردین بۆ سازدانى چاوپێکەوتن و وەرگرتنى دەنگوباس سەبارەت بە چۆنیەتى بەرێوەبردنى هەڵبژاردنەکان لە کوردستان. هەروا نوێنەرانى رێکخراوە ناحکومیەکان و نوێنەرانى چەند دەوڵەتێکى رۆژئاوایى دەهاتنە ئۆفیسەکەمان بۆ وەرگرتنى زانیارى دروست سەبارەت بە پرۆسەى هەڵبژاردن. بە هاوکاری ئێمە، پەرلەمانى کوردستان دەستکارى قانوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى کرد تا گونجاو بێت لەگەڵ قانوونى تازەى هەڵبژاردنەکان لە عێراق. بەڵام ماوەیەک پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان کە بریاربوو لە 30 کانوونى دووەمى 2005 رێکبخرێن، کێشەیەکى گەورەمان هاتە پێش ئەویش ناردنى لیستى ناوى دەنگدەران بوو بە ناتەواوىو کەموکورییەوە، لەو لیستانەدا ناوى کەسانێکى زۆر نەبوون یان بە هەڵە تۆمارکرابون. ئەگەر لە ماوەیەکى دیاریکراودا چاک نەکرابان مافى دەنگدانیان لە دەست دەدا. هەموو دەزانین کە لیستى خۆراک وەرگرتن کرابووە بنەما بۆ دیارىکردنى ناوى دەنگدەران، ئەوە خۆى لە خۆیدا هەڵەێکى زۆر گەورە بوو کە لەسەرەتاوە دژى بوم وچەند بابەتێکم لەسەر بڵاوکردبووەوە. لە کۆنفرانسێکدا بۆ هەڵسەنگاندنى رۆڵى هەر یەک لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق و رێکخراوە ناحکومیەکان کە رێکخراوىKIE رێکیخستبوو لە 24 و 25 نیسانى 2006 لە دوکان، بە ئامادەبوونى بەشى زۆرى ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیۆنى عێراقىو نوێنەرانى ژمارەیەک لە نوێنەرانى حیزبە سیاسیەکان و رێکخراوە ناحکومیەکان، دکتۆر عەبدولحسێن هینداوى سەرۆکى ئەو کۆمسیۆنەو چەند قسەکەرێکى تر هەموو کۆک بوون لەسەر ناتەواوى ئەو لیستانە کە لەلایەن دەزگایەکى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکرابوون. بەشى زۆرى ئامادەبووانى رۆژى یەکەمى ئەو کۆنفرانسە بوونى ئاماریان بە مەرجێکى سەرەکی دەزانى بۆ سەرکەوتنى هەموو جۆرە هەڵبژاردنێک وجەختیان لەسەر ئامادەکردنى ئەو ئامارە دەکردەوە پێش سازدانى هەڵبژاردنێکى تازە لە عێراق. لە هەرێمى کوردستان( لە هەردوو ئیدارەکەدا) ئامارێک ئامادەکرابوو کە دەکرا سوودی لێ وەربگیرێ، بۆیە هەر لە سەرەتاوە داوامان دەکرد ئەو ئامارە بکرێتە بنەما بۆ ناونووسکردنى دەنگدەران لە هەرێمى کوردستان، لەجیاتى لیستى خۆراک وەرگرتن، بەڵام کۆمسیۆنى عێراقى پێشنیازەکەى رەتکردەوە. هەڵەکانى ناوەکان لەو لیستانەدا ئەوەندە زۆر بوون بە هەفتەو دوو هەفتە چارەسەر نەدەکران. بەتایبەتى خەڵکەکەش لەسەرەتادا هاوکارى بنکەکانى تۆمارکردنیان نەدەکردو نەدەچوون بۆ چاککردنەوەى ناوەکانیان ئەگەر بە هەڵە تۆمارکرابن، یان بە ئاگادارکردنەوەى ئەو بنکانە گەر ناویان نەنوسراوبن. بۆ روونکردنەوەى ئەم حاڵەتانە، چەندەها چاوپێکەوتنى تەلەڤزیۆنیمان سازکردو بڵاوکراوەمان بڵاکردەوە داوامان لەو کەسانە کرد بچنە ئەو بنکانە تا بزانن ناویان لەو لیستانە نوسراوە یان نا، یان بە هەڵە تۆمارکراوە لە ماوەى دیاریکراودا، بەڵام کەسانێکى کەم دەچون. بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە پەیوەندیمان بە(دەزگاى عەمەلیاتەوە)کرد کە
بەرپرسەکە دکتۆر عەلى عەبودە، پێشنیازى ناردنى CD لیستى ناوەکانى ئەو کەسانەى خۆراک وەردەگرن لە هەولێر تاکو چاپبکرێنەوەو بکرێنە بنەما بۆ دەنگدان، بەڵام پێشنیهادەکەمان قبووڵ نەکرا. پاشتر بە نوسراوى ژمارە (100 – 46) لە 15 کانوونى یەکەمى 2004 داواى درێژکردنەوەى ماوەى چاککردنى فۆرمى ژمارە (1)مان کرد بۆ دوو هەفتە یان لانى کەم دە رۆژ، تا لەو ماوەدا ناوى ئەو هەزارەها خەڵکەى بە هەڵە نوسراون چاک بکرێن و ناوى ئەو کەسانەى ناویان لەو لیستانەدا نەبوو، تۆماربکرێن، ئەوەشیان رەتکردەوە. ئەمە کێشەێکى گەورە بوو کە "دایرەى عەمەلیات" لە کۆمسیۆنى عێراقى خۆى نەیدەتوانى چارەسەرى بکات و هاوکاریشى نەدەکردین بۆ چارەسەرکردنی. بەشێکى گەورەى ئەو کێشەیە بە هاوکارى کارمەندانى ئۆفیسەکانى خۆمان چارەسەرکران، بەبێ هاوکارى کۆمسیۆنى عێراقى. لە 22 کانوونى یەکەمى 2004 دەستم لەو دەزگایە کێشایەوە بە هۆى خۆکاندیدکردنم بۆ پەرلەمانى کوردستان، دەتوانم بڵێم تا ئەو رۆژە کارەکان جگە لەو کێشانە کە بەشى زۆریان چارەسەرکران، بە باشى بەرێوە دەچوون.
لەکاتى دیاریکراودا هەڵبژاردنەکان ئەنجامدران، جگە لەو کەموکورتیانەى ئاماژەمان بۆ کردون، چەند سەرپێچییەک لە رێنماییەکانى هەڵبژاردنەکان کران بە هۆى ململانێی حیزبى لە نێو هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى ئوستانەکان(پارێزگاکان)، چونکە لەوەدا یەک لیستیان نەبوو. پێشێلکاریەکان زیاتر بوون لە کاتى رێفەراندۆم لەسەر پرۆژەى دەستوورى عێراقىو ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى. ئەو پێشێلکاریانە لەلایەن چەند رێکخراوێکى چاودێرەوە تۆمارکراون، پێم باشە ناوەرۆکى راپۆرتى یەکێکیان لێرەدا بخەینە بەرچاو کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانى هەولێرو سلێمانىو دهۆک و کەرکوک و قەزاى دووبز لە سەرەتاى ساڵى 2005 . راپۆرتى رێکخراوى (K.I.E. ) کە رێکخراوێکى نا حکومییە، لە 8 شوباتى 2005 بڵاو کراوەتەوە( دەقى راپۆرتەکە لە هەفتەنامەى هاوڵاتى ژمارە 214 رۆژى 2 مارتى 2005 بڵاوکراوەتەوە).
لەو راپۆرتەدا هاتووە ژمارەى چاودێرانى ئەو رێکخراوە 448 چاودێر بوون (52 یان لە جەلەولاو جەبارەو قەرەتەپەو قەزاى خانەقین کە سەر بە ئوستانى دیالەن). ژمارەى وێستگەکان کە چاودێرانى ئەو رێکخراوە چاودێریان کردووە 2264 وێستگە بوون.
لە پەرەگرافى 6 ى ئەو راپۆرتەدا هاتووە "نوێنەرى لایەنە سیاسیەکان دەستیان لە بەرێوەچوونى پرۆسەکە وەردەداو پابەند نەبوون بە بنەماکانى هەڵسوکەوتى نوێنەرایەتى لایەنە سیاسیەکان". لە پەرەگرافى 7 دا هاتووە " نوێنەرانى لایەنەکان هەوڵیان دەدا کار بکەنە سەر بۆچوونى دەنگدەران". پەرەگرافى 8 باس لە هەندێک خەلەل دەکات وەک ئەوەى"زۆرینەى زۆرى لێپرسراواى وێستگەکان سەر بە لایەنگرانى حیزبەکانى سەر بە دەسەڵات بوون"، ئەمەش لە حاڵەتى ئەو هاوڵاتیانەى نەخوێندەوار بوون دوو حاڵەتى دروست دەکرد، یان ترسى لایەنە سیاسیەکان لەوەى کە لێپرسراوى وێستگەکە بێڵایەن نەبن لەپرکردنەوەى کارتەکانى دەنگدان، یان نهێنى دەنگدانى ئەو هاوڵاتیانە نەدەپارێزرا، کە لەژێر گوشارى لایەنە سیاسیەکاندا بەرپرسى وێستگەکە بە ئاشکرا لە هاوڵاتیەکەى دەپرسى ولەبەرچاو نوێنەرانەکان بۆى دەست نیشان دەکردن، ئەمەش بۆ سەلماندنى بێلایەنىو پاکى خۆى، کە هەردوو حاڵەتەکە نا تەندروستە". لە پەرگرافى 9 دا هاتووە " ساختەکارى لەدەنگدان، دەنگدان بەبێ پێناس، دەنگدان بە پێناسى کەسى تر، دەنگدانى دووبارە لە زۆر بنکەدا دەبینرا". پەرەگرافى 10 باس لە رێگرتن لە چوونە ناوەى چاودێران دەکات، یان مانەوەیان یاخود بەئازادى کارنەکردنیان لە چەند بنکەیەکدا. بە پێى پەرەگرافى 11ى راپۆرتەکە " هێزەکانى پۆلیس و گاردى نیشتمانى بەباشى بارى ئاسایشى ناوەندەکانیان پاراستبوو، بەڵام بەرادەیەکى زیاد لە پێویست لە نزیک بیناى ناوەندەکانەوە بوون و تەنانەت لەناو ناوەندەکانیش دەبینران". هەروا بە پێى پەرگرافى 12 ى راپۆرتەکە" نوێنەرى کۆمسیۆنى باڵا لە هەندێک بنکەدا چاوپۆشیان لە پێشێلکارى کادرانى بنکەو وێستگەکان دەکرد کە لە ئامادەبوونى ئەواندا روویاندا". بەڵام لەو راپۆرتەدا هاتووە هەندێک لە پێشێلکاریەکان بە هۆى کەمى زانیارى و کەم ئەزموونى کارمەندانى هەڵبژاردن و نوێنەرانى لایەنە سیاسیەکان و دەنگدەران و چاودێرانەوە بووە. هەروا زۆرێک لەو پێشێلکاریانە رێکخراو بە گرووپ و نەخشە بۆ کێشراو نەبوون، بەڵام هەندێک حاڵەتى بەو شێوەش هەبووە. لە روانگەى چاودێرانەوە ئەو " پێشێلکاریانە کاریگەرى ئەوەندەیان نەبووە بۆ سەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکان کە سەرو بنیان بکات، بەڵام کاریگەرى لەسەر رادەى زیادبوون و کەمبوونى چەند کورسییەک هەبووە لە ئەنجومەنى پارێزگاکاندا". لە کۆتایى راپۆرتەکەدا هاتووە "هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستى ئەو پارێزگایانەى کە لەلایەن ئەوانەوە چاودێرکراون سەرکەوتوو بوون بە رێژەى (61 %). جێگاى داخە گەر بڵێم ژمارەى ئەو پێشێلکاریانەى لە کاتى رێفەراندۆم لەسەر دەستوورو و هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى زیاتر بوون. بۆ نموونە وەک شاهید حاڵێک دەڵێم کاتێ چووم بۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى لەو وێستگەى ناومى تێدا تۆمارکراوە ، بەرپرسى بنکەکە پێى گوتم ئیستمارەى دەنگدانیان لا نەماوە کە ژمارەیان دەبێ بەبێ زیادوکەم بە پێى ژمارەى دەنگدەران بێ. پرسیارم لێکرد چ خێرخوازێک لە جیاتى من دەنگى داوە؟ دەفتەرێک دانرابوو ناوى ئەو کەسانەى تێدا نوسرابوون ناویان لەو وێستگە تۆمارکراوە بەڵام نەیانتوانیوە دەنگبدەن، منیش لەو دەفتەرە ناوى خۆم نووسى! لە زۆر کەسم بیستووە لەو رۆژەدا کەسانێکى زۆر لەبەر "نەبوونى ئیستمارەى دەنگدان لە وێستگەکان" نەیانتوانیوە دەنگبدەن، بەڵام "خێرخوازان" لەجیاتى ئەوان دەنگیان دابوو! لەو هەڵبژاردنەدا دەستدرێژى کرایە سەر بارەگاى حیزبێکى سیاسى لە دەڤەرى بادینان و خەڵکیشى تێدا کوژران. ئومێدەوارم ئەو جۆرە پێشێلکاریانە لە هەڵبژاردنەکانى داهاتودا دووبارە نەبنەوە ئازادانەو بێ دەست تێوەردان ئەنجامبدرێن. بۆ دابینکردنى ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە، پێویستە جگە لە ئامادەکردنى قانوونێکى تازە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، قانوونێکى تایبەت بە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەند بکرێن، بەندەکانیان بەپێى بارى تایبەتى کوردستان دابرێژرێن لەسەر بنەمایەکى نوێ.

دوو: کێشەکانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى ئوستانى (پارێزگاى) کەرکوک و چۆنیەتى چارەسەرکردنی بەشێکیان
کێشەکانى هەڵبژاردن لە کەرکوک بەشى زۆریان دروستکراو بوون، چونکە بەرپرسى ئۆفیس و بەشى زۆرى کارمەندانى کەرکوک کۆنە بەعسى بوون یان سەر بەلایەنێکى سیاسى بوون. ژمارەیەکى زۆر لە دانیشتونى کەرکوک، بەتایبەتى ئاوارەکان لە ناو کەرکوک و دەرەوەی، ناونووس نەکرابوون و نەیاندەتوانى بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن. قسە لە 107 هەزار کەس دەکرا کە ناویان لە لیستى دەنگدەران نەبوو، ئۆفیسى هەڵبژاردنى کەرکوک وکۆمسیۆنى باڵاى عێراق گوێیان لە داواکاریەکانى ئەو خەڵکە نەدەگرت کە بەشى هەرە زۆریان کورد بوون. هەوڵێکى زۆر لەلایەن هێزە سیاسیەکانى کوردستانەوە درا بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە، بەڵام کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان هاوکارى نەدەکرد بۆ چارەسەرکردنیان، هەرچەندە سێ جار شاندێکیان ناردبوو بۆ کەرکوک بۆ کۆڵینەوە لەو داواکاریانە. چارەسەرنەکردنى ئەو کێشانە لەلایەن کۆمسیۆنەوە و نزیکبوونەوەى کاتى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان لیستى برایەتى کەرکوکى ناچارکرد بریارى بەشدارى نەکردن لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بدات، بەڵام بەشداریى لە هەڵبژاردنى "کۆمەڵەى نیشتمانى عێراقى" دەکرد. ئەوە باشترین بەڵگەیە کە هەڵوێستى وەرنەگرتبوو بەرانبەر ئەو کۆمسیۆنەو هەوڵیدەدا کێشەکان تێکرا چارەسەر بکرێن. لەو ماوەدا دەستم لە سەرۆکایەتى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان کێشابووەوە، بۆیە دەمتوانى راوسەرنجى خۆم دەربارەى ئەو کێشانە دەربرم. لە یاداشتێکدا لە 28 کانوونى یەکەمى 2004 ئاراستەى سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە عێراق کرابوو، بە ناوى "ترەستى کەرکوک بۆ لێکۆڵنەوە" کە رێکخراوێکى ناحکومیە کۆمەڵێک رووداوم بە بەڵگەوە خستە بەرچاوى سەرۆکى کۆمسیۆنى عێراقى وداوام لێکرد هەوڵبدات بە زووترین کات چارەسەریان بکات تا هەموو دانیشتوانى ناوچەى کەرکوک بەشدارى لە هەردوو هەڵبژاردنەکە بکەن،( دەقى ئەو یاداشتنامەیە، پاش وەرگێرانى لە هەفتەنامى هاوڵاتی بڵاوکرایەوە). لە یاداشتنامەکەدا نوسرابوو وەک قانوونناسێکى بێلایەنى خەڵکى کەرکوک کە پێشتر سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکان بوم لە هەرێمى کوردستان و ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیۆنى عێراقى دەمناسن داواى چارەسەرکردنى ئەو کێشانە دەکەم تاکو پرۆسەى هەڵبژاردن بە باشى ئەنجام بدرێت. چەند رۆژێک پێش دەست کێشانەوەم لە کارەکەم، لە هەولێر چاوم بە کۆنسولى ئەمریکى کەوت کە پێشتریش چەند جارێک سەردانى ئۆفیسەکەمانى کردبوو دەیزانى ئاگادارى پرۆسەى هەڵبژاردنم لە کەرکوک. لەو چاوپێکەوتنەدا قسە هاتە سەر هۆى بەشدارى نەکردنى لیستى برایەتى کەرکوک لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاو گوتى، ئەگەر بەشدارى نەکەن خۆیان زەرەر مەند دەبن. بە وردى هۆیەکانى بریارى بەشدارى نەکردنى لیستى برایەتیم بۆ روونکردەوەو پێم گوت جاروبار وەک سەرۆکى ئەم دەزگایە چاوم بە سەرۆکەکانى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان دەکەوێت. وتم "خوێندنەوەى من بۆ بۆچوونەکانیان my reading to their minds" ئەوەیە ئەگەر کێشەکانى هەڵبژاردن لە کەرکوک چارەسەر نەکرێن ئەگەرى ئەوە لە ئارادایە بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى عێراق نەکەن. ئەگەر کوردو عەرەبى سوننە بەشدارىنەکەن، هەڵبژاردن لە عێراقدا سەرناگرێ. پرسیارى لێکردم دڵنیاى لەو بۆچوونەیان، دوبارەم کردەوە ئەوە خوێندنەوەى منە، رەنبێ بە هەڵەدا چووبم! گوتى چاکترە سەفیرمان چاوى بە سەرکردەکانى کورد بکەوێت! گوتم چاکترە "ئیحراجیان" نەکەن لەم کاتە ناسکەدا کە کاتى هەڵبژاردنە. وتم لە وڵاتانى ئێوەو رۆژئاواى تر بەرپرسیارانى حیزبەکان گفتى زۆر بە خەڵک دەدەن وباسى ئەو کارانە ناکەن ئەگەر بزانن دەبنە هۆى ئەوە خەڵک دەنگیان بۆ نەدا. لە کوردستان مەسەلەى کەرکوک گرنگییەکى تایبەتى هەیەو سیاسەتمەدارانى کورد ناتوانن هەڵوێستێک وەرگرن بە پێچەوانەى ئاواتەکانى ئەوان بێ، چونکە دەنگیان بۆ نادەن. وتم باشترە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکان بدەن لەگەڵ کۆمسیۆنى باڵاى عێراقی کە دەتوانێ چارەسەریان بکات. پاش چەند رۆژێکى تر جێگرى سەفیرى ئەمریکى هاتە کوردستان بۆ چاوپێکەوتنى هەردوو سەرۆکەکەى، چونکە سەفیر لەودەمەدا لە ئەمریکا بوو. پاش چەند رۆژێکى تریش ئەرمیتاج کە جێگرى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بوو لەگەڵ چەند بەرپرسێکى پایە بەرزى وەزارەتى دەرەوە هاتنە کوردستان بۆ هەمان مەبەست. لەلایەن بەرپرسێکى گەورەوە ئاگادارکرام رۆژى پاشتر(دووى کانوونى دووەمى 2005 ) شاندێکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە عێراق بە سەرۆکایەتى دکتۆر عەبدولحسێن هینداوى دێتە کەرکوک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى هەڵبژاردن، داواىلێکردم وەک شارەزایەک هاوکاریان بکەم لەو چاوپێکەوتنەداو ئاگاداری کردم پاش نیمەرۆى ئەو رۆژە کۆبوونەوەیەک سازدەکرێت بۆ دیارىکردنى داواکاریەکانمان پێش چوونى شاندى کوردى بۆ کەرکوک. لەو کۆبوونەوەدا کاک فازیل میرانىو کاک کەمال کەرکوکىو کاک نەجات حەسەن بەناوى پارتییەوە، کاک عەدنان موفتى و کاک جەلال جەوهەر و کاک رزگار عەلى بەناوى یەکیەتیەوە ئامادەى بوون. رۆژى پاشتر لەگەڵ کاک فازل و کاک عەدنان پێکەوە چوینە کەرکوک و لە بارەگاى لقى پارتى لە کەرکوک کۆبووینەوە، بە ئامادەبوونى بەرپرسیارانى هەردوو حیزب لە کەرکوک و کاک عەبولرەحمان موستەفاى ئوستاندارو نوێنەرانى لایەنەکانى لیستى برایەتى کەرکوک. لەسەر پێشنیازى کۆنسوڵى ئەمریکى بە تەلەفۆن، کۆبوونەوەکە لە کۆنسولخانەى ئەمریکى بەستراو پێشنیازىکرد ئەویش وەک چاودێر ئامادەى بێ. شاندى کۆمسیۆنى عێراقى بریتى بوو لە سەرۆکەکەى کە دکتۆر عەبدولحوسێن هینداوى بوو لەگەڵ کاک سەفوەت رەشید سدقى کە لە سلێمانیەوە هاتبوو بە مەبەستى گەرانەوە بۆ بەغداو کاک عادل لامى بەرێوەبەرى گشتى کۆمسیۆن. پاش بیرورا گۆرینەوەو گوفتوگۆ لەلایەن هەرولاوە بۆ ماوەى چەند سەعاتێک، نەگەیشتینە ئەنجام چونکە لایەنى کوردستانى داواى دواخستنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى دەکردو بەرپرسانى کۆمسیۆن دەیانگوت ئەو بریارە لە دەسەڵاتى ئەواندا نییە. سەعات گەیشتە سێى پاش نیمەرۆ وکاتى چاخواردنەوە هات، لەو ماوە کورتەدا لەگەڵ دکتۆر عەبدولحوسەین هینداوى کەوتینە گوفتوگۆوە، هەمان ئەو قسانەى لە هەولێر لەگەڵ کۆنسولى ئەمریکی چەند رۆژێک پێشتر کردبوومن، لەگەڵ ئەویشدا دووبارەم کردنەوەو پێمگوت ئەگەر ئەمرۆکە چارەسەرى ئەو کێشانەى نەکرێن، لەو باوەرەدام لایەنى کوردستانى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى عێراق ناکات. بەڵام دکتۆر هینداوى کە مرۆڤێکى لەسەرخۆو دۆستەو چەند ساڵێک لە کوردستان ژیاوە دەیگوت بریارى دواخستنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە دەسەڵاتى ئەودا نییەو دەبێ بریارى لەسەر بدرێت لەلایەن دەزگاى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. پێمگوت ئەى چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى وەک رێگانەدان بەو 107 هەزار کەسە کە بەشى زۆریان کوردن و تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان ناونووس بکەن، وەڵامى پۆزیتیڤ بوو، وتى رێگایان بێ دەدەین. پێمگوت پرۆسەى ناونووسکردن ماوەى دەوێ، تا چەند رۆژ درێژەى پێدەدەن؟ وتى هەفتەیەک، وتم کەمەو جەژنى قوربان بەسەردا دێت،، وتى لە 9 رۆژ زیاتر ناتوانین چونکە دەبێ پاش ئەو ماوە ناوەکان بەدوا شێوەیان هەڵواسرێن. ئەوجا پرسیارى گۆرینى بەرپرسى ئۆفیسى کەرکوکم لێکرد کە بەعسی بوو، وتى دەستەیەکى چوار کەسى دادەنێن، عەرەبێک و کوردێک و تورکمانێک و ئاسورییەک. ئۆفیسى کەرکوک مەرجێکى دانابوو کە کوردەکان دەبێ لە پارێزگاى کەرکوک ناسنامەکانیان (تەسدیق) بکەن تا بتوانن خۆیان ناونووس بکەن، وتى ئەو مەرجەش هەڵدەگرین. پێش ئەوەى دابنیشینەوە ئاگادارى کاک فازل میرانىو کاک عادل موفتیم کرد کە لەو ماوەدا لەسەر ئەم خاڵانە قسەم لەگەڵ دکتۆر هینداوى کردووەو رێککەوتووین لەسەریان، ئەوان دەڵێن چى؟. کاک فازل گوتى ئەوەى بە 3 سەعات پێمان نەکرا تۆ بە 3 دەقیقە کردت! دانیشتنەکەمان دەستى پێکردەوەو هەردولا رێکەوتین لەسەر ئەو چوار خاڵانەو پێکەوە گەراینەوە بۆ هەولێر. پاش چەند رۆژێکى تر هەمان کەسایەتى داواى لێکردم جارێکى تر لەگەڵ شاندى کوردى بچمەوە بۆ کەرکوک، چونکە شاندى کۆمسیۆنى عێراقى دێتەوە بۆ دیاریکردنى مێکانیزمى جێبەجێکردنى رێککەوتنامەى پێشتر. لە رۆژى دیارىکراودا چوینەوە بۆ کەرکوک بەڵام لەجیاتى کاک فازل میرانى دکتۆر ئیحسان محەمەد هاتبوو. لە پارێزگاى کەرکوک جگە لە کاک عادل موفتى وهاوکارانى ودکتۆر محەمەد ئیحسان و هاوکارانى، نوێنەرانى لیستى برایەتى کەرکوک هەموویان ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە بۆ دەستنیشانکردنى ئالیەتى رێککەوتنامەى هەفتەى پێشتر بوو، چەند پێشنیهادێک خرانە بەرچاو سەبارەت بە شێوەى ناونووسکردنى ئەو هەزارەها کەسە لەو ماوە کەمەدا کە جەژنى قوربانى لەگەڵدا بوو. بە بۆچوونى من، چوونى ئەو هەموو خەڵکە دوو جار بۆ کەرکوک لەو ماوە کورتەدا، جارێکیان بۆ ناونووسکردن وجارێکى تر بۆ دەنگدان، کارێکى ئاسان نەبوو، بەتایبەتى بەشى زۆریان بێ دەرامەتو خاوەن کار بوون و رۆژانى جەژنیش دەکەونە ناو ئەو ماوە کورتەدا. پێشنیازم کرد لە جیاتى ئەوەى ئەو هەموو خەڵکە ئەو هاتوچۆکردنە دووجار بکەن، چەند لیژنەیەکى چوار کەسیى پێکبێت لە عەرەبێک و کوردێک و تورکمانێک و ئاسورییەک بچنە ئەو جێگایانەى ئاوارەى کەرکوکى بە زۆرى لێیەو لەو جێگایانە ناوى ئەو کەسانە بنووسن ئەگەر پێناسەیان هەبوو کە خەڵکى ى کەرکوکن، بەڵام بۆ رۆژى دەنگدان بێنە کەرکوک ولەو بنکانەى بۆیان دیارى دەکرین لەوێدا دەنگبدەن. تەنیا نوێنەرى گرووپى ئیسلامى پشتگیرى لە پێشنیازەکەم کرد، ئەوانى تر هەموو وتیان ئەوە کارێکى ناقانوونیە، چونکە دەبێ پرۆسەى ناونووسکردن و دەنگدان هەروکیان لە کەرکوک ئەنجامبدرێن! پێش کۆتایهێنان بە دانیشتنەکەمان ناچاربوم بڵێم پێشنیهادەکەم قبووڵ نەکرا چونکە بە ناقانوونیتان لە قەڵەمدا، بەڵام پرسیارتان لێدەکەم ئایا ئەم کۆبوونەوەمان قانوونییە؟ هەموو دەزانین کەوا کاتى ناونووسکردن بەسەرچووە؟ ئێمە هاتووین بۆ چارەسەرکردنى کێشەیەکى گەورە کە زۆر لایەنى عێراقىو ئیقلیمى دەیانەوێ ئاڵۆزترى بکەن تا هەڵبژاردن لە عێراقدا سەرنەگرێ، بۆ بەو شێوە تەسکە تەماشاى قانوون دەکەن؟ بە هەرحاڵ رێککەوتین کە بنکەکانى تەرخانکراو بۆ ناونووسکردن ودەنگدان لە قەرە هەنجیر بۆ دانیشتوانانى سلێمانى، لە شوان بۆ ناوچەکانى رانیەو جێگاکانى تر، لە پردێ بۆ دانیشتوانانى هەولێر، لە سەرگەران بۆ خەڵکانى ناوچەکانى تر بکرێنەوەو هەر لەو جێگایانەش دەنگ بدەن. چارەسەرکردنى ئەو کێشە گەورەیە بووە هۆى سازدانى هەڵبژاردن لە کەرکوک کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندى هەموو لایەکدا بوو، بەتایبەتى ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردن لە عێراقدا. لەوە باوەرەدام ئەگەر کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لەسەرەتاوە بە جیددی تەماشاى داواکاریە رەواکانى خەڵکى ناوچەى کەرکوکى بکردایا، پرۆسەکە بە شێوەیەکى باشتر بەرێوە دەچوو. دەبێ لێرەدا ئەو راستەیش لەبیر نەکرێت کە هەڵوێستى سەرۆکى کۆمسیۆنى عێراقى دکتۆر هینداوىو کاک سەفوەت رەشید بووە هۆى سەرکەوتنى ئەو کۆبوونەوە کە ئاکامەکەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى مانگى یەکى 2005 بوو. دەتوانم بڵێم ئەو هەڵبژاردنەى لە کەرکوک ئەنجامدرا لە هەردوو هەڵبژاردنى پاشتر رێکوپێکتر بوو، چونکە پێشێلکاریەکانى رێنەماییەکانى هەڵبژاردن کەمتر بوون.
لایەنى کوردستانى دەبێ رێگا نەدا هەڵبژاردنێکى تازە لە پارێزگاى کەرکوک ئەنجامبدرێت تا بارى ناوچەکە ئاسایى نەکرێتەوە، ئەویش بە جێبەجێکردنى هەموو پەرەگرافەکانى مادەى 140 ى دەستوورى تازەى عێراق.
رێزگرتن لە قانوونى هەڵبژاردن و رێنماییەکانى و رێگا نەدان بە دەستێوەردان لە کاروبارى هەڵبژاردن تەنیا رێگاى سەرکەوتنە بۆ گەلى کوردستان. چ لە هەرێمى کوردستان بێ یان لە کەرکوک، پێش گەرانەوەى بۆسەر سنوورى هەرێم. جێبەجێکردنى مادەى 140 دەستوور بە هەموو پەرەگرافەکانیەوە و رێزگرتن لە قانوون لایەنەکانى عێراقى ناچاردەکات سەردابنوێنن بۆ داخوازیەکانى خەڵکى کەرکوک، بەڵام سەرپێچیکردن لە جێبەجێکردنى ئەو مادە دەستووریەو رێزنەگرتن لە قانوونەکانى هەڵبژاردن لەلایەن حکومەتى عێراق و لایەنە سیاسیەکانى عێراقى، لایەنى کوردستانى ناچار دەکات بریارى چارەنووسزا بدات، بەڵام دەبێ بەئاگادارىو لەژێر چاودێرى دەزگا نێو دەوڵەتیەکان بێ.
هەولێر 26 نیساتى 2006
* بەشى تایبەت بە هەڵبژاردنەکانى کەرکوک بریاربوو لە رۆژى دووەمى ئەو کۆنفرانسەى رێکخراوى KIE رێکیخستبوو بۆ هەڵسەنگاندنى رۆڵى هەر یەک لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق و رێکخراوە نا حکومیەکان کە لە رۆژانى 24 و 25 ى نیسانى 2006 لە دوکان بەسترا، بە ئامادەبوونى بەشێک لە ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیۆنى عێراقىو نوێنەرانى ژمارەیەک لە نوێنەرانى حیزبە سیاسیەکان و رێکخراوە نا حکومیەکان، پێشکەشى بکەم، بەڵام لەبەر چەند هۆیەکى چاوەروان نەکراو لە رۆژى دووەمى کۆنفرانسەکە نەمتوانى ئامادەى بم، لێرەدا سەرجەمى بابەتەکە بڵاو کراوەتەوە.

(هاوڵاتى)، ژمارە ( 273)، 10 ئایارى 2006.

No comments: