Sunday 30 September 2007

سەروەریى قانوون و ڕەوشى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستاندا

دکتۆر نورى تاڵەبانى

سەروەریى قانوون، واتا جێبەێکردنى حوکمى دەستوورو قانوون لەلایەن دادگە و ئەو دەزگایانەى کە ئەرکی جێبەجێکردنى قانوونیان پێ سپێردراوە، بە بێ دەستێوەردانى دەسەڵات یان لایەنێکى دیکە. ئەم پرنسیپە لە دەستوورى هەرە زۆرى وڵاتانى جیهاندا جێگیربووە، ئەگەر لە وڵاتێکدا رێز لە پرنسیپى سەروەرى قانوون نەگیرێ، مافەکانى مرۆڤیش پێشێل دەکرێن، ئەم دوو پرنسیپە بە یەکەوە بەستراون، چونکە پێشێلکردنى یەکێکیان دەبێتە هۆى پێشێڵکردنى ئەوى دیکەیان.
باسکردن لە ڕەوشى مافى مرۆڤ وچۆنیەتى پیادەکردنى پرنسیپى سەروەرى حوکمى قانوون لە هەریِمى کوردستاندا دەبێ ئاماژەى تێدابکرێت بۆ نەبوونى دەستوور، چونکە لە دەستووردا جگە لە دیاریکردنى شێوازى حوکمڕانیکردنى وڵات، مافەکانى مرۆڤ بە هەموو بەش وجۆرەکانیەوە دەستنیشان دەکرێن. لە ساڵى 1992 ەوە هەوڵى ئامادەکردنى دەستوور بۆ ئەم بەشە رزگارکراوەى کوردستان دەدرێت. لە مانگى ئەیلولى ساڵى 2006 داپرۆژەى دەستوورێک ئامادەکراوە وچاوەڕێى پەسەند کردن دەکات. لەو پرۆژەدا مافە مەدەنى وسیاسیەکانى مرۆڤ لە دەروازەى دووەمى بەشى یەکەمدا دیاریکراون. لە ماددەى (18)ى پرۆژەکەدا هاتووە هاوڵاتیان لەبەردەم قانوون یەکسانن وناشێ لە نێوانیان بە هۆى ڕەگەز، یان نێرومێى، یان ڕەنگ، یان زمان، یان پێگەى کومەڵایەتى، یان ئایین وئاینزا، یان بارى ئابوورى وکۆمەڵایەتى یان ئینتماى سیاسى وهزرى، جیاوازى بکرێت. لە ماددەى (19) ئەو پرۆژەیەدا هاتووە کە هاوڵاتیان مافى ژیان وئاسایش وئازادیان بۆ دابین دەکرێت ونابێ کەسێک لەو مافانەى بێبەش یان سنووردار بکرێت، مەگەر بە پێى قانوون یان بە بڕیارى لایەنێکى دادوەریی. لە ماددەى (21) دا هاتووە "ئافرەت یەکسانە لەگەڵ پیاودا، پێویستە هەموو ئەو مافە مەدەنى وسیاسیانەى لەم دەستوورەو لە پەیمان وڕێکەوتنامە نێو دەوڵەتیەکاندا هاتوون، بۆیان دەستبەربکرێت، هیچ جۆرە بەربەستێک لەبەردەم یەکسانیان لە ژیانى کۆمەڵایەتى وڕِۆشنبیرى وئابوورى و سیاسیدا دەبێ نەمێنى". لە ماددەکانى 22 تا 42 ى پرۆژەکە مافە مەدەنى وسیاسیەکانى هاوڵاتیان دیاری کراون، ماددەکانى 43 تا 58 کە لە بەشى دووەمى هەمان دەروازەدا هاتوون، تایبەتن بە مافى ئابوورى وکۆمەڵایەتى وڕۆشنبیری. ماددەکانى 59 تا 71 کە لە بەشى سێیەمى ئەو دەروازەدا هاتوون، تایبەتن بە دیاریکردنى ئازادیەکان، بە تایبەتى ئازادى ڕاو ڕادەربرین وبڵاوکردنەوەو چاپ ورۆژنامەگەرى وکۆبوونەوەو خۆپیشاندان ومانگرتنى ئاشتیانەو وئازادى سەفەرو نیشتەجێبوون وهاتووچۆکردن، لەگەڵ ئازادى هزرو ئایین ودامەزراندنى کۆمەڵەو پارتى سیاسى وچوونە رێزیان وبەشداریکردن لە کۆبوونەوە. هەرچەندە پرۆژەى دەستوورى هەرێم جارێک پرۆژەیەو پەسەند نەکراوە، بەڵام بەشى هەرە زۆرى ئەو پرنسیپانەى تێیدا چەسپێنراون، لە بەڵێنامەو ئاگاداریە نێودەوڵەتییەکاندا هاتوون، بۆیە دەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان دەبێ ئیلتزامی پێوەبکەن، بە تایبەتى بەشێکیان بە قانوون چەسپێنراون. ئەوەش ئەوە دەگەێنێ کە دادگەو دەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێم پابەند دەبن بە جێبەجێکردنیان.
لە پاڵ پرنسیپى سەروەریى قانوون ورێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ، پرنسیپی سەربەخۆیى دادگەکان کە پرنسیپێکى دیکەیە دەبێ رێزى لێ بگیرێ. مەبەست لە سەربەخۆیى دادگەکان نەبوونى دەسەڵاتێکى دیکەیە لە سەروویانەوە، چونکە نە قانوون سەروەر دەبێ ونە دادگەکان دەتوانن قانوون جێبەجێ بکەن و رێز لە مافەکانى مرۆڤ بگرن ئەگەر دەسەڵاتێکى دیکە هەبێ لە سەروویانەوە. لە ماددەى (116)ى پرۆژەى دەستوورى هەرێمدا هاتووە دادگەکان سەربەخۆن ولە قانوون بەولاوە هیچ دەسەڵاتێکى دیکەیان بەسەرەوە نییە. ماددەى (117)ى ئەو پرۆژەیە ئاماژەى بۆ بنەماێکى دیکەى قانوونى تێدایە کە دادگانى کوردستان ویلایەتى گشتییان بە سەر هەموو تاکە کەس وکەسانى مەعنە یەوە هەیە. واتە ئە دادگایانە قانوون بەسەر هەموو کەسێکا جێبەجێ دەکەن، تاکە کەس بن یان کەسى مەعنەوى گشتى وکەسى تایبەت.
هەموو ئەم پرنسیپانە لە پرۆژەى دەستوورو قانوونەکانى هەرێمى کوردستاندا چەسپێنراون، بەڵام ئایا بەو شێوەى دارێژراون کاریان پێ دەکرێ، یان هەر نووسینى سەر کاغەزن؟ بە واتاێکى دى، حوکمى قانوون سەروەرە ورێز لە مافەکانى مرۆڤ دەگیرێ ودادگەو ئەو دەزگایانەی جێبەجێکردنى قانوونیان پێ سپێردراوە دەسەڵاتێکى دیکەیان بەسەرەوە هەیە؟ ئەگەر هاتوو مافێک لە مافەکانى مرۆڤ پێشێل بکرێت هەڵوێست ورۆڵى وەزارەتى مافى مرۆڤ وڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى چۆن دەبن؟ ئومێدەوارم بتوانین وەڵامى بەشێک لەم پرسیارانە بە کورتى بدەینەوە.
بۆ وەڵامدانەوەى بەشێک لەو پرسیارانە دەگەڕێنەوە بۆ ڕاپۆرتێکی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا تایبەتە بە ساڵى 2006 دەربارەى ڕەوشى مافى مرۆڤ وشێوەى جێبەجێکردنى حوکمى قانوون مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان. هەموو دەزانین کە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ساڵانە ڕاپۆرتێکى تایبەت بە ڕەوشى مافى مرۆڤ لە وڵاتانى جیهاندا بڵاودەکاتەوە. ئەو ڕاپۆرتە زۆر جاران دەبێتە مایەى سەرئێشە بۆ بەشێک لە دەزگاکانى حکومەتى ئەمریکا، چونکە رەخنەى تێدا ئاراستەدەکرێت لە ڕەوشى بەشێک لە حکومەتە دۆستەکانى ئەمریکاو خودى بەشێک لە دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا.
لە ڕاپۆرتى ساڵى 2006 وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا کە لە 6 ئادارى 2007 دا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە لە هەرێمى کوردستان زیندان هەن نهێنین وکەسانێکى تێدایە دادگەیى نەکراون وکەسوکاریان نازانن لەکوێ گیراون وناتوانن چاویان پێان بکەوێت. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ سەرکوتکردنى توندوتیژانەى خۆپیشاندەران کراوە لە چەند شارو شارۆچکەێکى کوردستاندا، ئەوەش بووەتە هۆى برینداربوون وکوشتنى چەند کەسێک وبەشێک لە خۆپیشاندەرەکان وێنەیان بە ڤیدیۆ لەلایەن هێزى ئاسایشەوە گیراوە بە مەبەستى شوناسەکردنیان وپاشان گرتنیان. ڕاپۆرتەکە باس لە گەندەڵى دەکات، بۆ نموونە دەڵێ پۆستى فەرمانبەرى زیاتر بە ئەندامانى حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەدرێ، یان ناویان پیِش دەخرێن. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە ڕەوشى ڕێکخراوانى ناحکومى NGO کراوەو دەڵێ زۆربەیان سەر بە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارن. لەو ڕاپۆرتەدا باس لە پێشێلکردنى مافى کەمە ئاینییەکانى کوردستان کراوە، کە ئێزدى ومەسیحیەکان دەگرێتەوەو دەڵى لە هەندێ شوێن، بەتایبەتى لە باشورى موسل، موڵک وماڵیان لەلایەن کوردەکانەوە داگیردەکرێـت. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەلومەرجى دژوارى کرێکارە بیانەکان کراوە کە مووچەیان کەمەو بەشێکیان موعامەلەى بازرگانى لەشفرۆشتنیان لەسەر دەکرێت. بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکومەتى هەرێم بەدواداچوونى لەسەر مامەلەى ناقانوونى لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا کردووەو لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە کۆمپانیایەکى بیناسازى لە دوبەى 500 کرێکارى هیندى وسیریلانکى هێناوەتە هەولێر، بەڵام بەو پێیەى پێشتر لەگەڵیان ڕێککەوتووە، مووچەیان پێ نەدراوەو بەشى زۆریان لە هەلومەرجێکى نالەباردا دەژین، بۆیە حکومەتى هەرێم ئاسانکارى بۆ کردوون تا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتى خۆیان.("ئاوێنە"، ژمارە 60ى 13 ئادارى 2007).
لەناو کۆمەڵگاى کوردیدا چەند دیاردەێکى نوێ بڵاوبووەتەوە کە پێشتر زۆر کەم بوون، وەک کوشتنى ئافرەت کە ئێستا زوو زوو هەواڵى کوشتنیان لەناو رۆژنامەکانى کوردستاندا بڵاودەکرێتەوە. دیاردەى خۆسوتاندنى ئافرەت ونەوجوانان خەریکە دەبێتە دیاردەێکى ئاسایى کە پێشتر لە کوردستاندا زۆر کەمبوو. هۆى زۆربوونى ئەو جۆرە دیاردانە لە زۆر حاڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ پێشێلکردنى مافەکانیان، بە تایبەتى لەناو ماڵ وخێزاندا. توندوتیژى بەرامبەر رۆژنامەنووسانى کوردستان، وەک دادگەییکردنیان، هەڕەشەلێکردنیان یان ڕفاندن وئەشکەنجەدانیان مەترسى لەسەر ئازادى کارى رۆژنامەوانى پەیداکردووە. لە بەیانامەێکى سەندیکاى رۆژنامەسانى کوردستاندا هاتووە ئەو جۆرە کارانە"دەستدرێژی کردنە بۆ سەر مافى مرۆڤ بە گشتى ومافى هاوڵاتیى بوون بە تایبەتى".("میدیا"، ژمارە 284ى 10 نیسانى 2007). لەو ناوچانەى بە هۆى سیاسەتى رژێمى بەعسەوە بەر شاڵاوى کوشتنى بەکۆمەڵ و سوتاندن وماڵ وێرانکردن بوون، وەک ناوچەکانى گەرمیان و هەلەبجەو ئەو شوێنانەى تا ئێستا لە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندیدا ماونەتەوە، بەشى زۆرى خەڵکى ئەو ناوچانە لە بارودۆخێکى زۆر خراپدا دەژین، حکومەتى هەرێم و حکومەتى بەغدا هاوکاریێَکى ئەوتۆى نەکردوون، بۆیە ژیانێکى قورس وناخۆش بەسەر دەبەن. ئەو پەناهەندانەى ڕِوویانکردووەتە کوردستان، بە تایبەتى ئەوانەى لە ناوچەى مەخمور نیشتەجێ بوون، هەروەها ئەوانەى لە ناوچەکانى دیکەى کوردستان نیشتەجێکراون کە بەشى زۆریان خەڵکى بەشەکانى دیکەى کوردستانن، ڕێکخراوى NHCO ى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیان دەدا وبەشى زۆریان لە کەلاوەو وخێوەتدا دەژین. بارى ژیانى ئاوارەکانى کەرکوک وناوچە دابڕِاوەکانى دیکەى کوردستان لەهى ئەوان باشتر نییە، ئەمانە تەنیا نموونەن. جگە لەوەش بە هۆى شەڕى ناوخۆوە کەسانێک بێ سەرو شوێن کراون وکەسوکاریان ئاگادارنەکراونەتەوە لە دوارۆژیان. بەشێک لە ئاوارەکان بە هۆى ئەو شەڕەوە لە بارودۆخێکى خراپدا دەژین وچەند جارێک خۆپیشاندانیان ڕێکخستووە لەبەردەم پەرلەماندا. دیاردەێکى دیکە ئەویش بە هۆى شەڕِى ناوخۆ یان چەکدارى حیزبە دەسڵاتدارەکانەوە پەیدابووە، داگیرکردنى زەویى وزارى خەڵکانى دیکەیە، کورد وتەنى "زۆر بەدەستن بۆیە قەباڵە بەتاڵ بووە"!.
ئەرکى سەرەکى وەزارەتى مافى مرۆڤ وڕێکخراوە مەدەنى وناحکومیەکانە لە هەرێمى کوردستان کە داکۆکى لە هەموو جۆرە پێشێلکارییەکى مافى مرۆڤ بکەن، بە تایبەتى هى ئەو خەڵکانەى کە مافەکانیان پێشێل دەکرێن چ لەلایەن دەزگاکان بێ یان دەسەڵاتدارو حەڵکى دیکەوە. پرسیار لەوەدایە ئایا وەزارەتێک بەشێک بێ لە حکومەت و دەبێ هاوکارى بێت دەتوانێ پێشێلکاریەکانی ئەو دەزگایانەى حکومەتە ئیدانە بکات وداکۆکى لە مافەکانى ئەو خەڵکانە بکات؟ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنی ئەوانیش بەشى زۆریان، هەر وەک لە ڕاپۆرتى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکادا هاتووە، سەر بە حیزبە دەسەڵااتدارەکانى کوردستانن، بەڵگەمان ئەویە کە یەکخستنەوەیان بە پێى ڕێککەوتنى نێوان ئەو دوو حیزبە ئەنجام دەدرێ! ئیتر چون دەتوانن رەخنە لە کارەکانى ئەو حیزبانە بکەن، لە کاتێکدا بەشى زۆرى پێشێلکاریەکانى مافى مرۆڤ لە ئاکامى دەستێوەردانى ئەوانەوە پەیدا دەبن؟
کوردستان پێویستى بە ڕێکخراواى سەربەخۆیە کە هیچ لایەنێکى سیاسی نەتوانێ ئیرادەى خۆى بەسەریاندا بسەپێنێ، تا بتوانێ بەهاوکارى ڕێکخراوانى مرۆڤ دۆست لە جیهاندا دەست بخاتە سەر کەموکوڕییەکان ودەستنیشانیان بکات وداوا لە حکومەت ودەزگا پەیوەندیدارەکان بکات پێشێلکاریەکانى ڕابگیرێن ورێز لە سەروەرى قانوون بگیرێ.
-----------------------------------------------------------------------------
* لە ژێر دروشمى "کوردستان و مافى مرۆڤ" کە وەزارەتى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان لە 16 و17نیسانى 2007 دا ڕێکیخستبوو، ئەم بابەتە پێشکەشکراوە.

No comments: