Friday 12 October 2007

امەزراندنەوەى دەوڵەتى عێراق پێویستى بە چەند مەرجێک هەیە کە تائێستا جێبەجێ نەکراون

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دکتۆر نورى تاڵەبانى :
دامەزراندنەوەى دەوڵەتى عێراق پێویستى بە چەند مەرجێک هەیە کە تائێستا جێبەجێ نەکراون
دکتۆر نورى تاڵەبانى وەک ئەندامێکى پەرلەمان و نووسەرێکى ئەکادیمى لەو کەسایەتیانەیە کە خەمخۆرى راستەقینەى کێشەى کەرکوکن و پرۆژەیان هەبووە بۆ ئەو شارە،(ستاندەر) بەرێزیانى دواند، ئەویش ئەم وڵامانەى دایەوە، (گۆڤارى ستاندەر).

1 -ئایا نەخشەیەکى ئامادەکراو ودارێژراو هەبوو بۆ داگیرکردنى عێراق؟ یان عێراق بەهۆى داگیرکردنى کوێتەوە پاساوى دا بەدەستەوە؟
وەڵام: ئەمریکا پیش داگیرکردنى کوێت کێشەى لەگەڵ رژێمى بەعسى لە عێراقدا نەبووە، لەکاتى شەرى نێوان عێراق و ئێرانیشدا پشتگیرى لەو رژێمە دەکرد. هاتنى رامسفیلد وەک نوێنەرێکى تایبەتى سەرۆک بوشى باوک بۆچاوپێکەوتنى سەدام حسێن چاکترین بەڵگەیە بەوەى پەیوەندی تایبەتی لە نێوان هەردوو حکومەتى ئەمریکاو عێراق پێش داگیرکردنى کوێت باش بووە. بازارەکانى عێراق پربوون لەئاردو شتومەکى ئەمریکى کە بە قەرز دەدرانە حکومەتى عێراق. ئەو هەموو تاوانانەى رژێمى بەعسى کردبوونى دژ بە گەلى کورد بەتایبەتى وگەلانى عێراق بەتێکرایى، وەک تاوانى بەکارهێنانى چەکى کیمیایى وتاوانى ئەنفال حکومەتى ئەمریکا بێ دەنگ بوو باسى نەدەکردن. ئەوانە هەمووى بەڵگەى ئەوەن کە پەیوەندى ئەمریکا لەگەڵ رژێمى عێراقدا چاک بووە. بەڵام پاش داگیرکردنى کوێت ئەمریکا ترسى لێنیشت کە سەدام دەست بەسەر ناوچەکانى نەوتى کەنداودا بگرێ، بۆیە زوو کەوتە هەوڵدان بۆ دەمکوتکردنى. لەپاش داگیرکردنى کوێت ئەوجا حکومەتى ئەمریکا باسى لە تاوانەکانى حکومەتى عێراق دەکرد.
2 بۆچى ئەمریکا لەساڵى 1991دا رژێمى سەدامى نەروخاندو دواى خست بۆ ساڵى 2003؟
وەڵام: شەرى کەنداوى یەکەم بەهاوکارى دەوڵەتانى کەنداو لەگەڵ میسرو سوریا ئەنجامدرا بۆ دەرکردنى لەشکرى عێراقى لە کوێت. ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون رژێمى بەعسى لەناوبچێ. هەڵوێستى بەشێک لە گرووپە شیعەکانى عێراق کە دروشمى سەیریان هەڵکردبوو لەکاتى راپەرینى بەهارى 1991 دا، ئەمریکاو دەوڵەتانى ناوچەکەیان ترساند لەوەى رژێمێکى ئیسلامى لەچەشنى رژێمى ئێرانى لە عێراقدا دروست ببێ. سەرۆکى ئەمریکا لەسەرەتادا داواى لە گەلانى عێراق کرد راپەرن، بەڵام فشارى دەوڵەتەکانى ناوچکەو پشتگیرى نەکردنى هاوپەیمانانى لە درێژەدان بە شەر بەبیانووى ئەوە بریارى ئەنجومەنى ئاسایش بۆ روخاندنى رژێم نییە، تەنیا بۆ دەرکردنى لەشکرى عێراقە لە کوێت، بوونە هۆى مانەوەى رژێم. ئەمریکاو هاوپەیمانانى لەو دەمەدا هەر دەیانویست سەدام دەمکوتبکرێت، چونکە کاریان پێى مابوو بۆ ترساندنى ئێران.
3 بیل کلینتۆنى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا ئیمزاى لەسەر قانوونى ئازادکردنى عێراق کرد بەڵام لە ساڵى 2003 دا جۆرج دەبلیوو بۆشى بە پێى بریارى نەتەوە یەکگرتووەکان بەداگیرکەرى دانا بۆچى؟
وەڵام: ئەوە باشترین بەڵگەیە بۆ هەڵوێستى دوو روویى ئەو دوو حیزبە. ئەگەر بەرژەوەندى وڵاتەکەیان یان حیزبەکەیان پێویست بکا، رەش دەکەنە سپىو پاساوى بۆ دەهێننەوە. سیاسەتمەدارانى کورد دەبێ زۆر وریا بن لە سیاسەتى دەوڵەتە زلهێزەکان، چونکە ئەوان تەماشاى بەرژەوەندى خۆیان دەکەن و چاویان لە دۆستایەتى کەس نییە تاسەر. سیاسەتى ئەمریکا لە ساڵانى حەفتاکاندا دەربارەى مەسەلەى کوردى چەند گۆرانکارى بەسەردا هات. سەردەمێک پارتى کۆمارى رەخنەى لە سیاسەتى حکومەتى بیل کیلننتۆن دەگرت، بەڵام کە بووە حیزبى دەسەڵاتدار، بە پێچەوانەى رەخنەکانى پێشووى رەفتارى لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى عێراقیدا دەکرد.
4 - پۆچى، چەکى کۆکژ، پێشێلکردنى مافەکانى مرڤ، پەیوەندى هەبوون لەگەڵ گرووپە تێرۆریستەکان، نەبوونە پاساوى قانوونى بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تا بریارى هێرشکردنە سەر عێراق بدات؟
وەڵام: ئەو هەموو تۆمەتانە، پێشێلکردنى مافەکانى مرڤى لێ بەدەر بێ، بە شێوەیەکى قانوونى بە بەڵگەوە ئیسپات نەکراون دژ بە رژێمى عێراقى. تیمە تایبەتیەکان کە خەریکى پشکنین بوون بەدواى چەکى کۆکژی نەیانتوانى بیسەلمێنن کە عێراق ئەو جۆرە چەکانەى هەیە. هەروا دەزگاکانى حکومەتى ئەمریکا کە دەمێکە خەریکى دۆزینەوەى پەیوەندین لەنێو رژیمى عێراقىو گرووپە تێرۆریستیەکانى قاعیدە بەڵگەیان بە دەست نەهێناوە کە ئەو پەیوەندیەى هەبووە. لە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا یەک هەڵوێستى نەبووە سەبارەت بە عێراق. چەند دەوڵەتێک تا ئێستاش دەڵێن چەکى کۆکژى لە عێراق نەدۆزراوەتەوە. هەمان شت سەبارەت بە پەیوەندى رژێمى بەعسى بە گرووپە تێرۆریستەکانەوە کە دەزگاکانى ئەمریکى تا ئێستا بە بەڵگەى دروست نەیانتوانیوە بیسەلمێنن. بەشێک لەو گرووپانەى لە شەقامەکانى ئەمریکاو ئەوروپادا خۆپیشاندان ساز دەکەن دژ بە ئەمریکاو هاوپەیمانانى، ئەو تۆمەتانە رەد دەکەنەوە کە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر عێراق پشتی پێ بەستوون.
5 - وڵاتانى ناوچەکە لەشەرى (کوێت – عێراق) بەشدارى شەرەکە بوون بەڵام لە رووخانى رژێمى بەعسى لەبرى هاوکارى نەیار بوون؟
وەڵام: بەشێک لەوەڵامى ئەم پرسیارە لە وەڵامدانەوەى پرسیارى دووەم روونم کردووەتەوە. لە راستیدا وڵاتانى ناوچەکە بەشداریان لە شەرى کوێت – عێراق کرد چونکە لە خۆیان دەترسان. رژێم پاش داگیرکردنى کوێت بە نیاز بوو ناوچەى کەنداو یەک لەدواى یەک داگیربکات. سەدام نەیدەشاردەوە کە پاش کوێت سرە دێتە سەر دەوڵەتى ئیمارات. گەر ئەو دوو دەوڵەتەى داگیربکردبا، سعودیەش قووت دەدرا. ئەمە سەبارەت بە دەوڵەتانى کەنداو کە لەبەر ترسى داگیرکردنیان بە هەموو توانایانەوە بەشداریان لە شەرى رزگارکردنى کوێت کرد. رژێمى بەعسى لە سوریا هەمیشە نەیارى بەعسى عێراق بووە. میسر بەشدارى لە شەر کرد چونکە سەدام درۆى لەگەڵ سەرۆکەکەى کردو پاشتر بە درۆزنى ناوبرد، هەروا زۆر بەخراپە رەفتارى لەگەڵ نزیکەى دوو ملیۆن میسرى دەکرد کە لە عێراق بوون. ئەم دەوڵەتانە بەشداریان لە رووخانى رژێمى بەعسى نەکرد چونکە لە خۆیان دەترسان، بەتایبەتى لەو سەردەمەوە ئەمریکا باس لە بە دیموکراتیزەکردنى دەوڵەتانى رۆژهەڵاتى ناوەراست دەکات، دەترسان پاش عێراق سرە بگاتە سەر ئەوان.
6 – سوننەى عەرەب، کورد، شیعە، یەک هەڵوێست نەبوون لە هاتنى ئەمریکا بۆچى؟
وەڵام: سوننەى عەرەب لەوەتەى دەوڵەتى عێراق دروستکراوە حوکمرانى ئەم دەوڵەتە دەکەن، بۆیە دژى لابردنى رژێمى سەدام بوون کە بە کردەوە دژایەتى شیعەو کوردى دەکرد و هەموو سەروەت و سامانى عێراقى لە ناوچەکانى ئەواندا سەرف دەکرد. کوردو شیعە لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەو دەوڵەتەوە ژێر دەستە بوون وناوچەکانیان وێران بوون، بۆیە پشتگیریان لە هەموو لایەنێک دەکرد کە رژێمى سەدام بروخێنێ. چەند جارێک گوێم لە سەرانى حیزبە شیعەکانى عیراقى بووە راشکاوانە وتوویانە هاوکارى شەیتانیش دەکەین گەر رژێمى سەداممان بۆ بروخێنێ. ئەمرۆکە ئەگەر بەشى زۆرى لایەنەکانى شیعەى عەرەب هەڵوێستیان گۆرانى بەسەردا هاتبێ، لەبەر ئەوەیە وادەزانن کاریان بە ئەمریکا نەماوەو خۆیان بوون بە خاوەن دەسەڵات! دەبێ رۆڵى ئێران لەبیر نەکرێت، چونکە بەشى زۆرى لایەنە شیعەکان پشتگیرى لێ دەکەن، لە کاتێکدا پەیوەندى ئێران لەگەڵ ئەمریکادا زۆر خراپە. کورد بە روخانى رژێمى بەعسى کیانێکى بۆ خۆى دامەزراندووە کە دەبێ پتەوترو بەهێزترى بکات تا تواناى مانەوەى هەبێ.
7 – ئایا ئەوەى ئێستا لە عێراق روودەدا بەپێى قانوونە نێو دەوڵەتیەکان تێرۆرە یان بەرگرى و بەپێى برگەى (2)ى مادەى (1)ى مەنیفێستى نەتەوە یەکگرتووەکانە؟
وەڵام: بەرەنگاربوونەوە کاتێ سیفەتى تێرۆر وەرناگرێ گەر دژ بە لەشکرى داگیرکەر بێ، نەک خەڵکى سڤیل و ئەو دەزگایانەى بۆ خزمەتى گشتى تەرخانکراون، وەک دەزگاکانى ئاوو کارەباو پردو رێگاوبانى گشتى و... لەشکرى ئەمریکاو هاوپەیمانانى بە پێى بریارى ئەنجومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتى بە داگیرکەر دراونەتە قەڵەم، بەڵام ئەو کارانەى کە ئەو تاقمانە بە ناوى "بەرهەڵستکارەوە" دەیکەن و بەشى هەرە زۆریان دژ بە خەڵکى سڤیل و دەزگا مەدەنىو خزمەتگوزاریەکانن، ناشێ ئەو ناوەیان لێبنرێ. هەموو دەزانین ئەوانەى بەو کارە تێرۆریستانە هەڵدەستن بەشى زۆریان گرووپى سەر بە قاعیدەو پاشماوەکانى رژێمى بەعسن. ئەو گرووپانە چ لە ئەفغانستان بێ یان لە عێراق رەفتاریان لەگەڵ گەلانى خۆیان هەر کوشتن و برین و سوتاندن و ماڵ وێرانکردن بووە.
8 – بۆچى ئەو بەرگرییە لە سیگۆشەیەکدایە و هەموو عێراق ناگرێتەوە؟ چۆن لەداهاتووى ئەو بەرگرییە دەروانیت؟
وەڵام: ئەو بەناو بەرگرییە تەنیا لەو شوێنانەدا کە عەرەبى سوننەى تێدا دەژین وجودى هەیە، ئەوانەى چەکیان هەڵگرتووە دەسەڵاتیان لە دەست چووە. چارەسەرکردنى کێشەکانى عێراق بە شێوەێکى دیموکراسیانە کە تێیدا مافى هەموو گرووپ و لایەنێک دابین بکرێ دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى کارى تێرۆریستى. ئەو گرووپە تێرۆریستیانە کە سەر بە قاعیدەو کۆنە بەعسین، ئەمرۆ بێ یان سبەى لەناو دەچن گەر بارى سیاسى لە عێراقدا بەرەو باشى بروا بەداخەوە تا ئێستا لایەنە سیاسیەکانى عێراقى نەیانتوانیوە لەسەر ئەرزى واقیع ئەو مافانە مسۆگەر بکەن بۆ خۆیان و لایەن و نەتەوەو گرووپەکانى تر.
9 = سوننەى ناوەراست زیاتر لەسەدەیەکە هاوکارى رۆژئاواییەکان بوون کە عێراقى لەسەر بنیات نرابوو، بەڵام لەدواى هاتنى ئەمریکا ئەو پەیوەندییە پێچەوانە گۆرا، چۆن لێى دەروانیت؟
وەڵام: سوننەى عەرەب ئێستاش گەر دەوڵەتەکانى رۆژئاوا دەسەڵاتى جارانیان پێبدەنەوە هاوکارى لەگەڵ دەکەنەوە. کەواتە مەسەلەکە هەر دەسەڵاتە، ئەوان خۆیان بە خاوەنى عێراق دەزانن، بەڵام ئێستا ئەو دەسەڵاتەى جارانیان لە دەست چووە بۆیە دژایەتى ئەمریکا دەکەن.
10 – ئایا روخانى رژێمى بەعسى نیشانەى روخانى رژێمى عەلمانى نەتەوەیى شۆڤێى نییە؟
وەڵام: روخانى رژێمى بەعسى نیشانەى روخانى رژێمى شۆڤێنى یە لە عێرقدا، نەک بیرى شۆڤینى کە ماوەو توندرەو تر بووە. بەشى زۆرى کارى تێرۆریستى هەڵگرانى بیروباوەرى شۆڤینى عەرەبى دەیکەن بە ئومێدى گەرانەوەى رژێمى شۆڤینى. بەشێکیان لە ژێر پەردەى ئاینى پیرۆزى ئیسلامدا خۆیان حەشارداوەو هەموو جۆرە کارێکى تێرۆریستى دەکەن. بەڵام لەناو عەرەبى شیعەشدا گرووپى شۆڤینى عەرەبى توندرەو هەن، بیرو باوەرى حیزبى دەعوەو گرووپى موقتەدا سەدر نزیکن لە بیروباوەرى بەعسیەکان، هەموو "عروبەوین". کەواتە بیروباوەرى شۆڤێنی عەرەبى لەناو عەرەبى سوننەو عەرەبى شیعەشدا هەیە. سەبارەت بە عەلمانیەت رژێمى بەعسى وەک حیزبى نازی باوەرى بە هیچ نەبووە لەمانەوە بەولاوە لەژێر هەر پەردەیک بێ. ئێستاش هەر هەوڵى گەرانەوە بۆ حوکمرانىکردنى عێراق دەدەن چ بەناوى ئیسلامەوە بێ یان عیلمانیەت.
11 - ئایا کورد نەخشەیەکى ستراتیژى دڵنیاى هەیە لەگەڵ ئەمریکا؟ یان ئەو هاوپەیمانییە زارەکییە؟ تا چەند لەسایەى بنەماى بەرژەوەندیدا مانەوەى هەیە؟ ئایا پێگەى وڵاتان و نەتەوەکانى دەوروبەر بەهێزترە لە کوردو کوردستانى بۆ بەرژەوەندى ئەمریکا؟ کەواتە کورد چى بکات لەم قۆناغەدا لەسەر ئاستى ناوخۆیىو ناوچەیىو جیهانى؟
وەڵام: ئەم پرسیارە پێکهاتووە لە چەند پرسیارێک، دەبێ ئەوە لەبیر نەکرێت کە ئەمریکا دەوڵەتێکى زلهێزە هەمیشە تەماشاى بەرژەوەندى خۆى دەکات. کورد لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتانىتریش دەبێ بەرنامەو ستراتیژى هەبێ، بەشێوەیەکى گونجاو لەگەڵ واقیعى ئێستاو پاشەرۆژدا داریژراو بێَ. دونیا لە گۆرانکاریدایە، بەرەو بنیاتنانى دیموکراسەت دەروا، نازانم تا چ رادەیەک حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان دەتوانن لەگەڵ ئەم گۆرانکاریانەدا خۆیان بگونجێنن؟ ئەمرۆ خۆ بگونجێنن لەسبەى چاکترە، بە کردەوە نەک بە قسەو هەڵکردنى دروشمى بریقەدار. لەسەر ئاستى ناوەوەو ناوچەکەو جیهانیش، یەک رێگا هەیە بۆ سەرکەوتنى کوردو گەیشتن بە ئامانجەکانى نەتەوەکەمان، ئەویش یەک رێزیە لەسەر بنەمایەکى راست و دروست. کورد لەم عەسرەدا دەبێ بە بەرنامە کاربکات، کەسانى شارەزاو لێزان بەشدارى لە دارشتنى بەرنامەو ستراتیژ بکەن، بەتایبەتى ئەو کەسانەى ئاگادارى ئەو گۆرانکاریانەن کە رۆژانە لەسەر گۆرەپانى سیاسى دەوڵەتىو نێو دەوڵەتی روودەدەن.
12 - کورد، سوننە، شیعە، ئیسلامى، عیلمانى، دیموکرسى، دیکتاتۆرى، چەندیان قازانجیان لەم بارودۆخە کردووەو چەندیان زەرەر مەند بوون؟ ئایا خودى ئەمریکا بە پێى نەخشەى ستراتیژیەکانى قازانجى لەم پرۆسەیە کردووە یان زەرەر؟
وەڵام: چاکترە بەشى دووەمى پرسیارەکەتان لە ئەمریکاییەکان بکەن! بەهەر حاڵ وەک لەمەوبەر ئاماژەمان بۆکردووە، ئەمریکا وەک دەوڵەتێکى زڵهێز بەڵکو گەورەترین زڵهێز هاتووەتە ناوچەکە بۆ دابینکردنى بەرژەوەندیەکانى. ئێمەى کورد قازانجى گەورەمان لەوەدا بوو کە رژێمى بەعسى نەماوە. داتەپینى دەوڵەتى دیکتاتۆرى بەعسىو دەزگاکانى بە ئەمن و موخابەرات و سوپاکەیەوە گەورەترین قازانج بووە بۆ کورد. بەهۆى هاتنى ئەمریکاوە بۆ عێراق و ناوچەکە، بارى سیاسى لە هەموو بەشەکانى ترى کوردستان گورانکارى بەسەردا هاتووە. رژێمى بەعسى نەدەروخا ئەگەر ئەمریکاو هاوپەیمانانى عێراقیان داگیر نەکردبا. بەڵام دەبێ ئاگاداربین دوژمنمان زۆرتر بووە لەسەر ئاستى عێراق و ناوچکەدا. هەتا لەسەر ئاستى جیهانیش، کۆمەڵێک دۆستمان هەبوون کە نەیارى سیاسەتى ئەمریکان، ئێستا بە چاوى جارانەوە تەماشاى مەسەلەکەمان ناکەن.
_________________________________
گۆڤارى (ستاندەر)، ژمارە (14)ى ساڵى دووەم، نیسانى 2007.

1 comment:

Hiwa Mohamadi said...

slaw o rez bo barez doktor talabani.
kalki zorem la wetarakatan wargert.
amn kordeki eranimoo pewistem ba yarmatitan haya. man masteri Speech-Language Pathology imoo la mezha pem khosha la zankokani kordestan la khezmati zemanoo kaltori kordiw mardomi kordawari da bem.balam ba dakhawa heshta baw hadafa nagayeshtem, tekaya wakoo kordeki khwenpakoo delsozoo korddost regam pe nishan dan.ama e-mailakay mena,
hiwa.mohamadi@gmail.com