Friday 12 October 2007

کەرکوک بۆ مێژوو دەدوێت، لەگەڵ دکتۆر نورى تاڵەبانى



"کەرکوک بۆ مێژوو دەدوێت" بریتیە لە چەند چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی کەرکوک دەربارەى بارودۆخى کۆن وتازە لەو شارەدا، لە سەرەتاى 2007 دا لەلایەن مەکتەبى بیرو هۆشیارى(ی.ن.ک.) ئامادەکراوەو بڵاوکراوەتەوە. چەند پرسیارێک ئاراستەى دکتۆر نورى تاڵەبانى کراوە، لێرەدا پوختەى ئەو چاوپێکەوتنە بڵاودەکەینەوە.
پرسیارى یەکەم دەربارەى خۆى وبنەماڵەکەیەتى.
و: لە بنەماڵەێکى ئایینى ناسراوى کەرکوک، کوڕى شێخ جەمیلى تاڵەبانی م، کە شێخى ئیرشادى تەکیەى تاڵەبانى بوو. ئەو تەکیە لە کەرکوک بە تەکیەى گەورە، بە تورکمانى بە(بیوک تەکیە) دەناسرێ، سەرچاوەى تەکیەکانى تاڵەبانى یە لە بەشەکانى کوردستان ودەرەوەى کوردستانیش. لە منداڵیەوە پێم خۆشبوو لە کۆڕى پیاوانى گەورەو بە تەمەن دابنیشم وگوێ لە قسەکانیان بگرم، هەندێ لەو قسانەم لە بیر ماوە، پێم باشە بیانگێڕمەوە تا نەوەى تازەش ئاگادارى ئەو بەسەرهاتوو وڕووداوانە بن.
قوتابخانەى ئیمام قاسمى کوڕان:
لە قوتابخانەى سەرەتایى"ئیمام قاسم"ى کوڕان خوێندنى سەرەتاییم تەواوکردووە، قوتابیەکان وبەشى زۆرى مامۆستاکان کورد بوون، بەڵام بە زمانى عەرەبى دەمانخوێند. لەبەر ئەوەى لە زمانى عەرەبی تێنەدەگەیشتین، مامۆستاکان ناچار دەبوون بە کوردى دەرسەکانمان بۆ ڕوونبکەنەوە. لە قوتابخانەى ناوەندی ودواناوەندی قوتابی تورکمان وعەرەب وکلدان وئاشورى وئەرمەنى لێبوو، بەڵام ژمارەى قوتابیە کوردەکان زیاتر بوو. بەشێک لە قوتابیە عەرەبەکان منداڵى فەرمانبەرو ئەفسەرانى فیرقەى دوو لە سوپاى عێراق بوون، کە مەڵبەندەکەى لە کەرکوک بوو. قوتابخانەى دواناوەندی کەرکوک تەنیا قوتابخانە بوو لە ئوستان (پارێزگا)ى کەرکوک، لەوێدا پێکهاتەى نەتەوەیى کەرکوک بەدى دەکرا، لە شارۆچکەکانى کفرى ودوز وچەمچەماڵ وحەوبجە قوتابیانى ئەو قۆناغە ڕوویان تێدەکرد بۆ تەواوکردنى خوێندنیان.
کێشەى ناوخۆى خوێندکارە تورکمانەکان:
لەناو قوتابیاندا دووبەرەکى وکێشەى ئەتنى کەم بوو، بەڵام لە نێو قوتابیە تورکمانەکاندا جاروبار گیۆمان لە دەنگەدەنگ دەبوو لە کاتى پشوودانا، بەشێکیان سەر بە حیزبى جەلال بایارو ئەوانى دیکە سەر بە حیزبى عیسمەت ئینەنۆ بوون! جەلال بایار لەو سەردەمە سەرەک کومارى تورکیا بوو، حیزبى عیسمەت ئینەنۆ کە حیزبەکەى موستەفا کەماڵ بوو، حیزبى ئۆپۆزسیۆن بوو.
هەندێ بیرەوەرى و ڕووداوى باس نەکراوەتان بۆ دەگێڕمەوە. لە ساڵى 1954 دا ڕێکەوتنامەى سەربازى دوو قۆڵى نێوان حکومەتى عێراق وتورکیا مۆرکرا، سەرەک وەزیرانى ئەو سەردەمەى تورکیا(عەدنان مەندریس) سەردانى عێراقى کرد، پێکەوە لەگەڵ سەرەک وەزیرانى عێراق نورى سەعید بە شەمەندەفەر هاتنە کەرکوک. جگە لە کاربەدەستانى حکومەتی، بەشێک لە تورکمانەکان چوبوون بە پیریانەوە بۆ مەحەتەى شەمەندەفەرى کەرکوک. دەیانگێڕایەوە کاتێ میوانەکان گەیشتوون، قەسابێکى تورکمان بە خۆى وبەرخێکەوە چووەتە بەردەم عەدنان مەندریس بە مەبەستى سەربڕینى لە ژێر پێیدا، بەڵام پێى وتووە "گەورەم، خۆم لەژێر بێتا سەربڕم یان ئەم بەرخە"! هەڵوێستى ئەو قەسابە نەخوێندەوارو نەزانە وچەندەها کەسى وەک ئەو هۆیەکەى پرۆپاگەندەى رادیۆى ئەنقەرە بوو کە بڵاویدەکردەوە تورکمان وکەرکوک بەشێکن لە تورکیاى دایک. هەر لە ناوەراستى پەنجاکانى سەدەى ڕبوردوودا، شەقامێکى گرنگ لە کەرکوک لەلایەن شارەوانییەوە بە شەقامى "سیروان" ناولێنرا. سەرۆکى شارەوانى پارێزەر شێخ فازیل تاڵەبانى بوو، تورکمانە توندڕەوەکان کردیانە هەڵلا، گوایا چۆن دەبێ لە شارێکى وەک کەرکوک شەقامێک بە ناوێکى کوردییەوە ناوبنرێت! لە رۆژنامەکانى تورکیاو هەتا عێراقیش شتى ناڕەوایان دژ بە سەرۆکى شارەوانى بڵاودەکردەوە، وەک ئەوەى ئەو شەقامەى بە ناوى کوڕەکەیەوە ناولێنراوە! ئەوە یەکەم شەقام بوو لە کەرکوک کە ناوێکى کوردی هەبێ.
دەرخستنى کێشەى کەرکوک لەناو شارەکەدا.
دووبەرەکى وناتەبایى نەتەوەیى لە نێو کوردو توکمان پاش 1958 پەڕەى سەند. لە تەموزى ئەو ساڵەدا بەکالۆریۆسم لە کۆلێژى ماف(حقوق) لە زانکۆى بەغدا وەرگردو گەڕامەوە کەرکوک. پاش چەند مانگێ، لە ئۆکتۆبەرى هەمان ساڵ خوالێخۆشبوو مەلا موستەفا بۆ یەکەم جار گەڕایەوە کوردستان. شەوێک لە کەرکوک مایەوە بوو بە میوانى سەرکردەى فیرقەى دوو، جەنرال نازم تەبەقچەلى لە (یانەى ئەفسەران). کوردى کەرکوک بە گەورەو بچوک و هەموو چین وتوێژەکانیانەوە دەچوونە لاى بۆ بەخێرهاتنەوەکردنى. کۆمەڵێک لاو بووین تا شەو لەلاى ماینەوە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵک. خوالێخۆشبووان هەمزە عەبدوللاو ساڵح بەگى میرانى لەگەڵیا بوون. رۆژى دواتر بەرەو هەولێر تا شارۆچکەى (پردێ) بەڕێمانکرد، پاش گەڕانەوەشى بۆ کەرکوک چوو بۆ سلێمانى، تا (قەرەهەنجیر) لە گەڵیا بووین. کاتێ لە سلێمانی گەڕایەوە، شەوێکى تر لە کەرکوک مایەوە، لە فڕۆکەخانەى سەربازیى کەرکوک بەرەو بەغدا گەڕایەوەو جارێکى ترخەڵکێکى زۆر لەگەڵیا چووین بۆ بەڕێکردنى. ئامر ئینزیباتى فیرقەى دوو، کە ئەفسەرێکى تورکمان بوو(هیدایەت ئەرسەلان)، بەناوى فیرقەوە هاتبووە فرۆکەخانە بۆ بەڕێکردنى، بەڵام لە فرۆکەخانە کتوپر نەخۆش کەوت و لە ڕێگاى نەخۆشخانەدا دڵى لە راوەستان کەوت. ئەو ئەفسەرە کاتى خۆى بەشدارى لە بەشى زۆرى شەڕەکانى دژ بە بارزانیەکان کردبوو، دەیانگوت لە غەما دڵى لە ڕاوەستان کەوتووە! کوڕێکى قوتابى بوو لەگەڵما ناوى(ساتیع ئەرسەلان)بوو، ئێستا پزیشکە لە کەرکوک، کوردیێکى باشى دەزانى. جارێکیان پرسیارم لێکرد ئەو کوردیە باشە لە کیۆ فێر بووە، وتى لە رەواندوز چونکە باوکى چەند ساڵێک لەوێ ئەفسەر بووە.
تورکمانە توندڕەوەکان مردنى هیدایەت ئەرسەلانیان قۆستەوە بۆ سازدانى خۆپیشاندان، بە هاندانى چەند ئەفسەرێکى قەومى لە فیرقەى دوو. دەتوانم بڵێم دووبەرەکى وناکۆکى لەو رۆژەوە تا دەهات توندتر دەبوو لە نێو کوردو تورکماندا.
نازم تەبەقچەلى:
لە پاش سەرکەوتنى شۆرشى تەموزى ساڵى 1958 جەنرال نازم تەبەقچەلى ناولێنراو بوو بە فەرماندەى فیرقەى دوو لە کەرکوک، کە حوکمى هەموو کوردستانى بە دەستەوە بوو. تەبەقچەلى لە بنەماڵەێکى عەرەبى سوونەى بەغدا بوو، باپیرە گەورەیان لە سوریاوە هاتوون بۆ عێراق، بەڵام هاوسەرەکەى تورکمانى تەلەعفەر بوو. پێوەندى نێوان کوردو تورکمان پاش هاتنى تەبەقچەلى بۆ کەرکوک بەرەو خراپە دەچوو، لە نزیکەوە دۆستایەتى لەگەڵ تورکمانە توندڕەوەکان پەیداکرد، بەتایبەتى لەگەڵ بەشێک لە پارێزەرانى توندڕەو. زوو زوو دەچووە سەر دەعوەتیان ولەگەڵیان کۆدەبووەوە، ئەوەش بووە هۆى ئەوە بزوتنەوەێکى نائاسایى لە نێو تورکمانە توندڕەوەکاندا پەیدابێ کە پێشتر بەو شێوەیە نەبوو. بە کورتى نازم تەبەقچەلى رۆڵێکى سەرەکى بینیوە لە تێکدانى پێوەندى کوردو تورکمان. لەو کتێبەم بەناوى (ناوچەى کەرکوک وهەوڵى گۆڕینى بارى نەتەوەیى ئەو ناوچەیە)کە لە ساڵى 1995 دا بە زمانى عەرەبى لە سوێد چاپکراوە، ئاماژەم بۆ ئەو راستیە کردووە. ماوەیەک پاش گەیشتنى تەپەقچەلى بۆ کەرکوک داواى لە وەزیرى ناوخۆی عێراق عەبدولسەلام عارف کردبوو سەرۆکى شارەوانى کە کورد بگۆڕێ کە کورد بوو. پاش لابردنى تا ڕووخانى بەعس لە ساڵى 2003 دا کورد نەکرایەوە سەرۆکى شارەوانى کەرکوک لە خوالێخۆشبوو شەهید شێخ مارف بەرزنجى بەولاوە، کە لە سەرەتاى 1959 دا بۆ ماوەێکى کەم کرایە سەرۆکى شارەوانى، لەو ساڵەوە تا 1969 هەر تورکمانیان دەکردە سەرۆکى شارەوانى کەرکوک، بەڵام لە ساڵى 1969 دا، مەزهەر تکریتى ئەو پۆستەى پێدرا. باپیرە گەورەى تکریتیەکان لە سوریاوە لەگەڵ سوڵتان مورداى چوارەم هاتوونەتە عێراق بۆ هاوکاریکردنى لەشکرەکەى لە پێناو دەرکردنى سەفەوەییەکان لە عێراق. پێش گەڕانەوەى سوڵتان بۆ ئەستەموول، چەند گوندێکیان پێ دەبەخشێ بەرامبەر هاوکاریکردنیان. پێوەندى تکریتیەکانى کەرکوک لەگەڵ کورد وتورکمان باش بوو. لە کەرکوک جگە لەوان عەرەبى دیکەى لێ نەبوو، عەرەبى (عەگاڵ)لەسەر بەرچاو نەدەکەوتن، بەڵام پاش تەواوکردنى پرۆژەى حەویجە ونیشتەجێکردنى خێڵى عەرەب لەو ناوچەیە، بەشێک لە منداڵەکانیان بۆ تەواوکردنى خوێندنیان دەهاتنە کەرکوک. خەڵکى کەرکوک بە چاوێکى سەیرەوە تەماشاى عەرەبى حەویجەیان دەکرد، چونکە زۆر دواکەوتوو بوون.
پرۆژەى ئاوى حەویجە:
پ: ببوورە دکتۆر گەر بیرت نەپچڕێنم، ئایا پرۆژەى ئاوى حەویجە تەنها بۆ عەرەب بوو، یان بۆ کوردیش بووە، تا چ ڕادەیەک ئەمە راستە؟
وەڵام: لەو باوەڕەدام ئەو پرۆژەیە لە سەرەتاوە هەر بۆ نیشتەجێکردنى خێڵى عەرەبى(بەدو) دروستکراوە. دەڵێن خوالێخۆشبوو سەعید قەزاز کاتێ(موتسەریفى) کەرکوک بووە لە ساڵى 1946 دا، هەوڵیداوە خێلى کۆچەرى کورد لە دەشتى حەویجە نیشتەجێ بکرێن. ئەو پرۆژەیە لە سەرەتاى ساڵى 1936 دا، کاتێ یاسین هاشمى سەرۆکى حکومەت بووە نەخشەى بۆ دانراوە بۆ نیشتەجێکردنى خێڵى(ئەلعوبێد). ئەم خێڵە کە (بەدوو)بوون لە دەشتى جەزیرەى سەر بە موسل خەریکى مەڕوماڵات بەخێوکردن بوون، بەڵام لەگەڵ خێڵى (شەمەر)دا لە شەڕو هەرادا بوون، پاشان ناچاردەکرێن ڕووبکەنە دەشتى (عوزێم) لە پارێزگاى (دیالە). لەوێش لەگەڵ خێڵى (ئەلعەزە)ى عەرەب لە شەڕو ناخۆشیدا دەبن، بۆیە حکومەتى یاسین هاشمى پلانى نیشتەجێکردنیان لە دەشتى حەویجە پەسەند دەکات، بەڵام پرۆژەکە کە بریتى بوو لە هێنانى ئاو لە زێى بچوکەوە بۆ دەشتى حەویجە، بە مەبەستى نیشتەجێکردنى هەردوو خێڵى (ئەلعوبێد)و(جبور) بە چەند ساڵێک ئەوجا تەواو دەبێ. بیستوومە کاتێ سەعید قەزاز موتەسەریفى کەرکوک بووە هەوڵیداوە خێڵى کۆچەرى کورد، بەتایبەتى بەشێک لە تیرەکانى جاف، کە گەرمیان وکوێستانیان دەکرد، لە دەشتى حەویجە نیشتەجێ بکرێن. بەڵام بیستووشمە کە حامید بەگى جاف کە لەو دەمەدا قایمەقامى چەمچەماڵ بووە، پێشنیازى کردووە کە وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕێگا بە بەشێک لە خێڵى جاف بدات لەوێدا نیشتەجێ بکرێن، بەڵام لەسەر ئەو پێشنیازەى لەلایەن ئەو وەزارەتەوە نەقڵ دەکرێ بۆ قەزاێکى دوور، بۆیە دەست لە کار دەکێشێتەوە. حامید بەگ لە چەند خولێکى پەرلەمانى عێراقدا ئەندامى ئەو پەرلەمانە بووە، تا ساڵى 1955. لەو باوەڕەدام ئەو پرۆژیە لەسەرەتاوە بۆ نیشتەجێکردنى خێڵى عەرەب دروستکراوە.
پرۆژەى حەویجە کەى تەواوبوو؟
باس لەوە دەکرێ کە پرۆژەی حویجە لە ساڵى 1936 دا لەلایەن وەزارەتى یاسین هاشمى وە دەستى پێکرابێ. هاشمى لە 28 ى ئۆکتۆبەرى 1936 بە هۆى کودێتاى بکر سدقى یەوە لەسەر پۆستەکەى لادەبرێ و دەچێتە سوریاو لەوێ کۆجى دوایى دەکات. پرۆژەکە لەسەرەتاوە لەلایەن ئەوەوە پێشنیازکراوە، کە بیروڕاى عروبەوى هەبووە، بەڵام پاشتر بە بازووى زیندانیانى کەرکوک، کە بەشى زۆریان کورد بوون، تەواوکراوە، لەماوەى 10 تا 12 ساڵ. بەشى یەکەمى پرۆژەکە پاش 1946 تەواوکراوە، خێڵى (ئەلعوبێد) و(ئەلجبور) وچەند خێڵکى دیکەو چەند بنەماڵەێکى تر لە (دۆر) وتکریت، لە دەشتى حەویجەى ئاوەدانکراوە، نیشتەجێکراون.
سەددام لە مام جەلال (دەبورێ)!
لە کاک دکتۆر موکەرەم تاڵەبانی م بیستوومە، کە وەک نوێنەرى حیزبى شیوعى لە کابینەى ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر چەند ساڵێک وەزیر بوو لە ناوەراستى حەفتاکاندا، رۆژێک ئەلبەکر لەبەردەم چەند وەزیرێک پێى دەڵێ سەرۆکى بنەماڵەکەیان کاتى خۆى پەناهەندە بووە لەلاى تاڵەبانیەکان، پیاوەتیان لەگەڵ کردووین. لە دوا ساڵەکانى حوکمى عوسمانی مامێکى وچەند خزمێکى جەندرمەێکى عوسمانى دەکوژن و پەنا دەبەنە لاى شێخانى تاڵەبانى لە دەشتى داقوق، لە خواروى کەرکوک. یەک دوو ساڵ لەوێ دەمێننەوە تا فەرمانى لێخۆشبوونیان بۆ دەردەچێ. لە شێخ جەنگى تاڵەبانى م بیستووە، کە چەند ساڵێک لەو ناوچەیە ژیاوەو ئەویش لە پیاوانى بە تەمەنى ناوچەکەى بیستووە وتوویانە، کاتێ ئەو عەرەبانە دەگەڕێنەوە بۆ تکریت، شیچ عیزەدینى تاڵەبانى شێخ فەیزوللاى براى لەگەڵیان دەنێرێتەوە تا تکرێت، کە ئەو دەمە گوندێکى گەورە بووە. بە گیۆرەى نەریتى عەشایرى کاتێ دەگەنە تکریت لە گۆرەپانێکدا هەندێ بە سوارى رەمبازى دەکەن، دەڵێن ماوەیەک بەو گۆرەپانە گوتراوە (ساحەى فەیزى). سەددام حوسێن لە ساڵى 1989 دا "فەرمانى لێخۆشبوونى"بۆ هەموو کوردە"یاخى بووەکان"دەرکرد، بەڵام مام جەلالى لێ بەدەرکرد! پاش ماوەیەک لە بەردەم کەناڵى تەلەڤزیۆنی دەڵێ لە جەلال تاڵەبانیش خۆش دەبم، چونکە کاتى خۆى خزمەکانى چاکەیان لەگەڵ کردووین لە کوردستاندا! ئەم وتەى سەددام حوسێن داننان بوو بەوەى ناوچەى داقوق، کە کەوتووەتە خوارووى کەرکوک، بەشێک بووە لە کوردستان! لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابوردوودا مام جەلال ئەم بۆچوونەى سەدامى وەک بەڵگە هێنایەوە بۆ کوردستانی بوونى ئەو ناوچەیە! لەو ناوچەیە جگە لە تاڵەبانى، داوودە وکاکەیى وزەنگنەو خێڵى دیکەى لێ یە تا زنجیرە چیاکانى حەمرین. لە پاش بڵاوکردنەوەى کتێبى بە عەرەبکردنى ناوچەى کەرکوک، کاک عەبدوللا سەراجى نووسەر نامەێکى بۆ ناردم تێیدا دەڵێ لە سەرەتاى شەستەکاندا بەڕێوەبەرى قوتابخانەى سەرەتایى حەویجە بووە، لە ئەرشیفى ئەو قوتابخانەیەدا چەند نوسرواێکى بە ئیمزاى خوالێخۆشبوو مامۆستا رەفیق حیلمى(موفەتیشى عامى کوردستان)ى بەرچاوکەوتووە، کەواتە ئەو قوتابخانەیە لەو سەردەمەدا سەر بەو دەزگایە بووە.
عەرەبەکانى حەویجە کاتى خۆى بە مۆڵەت هاتوون:
دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە پاش ئەوەى حکومەتى عێراق داوا لە شێخەکانى خێڵى (ئەلعوبێد)دەکات بچنە دەشتى حەویجە، سەرۆکەکانى، بەتایبەتى شێخ مەحەمد ساڵح وبراکانى، نامەیەک بۆ شێخ مەحمود دەنێرن تێیدا دەنووسن حکومەت داواى لێکردوون لە حەویجە نیشتەجێ بن، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەو ناوچەیە بە بەشێک لە خاکى کوردستان دەزانن، بە بێ رەزامەندى ئەو لەوێ نیشتەجێ نابن. ئەوە بەڵگەێکى دیکەیە کە شێخە کۆنەکانى ئەو خێڵە، بە پێچەوانەى هەڵوێستى ئەوانەى ئێستایان، دوژمنایەتى کوردیان نەکردووەو ئەو ناوچەیان بە بەشێک لە کوردستان زانیوە.
شێخانى تاڵەبانى:
لە کەرکوک چەند بنەماڵەێکى کۆنى کورد وتورکمانى لێیە، بنەمالەى شێخانى تاڵەبانى یەکێکە لەو بنەماڵە کۆنانەى کە لە سەردەمى شێخ عەبدولرەحمانى(خالس)ەوە هاتوونەتە ئەو شارە، بەڵام پێشتر لەسەردەمى مەلا مەحمودى باپیرە گەورەمانەوە تەکیەێکى لێکراوەتەوە، ئەم تەکیەیە لەسەردەمى سوڵتان عەبدولمەجید نوێ کراوەتەوە. مەولەوى شاعیر چەند جارێک سەردانى شێخ عەبدولرەحمانى کردووە، بە موناسەبەى تازەکردنەوەى تەکیەکەى قەسیدەێکى جوانى بە زمانى فارسى داناوە. لەسەردەمى حوکمى عوسمانیدا شێخ رەۆوفى کوڕى شێخ عەلى تاڵەبانى(باپیرى کاک پیرۆت) سەرۆکى شارەوانى کەرکوک بووە. لە ساڵى 1934 ەوە تا کۆتایى 1948 شێخ حەبیب تاڵەبانى سەرۆکى شارەوانى بووە، لە ساڵى 1954 ەوە تا ناوەراستى 1958 پارێزەر شێخ فازیل تاڵەبانى ئەویش هەمان پۆستى وەرگرتووە. چەند کەسێک لە بنەماڵەى یەعقوبیەکان، کە لە بنەڕەتدا لە خێڵى زەنگەنەن، وەک مەجید یەعقوبى وشامیل یەعقوبى برازاى، هەردوکیان سەرۆکى شارەوانى کەرکوک بوون، ئەوەش ئەوە دەگەێنێ کە سەرۆکى شارەوانى کەرکوک کورد یان تورکمان بوون تا ساڵى 1969، لەو ساڵەدا عەرەبێک کراوە بە سەرۆکى شارەوانى کەرکوک.
چۆن شێخ فازیل تاڵەبانى کرایە سەرۆکى شارەوانى کەرکوک؟
و. لە ساڵى 1954 دا خوالێخۆشبوو سەعید قەزاز وەزیرى ناوخۆى عێراق بووە. بە پێى دەستوورى عێراقى پێش 1958، وەزیر لە پۆستى وەزارەتەکەى لە شەش مانگ زیاتر نەیدەتوانى بمێنێتەوە ئەگەر ئەندامى پەرلەمان نەبوایا. سەعید قەزاز کە ئەندامى پەرلەمان نەبووە، دەبوو پێش بەسەرچوونى ئەو ماوە دەست لە پۆستى وەزارەتى ناوخۆ بکێشێتەوە، بۆیە لەگەڵ شێخ فازیل تاڵەبانى کە ئەندامى پەرلەمان بووە ڕێکدەکەوێت ئەم دەست لە ئەندامیەتى پەرلەمان بکێشێتەوە تا سەعید قەزاز خۆى کاندید بکات بۆ جێگاکەى، ئەویش ببێ بە سەرۆکى شارەوانى! کەواتە لە ساڵى 1958 دا سەعید قەزاز نوێنەرى لیواى کەرکوک بووە لە پەرلەمانى عێراقدا. سەرۆکى شارەوانى وەک نوێنەرى زۆرینەى دانیشتوانى شار تەماشا دەکرێت، ئەم پۆستە جارێک لەسەردەمى عوسمانى وچەند جارێکى دیکە لەسەردەمى حوکمى پاشایەتیدا بە یەکێک لە بنەماڵەى تاڵەبانى دراوە، واتە کوردێک. بەعس لە ساڵى 1969 ەوە ئەم پۆستەى بە عەرەب دەدا تا بیسەلمێنى کە زۆرینەى دانیشتوانانى ئەم شارە عەرەبن. لە ساڵى 1960 ەوە تا 1969 سەرۆکى شارەوانى کەرکوک تورکمان بوون، بەڵام کەسانى سەر بە حیزبى بەعس بوون.
لە بنەماڵە کوردیەکانى دیکەى کەرکوک، بنەماڵەى خانەقا، کوڕەکانى سەید ئەحمەدى خانەقا، شێخ حسێن و کاکە حەمە هەردوکیان ئەندامى پەرلەمانى عێراق بوون، لە سەردەمى حوکمى پاشایەتیدا.
بنەماڵەى خادم سوجادە:
لە بنەماڵەى دیکەى کوردى شارى کەرکوک بنەماڵەى خادم سوجادە، کە خزمایەتییان لەگەڵ جەلیزادەکانى کۆیەدا هەیە. عەلى رەفیق خادم سوجادە ماوەیەک ئەندامى پەرلەمانى عێراق بووە، پێشتریش حاجى رەفیقى خادم سوجادەى باوکى ئەندامى (مەجلیسى تەئسیسى) عێراقى بووە. لێرەدا ناتوانم ناوى هەموو بنەماڵەکانى دیکەى کەرکوک بێنم، تەنیا بۆ نموونە ناوى بەشێکیان دێنم، وەک بنەماڵەى بەها ئەفەندى باوکى دادیار نورەدین بەهائەدین کە باوکى دادوەر دارا(ئەندامى ئەنجومەنى حوکم) بوو÷ هەروەها بنەماڵەى مەلا قادرى ئیمام لە گەرەکى ئیمام قاسم وبنەماڵەى شێخ باقى وچەندەها بنەماڵەى دیکە. هەموو مەلا بەناوبانگەکانى کەرکوک لە سەدەى نۆزدەما کورد بوون، وەک مەلا عەلى حیکمەت ومەلا رەزاى واعیز ومەلا ناسیح ومەلا مەحمودى مەزناوە، کە هەموویان مەلاى بەناوبانگى کوردستان بوون وخەلیفەى شێخ عەلى تاڵەبانى بوون. مەلا بەناوبانگەکانى کەرکوک لە سەدەى بیستەمیش هەر کورد بوون، وەک مەلا عەزیزى شلێخانى ومەلا ئەحمەدى رۆژبەیانى ومەلا عومەرى گونبەدى ومەلا ئەحمەدى مەلا حەکیم ومەلا مەجیدى قوتب ومەلا عەلى فەتحوللا ومەلا عەلى لەیلان.
لە کەرکوک چەند بنەماڵەێکى تورکمان وەک نەفتچى وئاوچى وگدگ وقیردار ویەعقوبى هەن کە بەشێکیان بە بنەڕەت کوردن. کۆنترین بنەماڵەى عەرەبى کەرکوک تکریتیەکانە کە لەسەردمى سوڵتان مورادى چوارەم هاتوون ولە کەرکوک وتکریت نیشتەجێ بوون. حەدیدیەکان ماوەێکى زۆر نییە لە کەرکوکدا نیشتجێ بوون، پێشتر خەریکى گامێشەوانى بوون وبارى ئابوریان باش نەبوو، بە باشە باس نەدەکران.
داود جەنابى:
لە مانگى شوباتى 1959 دا، نازم تەبەقچەلى کە فەرماندەى فیرقەى دوو بوو خانەنشین کراو جەنرال داود جەنابى، کە ئەفسەرێکى چەپڕەو بوو زۆر دۆستى کوردیش بوو، ئەو پۆستەى وەرگرت. لە نەورۆزى ساڵى 1959 دا، بۆ یەکم جار لە مێژووى شارى کەرکوک ئاهەنگێکی قەشەنگ لە گۆرەپانى فوتبۆلۆنى کۆمپانیاى نەوتى IPC ڕێکخرا، فەرماندەى فیرقەى دوو پیرۆزبایى لە هەموو گەلى کوردستانى کرد بە بۆنەى نەورۆزەوە. هەندێ تورکمان وئاسورى وعەرەبى کەرکوک بەشداربوون لەو ئاهەنگەدا. لە ساڵى 1959 بەشى زۆرى ئەفسەروسەربازەکانى فیرقەى دوو کورد بوون، لەگەڵ چەند ئەفسەرێکى عەرەبى قەومى کە عەبدولکەریم قاسم لە شوێنە گرنگەکان وەک چاودێر لەسەر فەرماندەى فیرقە، داینابوون. بەڵام پاش ڕووداوەکانى تەمووزى ساڵى 1959 کە سەرەتایەک بوو بۆ ناخۆشى وپاشتر کارى توندڕەوى لە نێو کوردو تورکمان لە کەرکوکدا، دووبەرەکى دەستى پێکرد. کاربەدەستانى بەغدا بە تایبەتى کاربەدەستانى ئەمنى بە هەموو شێوەیەک هەوڵى تێکدانى پێوەندى نێوان کوردو تورکمانیان دەدا، هەر لەو دەمەوە سیاسەتى بە عەرەبکردن لەناو شارى کەرکوک دەستى پێکردووە، چونکە بەشێک لە کاربەدەستانى کوردى کەرکوک بە مەدەنى وسەربازى نەقڵى دەرەوەى کەرکوک کران. دەبێ ئەوەش بزانین کە تورکمانى بنەماڵە رۆڵى خراپیان نەدەبینى لە تێکدانى پێوەندى نێوان کوردو تورکمان، بەڵام ئەو گەنجانەى کە دەرچووى زانکۆکانى تورکیا بوون وتوندڕەوبوون، خەڵکانى کەم فەرهەنگیان هان دەدا کارى توندڕەوى بکەن، بەشێک لە پارێزەرانى تورکمان رۆڵێکى خراپیان هەبوو، وهاوکارى دەزگاکانى ئەمنی کەرکوکیان دەکرد کە سەرۆکەکانی عەرەبى توندڕەو بوون.
کۆبوونەوەى واشنتۆن دەربارەى کەرکوک، پێش ڕووخانى رژێم:
مەڵبەندێکى ئەمریکى تایبەت بە رۆژهەڵاتى ناوەراست خەریکى ئامادەکردنى پلان وبەرنامەدانان بوو دەربارەى چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشەکانى کەرکوک، پێش رزگارکردنى عێرا ق. لەوە دەچێ ئاگادارى نووسینەکانم بن دەربارەى کەرکوک، بۆیە پەیوەندیان پێوە کردم بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوە. بەشداربووان ژمارەیان کەم بوو، بریتى بوون لە چەند کەسێکى شارەزاى ئەمریکى وعەرەب وکورد، لەوانە (لەیس کوبە) وکاک بەختیلر ئەمین وچەند کەسێکى دیکە. مەبەست لە بەستنى ئەو کۆبوونەوە ئەوەبوو بە چ شێوەیەک چارەسەرى کێشەکانى کەرکوک بکرێت، چونکە دەیانزانى بارودۆخ لەو شارەدا تایبەتى خۆى هەیە.
پ: ئەمە دواى ڕووخانى سەددام بوو؟
و: نەخێر پێش ڕووخانى سەددام ورژێمەکەى، بەڵام پێش دەستپێکردنى پرۆسەى ئازادکردنى عێراق وئەو ناوچانەى کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتى رژێمدا بوون.
پ: لەکۆى؟
و: لە واشنتۆن، لەو کۆبوونەوەدا (لەیس کوبە) پیِشنیازى کرد ئەنجومەنێک دروستبکرێت بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى شار پاش رزگارکردنى. وتم لەوە دەچێ دکتۆر لەیس کوبە دەیەوێ شەرعیەت بە سیاسەتى بە عەربکردنى ئەو شارەو ناوچەکە بدات، چونکە زۆربەى دانیشتوانانى کەرکوک(مەبەستم ئەو دەمە بوو)عەرەبى هاوردن، خەڵکى ڕەسەنى شارەکە بەشى زۆریان دەربەدەرو ئاوارە بوون. ئەنجومەنێک لەو کەسانە دابمەزرێ، ماناى شەرعیەتدانە بە سیاسەتى بە عەرەبکردن. بۆچوونى بەشێک لە ئەمریکیەکانیش هەر ڕێگانەدان بوو بە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ کەرکوک، بە بۆچوونى ئەوان گەڕانەوەى ئەوان کێشەى لێ دروست دەبێ بۆ هەموو لایەک. وتم بڕواناکەم کەسێک بتوانێ ڕێگا لە گەڕانەوەى ئەو ئاوارانە بگرێت کە لە بارودۆخێکى زۆر خراپ وناخۆشدا دەژین. ئەو ئاوارانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ وحاڵى خۆیان، چونکە چەند ساڵە بە ناهەق دەرکراون، ئەگەر ڕێگاى چوونەوەیان بە ئۆتۆمبیل لێبگرن، بە تراکتۆرو بە پێ دەگەڕینەوە، ئەگەر جادەکانیان لێبگیرێ، بە پێ بەناو چەمى خاسەدا دەگەڕینەوە! پاشان وتم بڕوا ناکەم حکومەتى ئەمریکا بە فڕۆکە لێان بدات تا گەڕانەوەیان لێ قەدەغە بکات! ئەو خەڵکانە مافى خۆیانە بگەڕێنەوە، چونکە چەندەها ساڵە چاوەڕێى ئەو رۆژە دەکەن کە شارو ناوچەکەیان ئازادبکرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە. کاک بەختیار ئەمین، کە پاشان بوو بە وەزیرى مافى مرۆڤ لە حکومەتى عەللاوى، پشتگیرى لە قسەکانم کرد. پێشنیازێکى مام ناوەندی پەسەندکرا، ئەویش رێگادان بە گەڕانەوەى بەشێک لە ئاوارەکان، چونکە گەڕانەوەى هەموویان کێشەى گەورەى لێ پەیدا دەبێ، چاکترە بە قۆناغ بگەڕێنەوە، بە مەرجێک پاشان چارەسەرى کێشەکانیان بکرێت.
لە سەرەتاى مانگى ئەیلولى 2003 دا بە یەکجارى گەڕامەوە کوردستان، یاداشتنامەێکم پێشکەش بە سەرکردایەتى سیاسى کوردى کرد، تێیدا پیِشنیازى دامەزراندنى لیژنەێکم کرد لە کەسانى شارەزاى خەڵکى کەرکوک، بەڵام نوێنەرى حیزبەکان بەشدارى تێدا بکەن بۆچارەسەرکردنى کێشەکانى ناوچەکە، بەڵام بە مەرجێ بە بەرنامە ئەرکەکانى سەرشانى جێبەجێ بکات. نزیکەى 10 رۆژ پاش ئازادکردنى کەرکوک، لە ناوەراستى نیسانى 2003، لەگەڵ دوو برادەرى دیکە پێکەوە یاداشتنامەێکمان ئاراستەى سەرۆکى هەردوو حیزبى سەرەکى کوردستان کرد، تێیدا پێشنیازى دامەزراندنى ئەو لیژنەمان لێکردن، هەروەها ئامادەیى خۆشمان پیشاندا بۆ گەرَانەوە بۆ بەشداریکردن لەو لیژنەیە، ئەگەر دروستبکرێت ورازى بن بە بەشداریکردنمان. لەو یاداشتنامەدا پێشنیازمان کردبوو لیژنەکە بە نهێنى بمێنێتەوە ئەرکى سەرەکى هاوکارى ئەوان بکات. دەقى ئەو یاداشتنامەیە پاشان لە هەفتەنامەى (هاوڵاتى) بڵاوکرایەوە. پێم باشە دەقى یاداشتنامەکە بڵاوبکەنەوە
هەولێر
22ى ئەیلولى 2003
وڵاتەکەمان لە بارودۆخێکى زۆر ناسکدا دەژى بۆیە پێویستە سوود لەم دەرفەتە میژوویە وەربگیرێ تاکو مافەکانى گەلەکەمان بە شێوەێکى قانوونى بچەسپێنین و پێوەندى کوردستان بە حکومەتى ناوەندى عیراقەوە لەسەر بنەماێکى تازە دابمەزرێتەوە.
دامەزراندنەوەى دەوڵەتى عیراق لەسەر بنەمایەکى نوێ پێویستى بە جێبەجێ کردنى چەند هەنگاوێک هەیە کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون. چاکترە پەلە بکرێت لە جێبەجێ کردنیان بۆ ئەوەى مەسەلەى گەلەکەمان باشتر بچێتە پێشەوە. ناحەزانى کورد لەناوەوەو دەرەوەدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن تەگەرە دروست بکەن تاکو ئەو کارانە نەکرێن یان دوا بخرێن .
لە یاداشتێکد کە لەلایەن کۆمەڵێک لە روناکبیرانى کوردى دانیشتوى ئەوروپاوە لەبەهارى ساڵى 2002 دا پێشکەشیان بە کاک مەسعود و مام جەلال کردبوو، تێیدا داواى یەکخستنەوەى ناو ماڵى کوردیان کردبوو، هەمان ئەو کەسانە جارێکى تر داواى پەلەکردن لە یەکگرتنەوەى هەردوو ئیدارەکەى کوردستان دەکەنەوە. لەم رۆژانەدا لە هەولێر چاوم بە چەند کەسێکى دڵسۆز کەوت، لەوانە کاک عەزیز محەمەد وچەند رووناکبیرێکى دیکە، هەموویان جەختیان لەسەر جێبەجێ کردنى ئەم داواکاریە دەکرد. دەزانن دەنگى کورد چاکتر گوێى لێ رادەگیرێ لە سەر ئاستى ناوەوەى عیراق ولە دەرەوەدا، ئەگەر داواکاریەکانى گەلەکەمان بەناوى دەزگاێکى شەرعى یەکگرتووى کوردستانیەوە بخرێنە بەرچاو. ئەو کەسانەى دەچنە بەغدا بۆ بەشدارى کردن لە دارشتنى دەستوور بۆ عیراقى پاشەرۆژ، دەتوانن بە جەختەوە داواى چەسپاندنى مافە ڕەواکانى گەلى کوردستان بکەن لەو دەستوورەدا، ئەگەر بە ناوى دەزگاێکى قانوونى یەکگرتووى شەرعیەوە قسە بکەن. با کورد وەک گرووپ وتاقمى سیاسى ومەزهەبى عیراقى کار نەکەن، ئەگەر ئەوان بەناوى گروپ وتایفەوە قسە دەکەن، چاکترە نۆێنەرانى کورد بە ناوى دەزگاێکى قانوونى کوردستانیەوە قسە بکەن. لەبەر ئەم هەموو هۆیانە پێشنیازى زیندوکردنەوەى "دەستەى قانوونى باڵا" دەکەم کە لە تەموزى ساڵى 1992 دا، بە بڕیارى پەرلەمانى کوردستان دامەزراوە. بەشى زۆرى قانوونەکان لەو سەردەمەدا کە پەرلەمان پەسەندى کردوون، بە تایبەتى قانوونى وەزارەتەکان، ئەم دەستەیە ئامادەى کردووە کە ئێستایش بەشێکى زۆریان کاریان پێ دەکرێت لە هەردوو ئیدارەکەدا. لە بەهارى ساڵى 2002 دا ئەندامانى پێشووى ئەم دەستە قانوونیە ئامادەیى خۆیان دەربڕى دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، بەڵام بە مەرجێ بە بڕیارى پەرلەمان ئەو دەستە قانوونیە زیندوو بکرێتەوە ولە دەستوورى هەرێم دانى پێدا بنرێت. لە پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان کە لە ساڵى 1992 دا ئامادەم کردووە، پێشنیازى دامەزراندنى ئەو دەستە قانوونیە کراوە لە ژێر ناوى"دەستەى قانوونى باڵا". پەرلەمان دەتوانێ زیندوى بکاتەوە وناوى ئەو دوو کەسەى دیکە بخاتە سەر ناوى سێ ئەندامەکانى پێشوو.
دەتوانین بڵێین ئەمرۆکە داوا سەرەکیەکانى گەلى کوردستان، جگە لە یەکخستنەوەى هەردوو ئیدارەکە، لەم دوو خاڵەى خوارەوە کۆ دەکرێنەوە:
یەکەم: لە دەستوورى تازەى عیراق، کوردستان وەک هەرێمێک لەچوارچێوەى سنوورى مێژوویى و جۆگرافیایى خۆى دانى پێدابنرێ، لەگەڵ داننان بە مافى چارەنووس بۆ گەلى کوردستان و دامەزراندنەوەى دەوڵەتى عیراق لەسەر بنەماى ڕێکەوتنى ئارەزوومەندانە لە نێو هەردوو هەرێمى کوردستان و بەشە عەرەبیەکەى عیراق.
سەبارەت بەو لیژنەیەى کە دادەمەزرێ بۆ ئامادەکردنى پرۆژەى دەستوورى عیراق، چاکترە ژمارەیان کەم بێت، ئەندامەکانى لە 15 کەس زیاتر نەبن، ئەگینا ئەنجامدانى کارەکە دوادەکەوێت وبەباشى ناکرێت وتەگەرەشى تێ دەکەوێت، کە لە بەرژەوەندى کورد نییە .
کورد ناتوانێ داواى چەسپاندنى مافە ڕەواکانى لە دەستوورى عیراقدا بکات، پێش دەستکارى کردنى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان، چونکە مافى چارەنووس بە ڕوونى دانى پێدانەنراوە لە پرۆەژەى دەستوورى مانگى نۆڤەمبەرى 2002، کە وەک(پرۆژە) لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە. لە ماددەى 75 ئەو پرۆژەدا ئاماژەکراوە بۆ بە کار هێنانى مافى چارەنووس، بەڵام تەنیا بۆ حاڵەتێکى تایبەت بریتیە لە ئەگەرى دەستکارى کردنى کیان و سیستمى فیدرالى لە عیراقدا، بە بێ رەزامەندى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان. بە واتاێکى دى، مافى چارونووس وەکو مافێکى ڕەواى گەلى کوردستان بە موتلەقى باسى لێ نەکراوە، بەڵکو بەندکراوە بە ڕوودانى حاڵەتێکى تایبەتەوە. کورد ناتوانێ داواى دامەزراندنەوەى دەوڵەتى عیراق لە سەر بنەماى ڕێکەوتنى ئارەزوومەندانە بکات، ئەگەر مافى چارەنووس بە موتلەقى لە ماددەێکى تایبەت لە دەستوورى هەرێمى کوردستاندا نەچەسپێنرێ. ئەم دەستکاریە ئێستا بکرێت چاکترە، پێش ئامادەکردنى پرۆژەى دەستوورى عیراق، چونکە کورد کە داواى چەسپاندنى مافى چارەنووس بۆ گەلى کوردستان دەکات لەسەر بنەماى ڕێککەوتنى ئارەزوومەندانە لە دەستوورى عیراقدا، دەبێ ئەو مافە لە دەستوورى خۆیدا بە ڕوونى و لە بەندێکى تایبەتدا چەسپابێ.
دووەم: بارى کەرکوک لە زۆر ڕووەوە بەرەو باشى ناروات، بۆیە پێویستە بەهاوکارى هەموو لایەک، بە تایبەتى هەردوو هێزى سیاسى سەرەکى لیژنەیەک دابمەزرێت پێکهاتبێ لە نۆێنەرانى هەردوو هێزى سیاسى لەگەڵ چەند پسپۆرو شارەزاێکى خەڵکى کەرکوک. ئەرکى سەرەکى ئەم لیژنەیە بەرنامە ئامادەکردن بێ بۆ چۆنیەتى گەڕانەوەى بارى ئاسایى بۆ کەرکوک وناوچەکە، لەگەڵ نەهێشتنى ئاسەوارى سیاسەتى بە عەرەب کردن لە هەموو ڕووێکەوە. ئەم لیژنەیە دەتوانێ بە هاوکارى کەسانى شارەزا لە هەموو بوارێکدا، چارەسەرى کێشەکان بکات، کە لەوە دەچێت رۆژ لەگەڵ رۆژ لە زیاد بوون بن. بۆ نموونە، ئێستا دیاردەێکى تازە پەیدا بووە لە ناو شارو لە دەوروبەرى کەرکوک وکەسیش باسى ناکات. خەڵکێکى زۆر خەریکى خانوو دروست کردنن بە شێوەێکى نارێک ونابەجێ( هەرکەسە بۆ خۆى)بێ ئەوەى ئاوو کارەبا وجادەو ئاوەڕۆیان بۆ دابین کرابێت، لە سەر موڵکى شارەوانى کەرکوک ومیرى وخەڵکانى دیکە. ئەم دیاردەیە ئەگەر پەرەبسێنێ، کێشەێَکى زۆر گەورەتر پەیدا دەبێ لە پاشە رۆژا . دروستکردنى هەزارەها خانووى نارێک بە بێ ئیجازەوەرگرتن لە سەر زەویى شارەوانى وموڵکى تایبەتى ئەم و ئەو، کە پاشان تێک دەدرێن، دەبێتە هۆى پەیدا بوونى کێشەێکى گەورەتر. ئەم کێشەیە لە ئێستاوە چارەسەربکرێت چاکترە، چونکە پاشان چارەسەرکردنى ئاڵۆزو قورستر دەبێ. لە بەشێ لە شارو شارۆچکەکانى دیکەى کوردستان ئەم کێشەیە هەیە و زوو چارەسەرنەکراوە، پێشناز دەکەم شارەوانى کەرکوک بە پەڵە دوو سێ هەزار پارچە زەوى 200 مەتریى چوارگۆشە بە سەر ئاوارەکانى ناو شارى کەرکوک دابەش بکات، بە تایبەتى بە سەر ئەوکەسانەى لە کەرکوک ژیاون ولە لایەن رژێمەوە دەرکراون، هەر خێزانێک لانى کەم 2000 دۆلارى پێ بدرێت تاکو بتوانێ بە زوویى دەست بە بیناکردن بکات. شارەوانى دەتوانێ نەخشەێکى تایبەت بۆ بیناکردن ئامادەبکات وداوایان لێ بکات بە پێى ئەو نەخشە بیناسازى بکرێت. هەروا دەبێ ئاوو کارەبایان بۆ دابین بکات لەگەڵ جادە وئاوەڕۆ. شێوەى ئەو خانوانە دەکرێ لە چەشنى ئەو خانوانە بێ کە لە شارى (سەورەى) نزیک بەغدا دروست کرابون لە سەردەمى حوکمى عەبدولکەریم قاسمدا. بەم شێوەیە شەرعیەت بە گەڕانەوەى ئەو خەڵکانە دەدرێ وهەمویان دەتوانن بە بێ کێشە بەشدارى لەو سەرژمێریەى بکەن کە لە کەرکوک ڕێکدەخرێت. کێشەى رێکخستنى ئەو سەرژمێریە بە شێوەێکى ڕێکوپێک و قانوونیانە وڕێگە نەدان بە بەشدارى کردنى "عەرەبە هاوردەکان" کێشەێکە دەبێ لە ئێستاوە کارى بۆ بکرێت، چاکترە ئەو کارانە بە شێوەێکى قانوونى ئەنجام بدرێن.
ئەو پارچە زەوییانەى دابەش دەکرێن لەلایەن شارەوانیەوە بە سەر ئاوارەکاندا، دەبێ لە هەموو شوێنێکى ناو شارو بە هەر چوار لادا دابەش بکرێن، لەسەر رێگاکانى هەولێرو سلێمانى ولەیلان و بەغداو دوبز، لەسەر رێگاى حەویجەو تکریتیش. بەم شێوەیە ئەو (پشتێنەى) کە چەند ساڵە لە دەوروبەرى کەرکوک دروستکراوە لە لایەن بەعسەوە لە پێناوى بە عەرەب کردنى، دادەتەپێ و نامێنێ.
لە کەرکوک ئێستاش بە پێى ئەو نەخشەیە کار دەکرێت کە لەسەردەمى بەعسدا دانراوە، کەرکوک بەرەو ڕێگاکانى بەغداو تکریت پەرەدەسێنێ، لەگەڵ بەلاوە نانى ئەو ناوچانەى کە کوردو تورکمانى تێدا دەژین. لە شەستەکانەوە کەرکوک بەرەوە ڕێگاکانى بەغداو تکریت پەڕەدەسێنێ، زۆربەى ئەو گەرەکانەى لە سەردەمى بەعسا کراونەتەوە، بە باشى خزمەت دەکرێن، چونکە بەشى زۆرى دانیشتوانیان "عەرەبى هاوردەن". بەشى زۆرى دەزگاکانى میرى لەو ناوچانە کراونەتەوە. گەڕەکەکانى نزیکى ڕێگاى سلێمانى و هەولێر بەئانقەست پشتگوێ خرابون و بێ بەش کرابون لە هەموو کارێکى خزمەتگوزاری، بارى ئەو گەڕەکانە 30 ساڵ لەمەوبەر چاکتر بوو. کاتى ئەوە هاتووە پلانێکى نوێ بۆ فراوانکردن وئاوەدانکردنەوەى کەرکوک دابنرێ، تێیدا شار بەرەو ڕێگاکانى سلێمانى و هەولێر و یاروەلى پەڕەبسێنێ.
دەبێ ئەوەش لە بیر نەکەین کە رژێمى بەعس نزیکەى 35 ساڵ خەریکى جێبەجێکردنى سیاسەتى بە عەرەب کردنى کەرکوک وناوچەکە بووە، بە بەرنامە کە هەموو دەزگاکانى ئەمنى و دەوڵەتى وچەندەها پسپۆرو شارەزاى عیراقى وبیانى کاریان تێداکردووە. کوردیش دەبێ بە پێى بەرنامە کار بکات تاکو ئاسەوارى ئەو سیاسەتە بنبڕ بکات ونەیهێڵێ.
ئەگەر هەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن وپشتگیرى لەو لیژنەیە بکەن وپەیبەست بن بە بڕیارەکانیەوە، کارەکان بەرەو پێشەوە دەچن. ئەندامە کوردەکانى ناو "ئەنجومونى حوکمى عیراق"و ئەندامە کورد وتورکمانە دۆستەکان لە ناو ئەنجومەنى شارەوانى کەرکوک وڕێکخراوە کوردستانیەکان لە کەرکوک دەبێ هەمویان هاوکارى ئەو لیژنەیە بکەن. ڕۆڵى ئەندامە کوردەکانى ناو ئەنجومەنى حوکم لە عیراق گرنگترە، چونکە دەتوانن داواکانى ئەو لیژنەیە لە گەڵ ئەمریکایەکاندا لە بەغدا ولە گەڵ حکومەتى تازە دامەزراوى عیراقدا باس بکەن و پشتگیری لێ بکەن بۆ نەهێشتنى ئاسەوارى سیاسەتى بە عەرەب کردنى کەرکوک.
نیشتەجێکردنى ئاوارەکان لەناو شارى کەرکوک ولە دێهاتەکانى دەوروبەرى، لەگەڵ گێڕانەوەى سنوورى ئیداری ئوستانى کەرکوک بۆ بارى جارانى (بۆ ساڵانى پێش 1968)، وتەرخان کردنى بودجەێکى تایبەت بۆ کەرکوک، وگێڕانەوەى کارمەندە دەرکراوەکان بۆ سەر کارەکانیان (نزیکەى 10،700 کارمەند و کرێکار لە دەزگاى نەوت هەیە، لەو ژمارەیە تەنیا 31 یان کوردن!)، ئەمانەن داواکاریەکانى خەڵکى کەرکوک.
لە رۆژانى 11 ەوە تاکو 19 ى ئەیلول، پاش 12 ساڵ ئەوجا توانیم بگەڕێمەوە بۆ کەرکوک. چاوم بە کەسانێکى دڵسۆزکەوت بە مەبەستى گوێراگرتن لەڕاو بۆچوونیان، گەیشتمە ئەو باوەڕە کە دامەزراندنى ئەو لیژنەیە کارێکى زۆر پێویستە. چاکترە لیژنەکە ئاشکرا نەکرێت و لە "سێبەر"دا بمێنێتەوە.
لەو ماوەى لە کەرکوک بووم، چاوم بە بەرپرسى CPA لە کەرکوک وجێگرە ئیگلیزەکەى کەوت، بۆ چەند سەعاتێک لەگەڵیان دانیشتم، شتم بۆ ڕوون کردنەوە ومنیش چاکتر لە مەبەستى ئەوان سەبارەت بە پاشە رۆژى کەرکوک حاڵى بووم. ئەوان سەرقاڵى راگرتنى بارى ئەمنى وئاسایشن لە کەرکوک ولە ناوچەکەدا، کارەکانى دیکە بەلایانەوە گرنگ نییە ئەگەر پەیوەندى بە ئەمن و ئاسایشەوە نەبێ.
مەسەلەى دامەزراندنەوەى زانکۆى کەرکوک لەسەر بنەماێکى تازە دەبێ لە ئێستاوە چارەسەر بکرێت. پێویستە ئێوەیش بایەخی تایبەتى پێ بدەن. بابەتێکم بە کوردى وبە ئینگلیزی لە بارەى شێوەى دامەزراندنەوەى زانکۆى کەرکوک بڵاو کردووەتەوە. دانەێک لەو نوسینەم دایە بەرپرسانى کەرکوک، لە گەڵ چەند نووسینێکى دیکە دەربارەى بارى کەرکوک.
لەو نووسینەم دەربارەى شێوەى دامەزراندنەوەى زانکۆى کەرکوک، پێشنازى دروستکردنى سێ کۆلێجم کردووە، لەگەڵ داخستنى کۆلێجى قانوون کە چەند ساڵێکە کراوەتەوە، چونکە ئەو کۆلێجە لە راستیدا مامۆستاى نییە، ئەوەی بە ناو "مامۆستا"یە، هەموویان بەعسین، بەشى زۆرى قوتابیانیش هەر بەعسین. ئەو کۆلێجانەى پێشنیازى دامەزراندنیان دەکەم بریتین لە: کۆلێجێکى ئەندازیارى پێترۆ- کیمیاوى، وکۆلێجی کشتوکاڵ کە زمانى ئینگلیزى زمانى خۆێندن بێ تێیدا، لەگەڵ کۆلێجێکى دیکە بۆ زمان پێکهاتبێ لە پێنج بەش: بەشێ بۆ زمانى کوردى وبەشێ بۆ عەرەبى وبەشێکى تر بۆ زمانى تورکمانى وبەشێ بۆ سریانى، لەگەڵ بەشێک بۆ زمانى ئینگلیزى. لەم کۆلێجەدا مامۆستا پەروەردە دەکرێن بۆ قوتابخانەکانى ئوستانى کەرکوک. ئەم پێشنیازە بە لاى ئەمریکیەکانەوە باش بوو، بەڵام دەیانگوت دەبێ خۆتان بڕیارى لەسەر بدەن.
ئەگەر لە ئێستاوە هەوڵى جیددى نەدرێت بۆ ئەوەى کەرکوک بگەرێتەوە بۆ بارى جارانى، پاشتر توشى شکست دەبین ومێژوو و نەوەکانى پاش ئێمە لێمان خۆش نابن.
ئومێدەوارم ئەم چەند خاڵە کە پێویستە لە نزیکەوە باسیان لێ بکرێت وزیاتر ڕووناکى بخرێتە سەریان، لێیان بکۆڵینەوە.
بەداخەوە ئەو یاداشتنامەى مانگى نیسانى 2003 وەڵامی نەدرایەوە، پێش گەڕانەوەم لە سەرەتاى ئەیلولى 2003 سەردانى چەند دۆستێکى کوردم کرد کە بەشێکیان ئەندام پەرلەمانن، تکام لێکردن هاوکاریمان بکەن بۆ گەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێمى کوردستان، یەکێکیان بە بزەێکى سەر لێوەوە وتى، بگەڕێتەوە سەر کام ئیدارە؟!
وەک دەبینن ئەو داواکاریانەى لەو یاداشتنامەدا هاتوون سێ بەشن: یەکەم یەکخستنەوەى هەردوو ئیدارەکە، دووەم چاوگێڕانەوە بە پرۆژەى دەستوورى ساڵى 2002 کە لە سەردەمى حکومى بەعسدا ئامادەکرابوو، چونکە کەموکورتى زۆرى تێدا بەدى دەکرێ، سێیەم مەسەلەى کەرکوک. بە هاوکارى کاک نێچیروان بارزانى مەسەلەى چاوگێڕانەوە بە پرۆژەى دەستوورى نۆڤەمبەرى 2002 چارەسەرکرا، چونکە هەموو ئەندامانى لیژنەى قانوونى وکاک فورسەت ئەحمەدى سکرتێرى پەرلەمان لەلاى ئەو کۆبووینەوە. پێشنیازمکرد پێکەوە تەماشاى ئەو پرۆژەیەى ساڵى 2002 بکەین وئەگەر پێویستى کرد بە دارشتنەوەێکى باشتر ئامادە بکرێتەوە. لەو دانیشتنەدا کەسێک رەخنەى نەبوو، بە پێچەوانەوە هەموو کۆک بوون لەسەر پێشنیازەکەم، بۆیە بڕیاردرا رۆژى پاشتر لە پەرلەمان، لە هۆڵى لیژنەى قانوونى دەست بە کۆبوونەوە بکەین لەسەر پرۆژەى ساڵى 2002 ماددە بە ماددە. لە کۆبوونەوەى ئەو رۆژەدا کۆمەڵێک دەستکارى گرنگ لە پرۆژەکەدا کران. پاش نزیکەى دوو سەعاتێک کاک فورسەت ئەحمەدیش ئامادەبوو، ئەو دەستکاریانەى کرابوون بۆمان ڕوونکردنەوە، وتى لەوەدەچێ خەریکى پێداچوونەوەێکى بنەڕەتی بن بە هەموو پرۆژەکەدا. وەلاِممان ئەوەبوو ماددە بە ماددە تەماشاى پرۆژەکە دەکەین وڕاوسەرنجى خۆمان دەربارەیان دەردەبڕین و بە هاوکارى وبە ڕێککەوتن دەستکارى ماددەکە دەکەین، گەر پێویست بکات. بەڵام داواى لێکردم ڕاو بۆچوونەکانم بە نووسراوى سەبارەت بە پرۆژەکە بخەمە بەردەستیان ئەوجا دەست بە پێداچوونەوە بکەین، پێشنیازمکرد بەردەوام بین لەسەر ئەو کارەى دەستمان پێکردبووە، بەڵام بێ سوودبوو چونکە سوور بوو لەسەر قسەکانى، بۆیە ناچاربوم دیراسەێکى 15 لاپەڕەیى سەبارەت بە پرۆژەکە ئامادەبکەم، لەگەڵ نامەێکدا بۆ لیژنەکەم نارد، تێیدا ئاگادارم کردبوون پاش هەفتەیەک تر کۆدەبینەوە. لە رۆژى دیاریکراودا چومەوە بۆ پەرلەمان، وتیان دوێنێ پرۆژەکەیان بە دەست گەیشتووە (هەفتەیەک بوو بۆم ناردبوون)، بۆیە بڕیاردرا پاش هەفتەێکى تر کۆبینەوە. جارێکى دى چوومەوە بۆ پەرلەمان، ئەوجا شتێکى تازەم گیۆلێبوو، گوایا ناتوانن کۆبنەوە بە بێ روخسەتى سەرۆکى پەرلەمان! وتم سەیرە بۆ لەسەرەتاوە ئەو ئیعترازەتان نەخستە بەرچاو، ئێستا دەزانن سەرۆکى پەرلەمان وجێگرەکەى سەفەرى دەرەوەى وڵاتیان کردووە. گیۆ لە رەخنەکەم نەگیرا، ناچاربوم ئەم بەیتە شیعرەى شێخ رەزایان بە بیر بێنمەوە کە بە شوکرى فەزلى وتووە:
من دەزانم کێ لە خشتەى بردووى ئەمما چ سوود سەیدەو سەید قسەى سووکى دەبێ دەرهەق نەکەم! پاش زیاتر لە مانگێ چاوەڕوانى، دکتۆر رۆژ شاوەیس سەرۆکى پەرلەمان گەڕایەوەو سکرتێرەکە پەیوەندى پێوەکردم ورۆژى پاشتر پێکەوە دانیشتین و داوى لێکردم بەردەوام بین لەسەر ئەو کارەى دەستمان پێکردبوو. دەستمان بە کۆبوونەوە کردەوە بە لێکۆڵینەوەکردن لەسەر ئەو ماددەى لەسەرى ڕاوەستابووین. لە ماوەى چەند رۆژێکدا، بە بەشداریکردنى جگە لە ئەندامانى لیژنەى قانوونى پەرلەمان، کاک فورسەت ئەحمەدو سەرۆکى هەردوو فراکسیۆنى ناو پەرلەمانیش ئامادە بوون، بە تەواوى پرۆژەکەدا چووینەوەو ئاکامەکەى بە نوسراوى لە مانگى دیسەمبەرى 2003 دا وە پرۆژەیەک درایە لیژنەى قانوونى و سەرۆکایەتى پەرلەمان، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبوو. ئەو هەموو ماندووبوونەوە بەلاوەنرا، چونکە سەرۆکى لیژنەى ئامادەکردنى پرۆژەى دەستوور، کاک فورسەت ئەحمەد دەڵێ ئەو هەموو کارە "شەخسى" بووەو هەر پرۆژەى مانگى دیسەمبەرى ساڵى 2002 کە لە لایەن پەرلەمانەوە وەک (پرۆژە) "پەسەندکراوە" ئەو سیفەتى قانوونى هەیە! لەو باوەڕەدام هیچ قانوونناسێک ناتوانێ بڵێ پەرلەمان (پرۆژە) پەسەند دەکات وئەو (پرۆژەش) بەو سیفەتەى بۆ چەند ساڵێک دەمێنێتەوە! پەرلەمان دەنگ بۆ پەسەندکردنى قانوون دەدا، نەک بۆ پەسەندکردنى مانەوەى (پرۆژە)، بەڵام لەوە دەچێ لە پەرلەمانى ئێمەدا ئەو کارە ڕەوایە!

کوردو کێشەى تەجاوز لەدواى پرۆسەى ئازادی:
لە کەرکوک کێشەى تەجاوز (زێدەڕەوى) لەسەر زەوى وزارى میرى و شارەوانى و ئەم وئەو لە مانگى ئەیلولى ساڵى 2003 وە دەستى پێکراوە، ئەم کێشەیە لە بەشى زۆرى شارو شارۆچکەکانى کوردستاندا هەیە، ئەو خانوانە دیاردەێکى ناشارستانیەتى یە و سیماێکى ناشرینى بە کەرکوک داوە، هەروەها جێگاى رەخنەیە لەلایەن دۆست و ناحەزانى کوردەوە، بە تایبەتى لە دەرەوەدا. لە ساڵی 2004 دا بەرێز پارێزگاى کەرکوک بە سەردانێکى فەرمى دەچێتە ئەمریکا، لەوێ چەند جارێک پرسیارى لێدەکرێ بۆ تەنیا لە گەرەکە کورد نشینەکانى کەرکوک ئەو زێدەڕەوى وخانووى تەجاوز دروستکراوە؟ چەند رۆژنامەنووسێکى ئەمریکى و ئەوروپى جارێکیان پرسیارى ئەو دیاردەیان لێکردم، هەروەها ئەو خەڵکەى لە کەرکوک نیشتەجێ بوون، پێشتر دانیشتووى ئەو شارە بوون؟ وتم ناتوانم بڵێم هەموویان پێشتر لە شارى کەرکوک ژیاون، بەڵام هەموویان خەڵکى گوندەکانى نزیکى ئەو شارەن. گوندەکانیان رژێم تێکیداون، لە بەشێک لەو گوندانەدا ئێستاش عەرەبى هاوردەى تێدا ماوە، بۆیە ناتوانن بگەڕێنەو بۆ ئەو گوندە ڕوخاوانە یان داگیرکراوانە، ئەو دەمەى گوندەکانیان بۆ دروستدەکرێتەوە، دەگەڕێنەوە جێگاى خۆیان وخەریکى کارى کشتوکاڵى دەبن. کێشەکە ئەوان دروستیان نەکردووە، بۆیە ئەرکى حکومەتە ئەو گوندانەیان بۆ دروستبکاتەوە وهاوکاریان بکات تا بکەونەوە سەر کارى جارانى خۆیان بۆ دابینکردنى ژیانى کەسوکاریان.
پ- کەرکوک بەرەو کوێ دەروات؟
کەرکوک وهەموو ناوچەکانى دیکەى کوردستان کە تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندیدا ماونەتەوە دەبێ بە هەموو شێوەیەک هاوکارى بکرێن، ئەوەش ئەرکێکى نەتەوەییە. هەموو لایەک، لە حکومەتى ناوەندی وحکومەتى هەرێمەوە تا لایەن وگرووپە سیاسیەکان وڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئەوە ئەرکى هەموویانە. ئەو دەستەى کە لە نیسانى 2003 دا پێشنیازى دامەزراندنمان کردبوو دروستکرابا، کارەکان بەشێوەێکى باشتر بەڕێوە دەچوون، بە پێى بەرنامە وبە هاوکارى ئیدارەى کەرکوک وئەنجومەنى پارێزگا پاش هەڵبژاردنى. ئەرکەکانى ئەو دەستەیە بە بێ هاوکارى وپشتگیرى حیزبە سیاسیەکان جێبەجێ ناکرێن، بەڵام بە مەرجێ حیزباتى نەخرێتە پێش کوردایەتى و دەست نەخرێتە ناو کاروبارى ئیدارەوە. ئێستاش ئەوەى نەکراوە دەتوانین بیکەین، بە پشتگیریکردن لە ئیدارەى کەرکوک ودەست نەخەستنە ناو کاروبارى ئیدارەوە، بە پێشکەشکردنى هاوکارى سیاسى وماددى بۆ کاربەدستانى کەرکوک، بە ئامادەکردنى لیستێکى نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، کە بڕیارە لەم نزیکانەدا ئەنجام بدرێت، بە مەرجى هاوکاریکردن و بەشداریکرنى نوێنەرانى هەموو گروپەکان وکەسانى بێ لایەن لەو لیستەدا، بەڵام کەسانێکى ڕابوردوو پاک وشارەزا ولێوەشاوە بن. ئەگەر ئەو کارە لە ئێستاوە هەوڵى بۆ نەدرێت، ئەنجومەنى داهاتووى کەرکوک وەک ئەوەى ئێستا نابێ، ئەم پێشنیازە دەمێکە خستووەتە بەرچاو سەرکردایەتى سیاسى کوردى. سەبارەت بە جێبەجێکردنى ماددەى (140)ى دەستوور، بە بەردەوامى هاوکارى لیژنەى جێبەجێکردنى ئەو ماددەم کردووە، پرۆژەى میکانیزمى کارکردنى لیژنەکە لەسەر داواى وەزیرى ناوچە دابڕاوەکان لە 13 نۆڤەمبەرى 2006 دا بۆم ئامادەکردووە، ئەوەش بە ئەرکى دەزانم. جێبەجێنەکردنى ماددەى (140) بە ماناى لە دەستدانى کەرکوک وبەشێکى زۆر لە ناوچە دابڕاوەکانى کوردستان دەخوێندرێتەوە.
پێوەندى نێوان کوردو تورکمان بەهۆى سیاسەتى چەوتى حکومەتەکانى بەغداوە تێکچووە، پێویستە هەوڵبدرێت ئەو پێوەندیە چاک بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوان و لەگەڵ کلدان و ئاسووری و عەرەبە رەسەنەکانى کەرکەک.
ئایا تورکمان لەناو حکومەتى هەرێمدا سەبارەت بە ژمارەى کورسیەکانیان لە کوردستاندا، وەکو کەمایەتیەک، هەقى خۆیان وەرگرتووە؟
ئێستا تورکمان چەند کورسییەکیان لەناو پەرلەماندا هەیە، هەڵبەتە ئەو دەمەى کەرکوک وناوچە دابڕاوەکانى دیکەى کوردستان کە تورکمانى لێیە دەگەڕێتەوە سەر هەرێم، ژمارەیان زیاتر دەبێ، بۆیە ژمارەیان لە پەرلەمانیشدا زیاتر دەبێ. لەو باوەڕەدام پاش گەڕانەوەى ئەو ناوچانەى کوردستان پێویستە هەڵبژاردنێکى نوێ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان وئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێم سەرلەنوێ ڕێکبخرێن، لەو هەڵبژاردنەدا نوێنەرانى تورکمان وئاسورى وکلدان وعەرەبى کوردستان بە پێى نفووسى راستەقینەى خۆیان هەڵدەبژێردرێن، هەڵبەتە زیاتر دەبن.
ئەرکى ئێمەیە قەناعەت بە تورکمان و نەتەوەکانى دیکەى کوردستان بکەین کە بەرژەوەندیان لەگەڵ ئێمەدایەو ئەوانیش بەشێکن لە گەلى کوردستان و لە دەستوورى هەرێمدا هەموو ماف وئەرکەکانیان بە ڕوونى دیارى دەکرێن ودەچسپینرێن. ئەگەر ناتەبایى وکارى توندوتیژى لەنێو نەتەوەکانى کوردستان ڕوویاندابێ دەستێکى دەرەکى لەپاڵدا بووە. کاتى ئەوە هاتووە نەتەوەکانى کوردستان بە هاوکارى وپێکەوە ژیانێکى باشتر بۆ نەوەکانى ئەمڕۆ وپاشە رۆژ دابینبکەن، کۆمەڵگاى کوردستان ببێتە نموونە بۆ کۆمەڵگاکانى ناوچەکە.
لە گۆڤارى (ستاندەر) ژمارە ( 14)ى ساڵى دووەم، نیسانى 2007 دا بڵاوکراوەتەوە.

No comments: