Sunday 30 September 2007

لە بیرەوەریەکانم لە زانکۆى سلێمانى و سەلاحەدین


دکتۆر نورى تاڵەبانى
لە بەشى زۆرى وڵاتانى دونیادا مامۆستاى زانکۆ بە چاوى رێزەوە تەماشادەکرێ، بەڵام لەسەردەمى حوکمى بەعسدا، بەتایبەتى پاش دامەزراندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، رێکخراوەکانى ئەو حیزبەو دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەخستە نێو کاروبارى زانکۆکانەوە و بەبێ رەزامەندى ئەوان بەرپرسێک دانەدەمەزرا. ئەو کولتورە ئێستاش پەیڕەوى پێ دەکرێت. ماوەى چواردە ساڵ مامۆستا بوم لە چەند زانکۆێکى عێراق و لە هەردوو زانکۆى سلێمانى و سەلاحەدین. لەو ساڵانەدا ڕووداو و بەسەرهاتى سەیرم بینیوە، کە بەشێکیان بەسەرخۆمدا هاتوون. چەند دۆستێکم کە بەشێکیان قوتابیم بوون لە یەکێ لەو زانکۆیانە، بەشێک لەو ڕووداوانەیان گێڕاوەتەوە، چەند جارێک داوایان لێکردوم ئەو ڕووداوانە ڕووناکى بخەمە سەریان، بۆیە لێرەدا بەشێکیان دەگێڕمەوە.
سەرەتاى دامەزراندنم وەک مامۆستا لە زانکۆى بەسرا بوو لە خواروى عێراق. دوو ساڵ لەو زانکۆیە مامەوە، هەستم دەکرد دوورخراومەتەوە و لە "مەنفا"دەژیم، هەرواش بوو. لەگەڵ چەند مامۆستاێکى کورد لەو زانکۆیە بەشى زۆرى کاتەکانمان پێکەوە بەسەردەبرد. پاش دەرچوونى بەیاننامەى 11 ئادارى 1970 کەوتمە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان. لە ئەیلولى ئەو ساڵەدا گوێزرامەوە بۆ زانکۆى بەغدا، پاشان لەسەر داواى خۆم، لە ئەیلولى 1973دا نەقڵى زانکۆى سلێمانى کرام. لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ کاک دکتۆر حیکمەت فیکرەت ڕێکەوتین ئەنستیتو(پەیمانگا)ى کارگێڕى بکەینەوە. لە ماوەێکى کەمدا ئەو ئەنستیتووە دامەزرا و خوێندکاران دەستیان بە خوێندن کرد، دەوامیان ئێواران بوو. پاش ئەوە بە "تەفەروغى عیلمى" بۆ ماوەى ساڵێک چوومە بریتانیا. لە پاش دەستپێکردنەوەى شەڕ لە کوردستان، بڕیارى نەگەڕاندنەوەم دا. بەهۆى دواکەوتنم چەند جارێک لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆوە"ئینزاریان"ئاراستە کردم، بەڵام نەگەڕامەوە تا ئەیلولى 1975. لەو ماوەى لە بریتانیا بوم، بە تایبەتى لە ساڵى 1974دا، لێکۆڵینەوەێکى قانوونیم بە زمانى عەرەبى لەسەر سیستمى فیدرالى ئامادەکرد، بە مەبەستى پێشنیازکردنى ئەو سیستمە بۆ پاشەرۆژى کوردستان، چونکە گەیشتبوومە ئەو قەناعەتە کە ئۆتۆنۆمى چارەسەرى مەسەلەى کورد ناکات، ئەوەى حکومەتى ناوەندى بە پێى قانوونى ئۆتۆنۆمى دانى پێدادەنێ، دەتوانێ رۆژى پاشتر لێى پاشگەزبێتەوە. بەڵام سیستمى فیدرالی لە دەستوور دەچەسپێت، چ دەسەڵاتى حکومەتى فیدرالی بێ یان دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمەکان، دەستکاریکردنى دەستووریش کارێکى ئاسان نییە. لێکۆڵینەوەکەم دایە نوێنەرى شۆرش لە لەندەن لەو دەمە، بە مەبەستى چاپکردن و بڵاوکردنەوەى.
زانکۆى سلێمانى لە ساڵى 1975 لە بارودۆخێکى زۆر ناخۆش وخراپدا بوو، قسەش هەبوو حکومەت نیازى داخستنی هەیە، هەربۆیە بەشى زۆرى مامۆستا کوردەکان لە هەوڵ وکۆشەشدا بووین لە پێناو پێشخستنى لە ڕووى زانستیەوە و کردنەوەى کۆلێژى تازە. وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى ئەو دەمە سەردانى زانکۆى سلێمانى کرد، سەرەتا هەندێ هەڕەشەى لە مامۆستاکان کرد کە خۆیان لە حیزبى بەعس دوور دەگرن، بەڵام بە ناچاریەوە دانى بەوەدا نا، لە ڕووى زانستییەوە زانکۆى سلێمانى دووەم زانکۆیە پاش زانکۆى موسل. لەو ماوەدا هەوڵ دەدرا بۆ کردنەوەى چەند کۆلیژێکى نوێ، بەتایبەتى کۆلێژى کارگێڕی و ئابوورى لەگەڵ کۆلێژى پزیشکى. لە پایزى 1976دا لیژنەێکى تایبەتى لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقیەوە هاتە سلێمانى بۆ دیراسەکردنى کردنەوەى کۆلێژى کارگێڕى و ئابوورى. سەرۆکى لیژنەکە، دکتۆر عەلى خەلەف دەمناسى، چونکە پێشتر مامۆستام بوو لە کۆلێژى قانوون لە زانکۆى بەغدا، ئەندامانى لیژنەکەش سەرۆکى بەشەکانى کارگێڕى و ئابوورى بوون لە زانکۆکانى بەغدا و موستەنسرییە، ئەوانیشم دەناسی، چونکە لەو کۆلێژانە دەرسم دەوتەوە پێش ئەوەى بچمە سلێمانى. لیژنەکە ڕاپۆرتێکى باشی بە وەزارەت پێشکەش کردبوو، بەڵام وەزارەت ڕێگاى بە کردنەوەى بەشى ئابوورى نەدا. لەسەر داواى سەرۆکى زانکۆ، دکتۆر تاریق ئامێدى، ماوەیەک بوم بە سەرۆکى بەشى کارگێڕى، سەرۆکى زانکۆش راگڕى کۆلێژەکە بوو بە وەکالەت. کۆلێژەکە سەقامگیر بوو، بەشێک لە مامۆستاکانى لە بەغداوە هەفتانە دەهاتن بۆ دەرس وتنەوە.
پێنج کۆلێژى زانکۆى سلێمانى ڕاگریان نەبوو، لەوەدەچێ سەرۆکى زانکۆ ناوى پێنج مامۆستاى پێشنیازکردبێ بۆ وەزارەت، تا بکرێن بە ڕاگرى ئەو پێنج کۆلیژە. بە بێ ئاگاداری و پرسپێکردن، سەرۆکى زانکۆ ناوى منیشى پێشنیازکردبوو بۆ ڕاگرى کۆلیژى کارگێڕى، ئەوانى دیکە دکتۆر خەسرەو شاڵى بۆ ڕاگرى کۆلێژى کشتوکاڵ، خوالێخۆشبوو دکتۆر کامل بەسیر بۆ ئاداب، دکتۆر نەوزاد عەتار بۆ کۆلێژى پزیشکى و دکتۆر فوئاد کەمالەدین کە عەرەب بوو، بۆ کۆلێژى ئەندازیارى. بە پێى قانوون، پلەى زانستى ڕاگر دەبوو پرۆفیسۆر یان پرۆفیسۆرى یاریەدەر بێ، من و دکتۆر فوئاد ئەو پلە زانستیەمان هەبوو، بەڵام وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقى ناوى منى رەتکردبووەوە. کاتێ هەواڵى پێشنیازکردنى ئەو ناوانە لەناو زانکۆدا بڵاوبووەوە، گلەییم لە سەرۆکى زانکۆ کرد کە چون پێشنیازى ناوم دەکا بە بێ پرسکردن. لە ساڵى 1978دا لەلایەن وەزارەتەوە دکتۆر سادق شەمسە، کە عەرەبێکى بەعسى بوو، ڕاگرى کۆلێژى کارگێڕى و ئابوورى بوو لە زانکۆى بەغدا، گوێزرایەوە بۆ زانکۆى سلێمانى وەک ڕاگری کۆلێژى کارگێڕى. لە ئەیلولى 1978 گوێزرامەوە بۆ زانکۆى بەغدا، سێ ساڵى لێ مامەوە. لەو ماوەدا هەوڵى زۆرمدا خێزانم، کە پزیشکێکى پسپۆر بوو لە هەولێر، بە پێى بنەماى خێزانى (قاعیدەى زەوجى) نەقڵى بەغدا بکرێت، بەڵام وەزارەتى تەندروستى رازى نەدەبوو، چونکە تەنیا پسپۆر بوو لە بوارى نەخۆشى ئافرەتان لە هەولێر. ماوەیەک پاش گواستنەوەى زانکۆى سلێمانى بۆ هەولێرو گۆڕینى ناوەکەى بە زانکۆى سەلاحەدین، داوایەکم پێشکەش بە وەزارەت کرد، تا بە "ئینتداب" بۆ ماوەى دوو ساڵ بچمە ئەو زانکۆیە، مەبەستم ئەوەبوو بڕِۆمە لاى منداڵەکانم. لە کۆتایى ئەیلولى 1981دا فەرمانى وەزارەت بە چوونم بۆ زانکۆى سەلاحەدین دەرچوو، هەر لەو مانگەدا دەستبەکار بوم لە کۆلێژى کارگێڕى. بەڵام پاش یەک هەفتە، بە بڕیارێکى وەزارتى خوێندنى باڵا، بڕیارى ئینتیدابەکەیان هەڵوەشاندەوە داواشکرابوو بە پەڵە بگەڕِێمەوە بۆ زانکۆى بەغدا ! گەڕانەوم بۆ بەغدا بەو کتوپڕییە ناخۆش بوو بۆ منداڵەکانمان. سەرەتا وامدەزانى لەسەر داواى زانکۆى بەغدا فەرمانى دووەم دەرچووە، بەڵام پاشان دەرکەوت لەسەر ڕِاپۆرتى چەند "کوردێکى" سەر بە (موخابەرات) بووە. بە پێچەوانەى هەڵوێستى ئەو بەناو کوردانە، هەڵوێستى جوامێرانەى کاک جەلال حەمە سالح، کە ئەو دەمە بەڕێوەبەرى ئۆفیسى سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین بوو، کە ئاگادارى کردم بە گەیشتنى ئەو فەرمانەى وەزارەت بۆ سەرۆکایەتى زانکۆ. سبەینێ بوو بە تەلەفۆن داواى لێکردم بە زووترین کات سەردانى بکەم، کە چوومە لاى، تێلێکسى وەزارەتى پیشاندام تێیدا فەرمانى هەڵوەشاندنەوەى ئینتیدابەکەى تێدابوو، لەگەڵ گەڕِِانەوەم بۆ زانکۆى بەغداى بە بێ دواکەوتن. بەڵام تکاى لێکردم ئاگادارى کەس نەکەم تا ئەو تێلێکسە دەخاتە بەردەستى سەرۆکى زانکۆ، کە دکتۆر خەسرەو شاڵى بوو. بۆ ئەوەى بە کتوپڕى منداڵەکان بەجێ نەهێڵم، لە کۆلێژ فۆرمى سەردانى نەخۆشخانەم وەرگرت و چوومە لاى دکتۆر مەحەمەد عەقراوى، ئەویش بۆ چەند رۆژێک ئیسراحەتى بۆ نووسیم. ڕاپۆرتەکەم بە دەستى یەکێکدا ناردە کۆلیژى کارگێِرى، بەڵام پاش نیمەڕۆى هەمان ئەو رۆژە، هەردوو فەرمانى زانکۆ و کۆلێژ بە "ئینفیکاکم" بۆیان ناردمە ماڵەوە، بێ ئەوەى گوێ بەو ڕاپۆرتە پزیشکیەکە بدەن. بەڵام گوێم پێ نەدان، پاش تەواوبوونى ئیجازەکەم ئەوجا گەڕِِامەوە بۆ بەغدا. وامدەزانى گەڕِانەوەم بۆ بەغدا لەسەر داواى ڕِاگرى کۆلێژى قانوون بووە، گلەییشم لێکرد، بەڵام سوێندى بۆ خواردم ئاگادارى ئەو کەین وبەینە نییە، گوتیشی ئەگەر نەیویستبا بچمە زانکۆى سەلاحەدین، لەسەرەتاوە رازى نەدەبوو. بۆیە کەوتمە سۆراغى هۆى دەرچوونى ئەو بڕیارە سەیرە. پاش ماوەیەک بۆم ڕوونبووەوە لەسەر ڕاپۆرتى دوو "کورد" گوێزراومەتەوە! یەکێکیان زۆر کەس لە هەولێر دەیزانى سەر بە موخابەراتە. دوو رۆژ پاش دەوامکردنم لەو کۆێژە، بەسەردان هاتە لاى خزمێکى کە مامۆستا بوو لەوێ. هەردوکیان بوونە دەسەڵاتدار لە پاش ڕاپەرین! یەکێکیان چووەتە بەر رەحمەتى خوا، بەڵام ئەوى دیکەیان ئێستاش هەر بە گوڕە! لە ڕێگاى کۆلێژى قانوونەوە لە زانکۆى بەغدا، داوایەکم ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا کرد، تێیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیاڕەم لێکرد، یان خانەنشینکردنم. پاش تێپەڕبوونى چوار مانگ، فەرمانێکى وەزارى تازە دەرچوو، تێیدا جارێکى دى"ئینتداب" کرامەوە بۆ زانکۆى سەلاحەدین، بێ ئەوەى ئاماژەى تێداکرابێ بۆ فەرمانى یەکەم ! لە ئادارى 1982دا گەڕامەوە بۆ زانکۆى سەلاحەدین و دەستم بە دەرس وتنەوە کردەوە. لە ئایارى ئەو ساڵەدا ڕاپەرینى خوێندکارانى کوردستان لە یادى بۆمباردمانکردنى شارى قەلادزێ دەستى پێکرد. کۆمەڵێک مامۆستاى زانکۆى سەلاحەدین، هەر یەکە بە شێوازێک پشتگیریمان لە جووڵانەوەکە دەکرد. بۆ نموونە، د. عەتیەى هاوسەرم کە مامۆستا بوو لە کۆلێژى پزیشکى، لە قاوشێکى نەخۆشخانەى هەولێر کە قوتابیە بریندارەکانى تێدا دەستبەسەرکرابوون، بە هاوکارى چەند برینپێچێکى کورد پەروەر، بە بێ بەنج گولەى لە لەشی چەند بریندارێک دەرهێنابوو، ڕێگاشى بۆ دیارى کردبوون بۆ چوونە دەرەوە! هەموو دەربازبوون و گەیشتنە ناو پێشمەرگە. بەشێکیان پاش راِپەرین لەلاى زۆر کەسان باسی ئەو ڕووداوەیان کردبوو، کە بە هۆى ئەوەوە لە مردن و گرتن رزگاریان بووە.
لە ئابى 1982دا لیستێک بە ناوى 33 مامۆستاى زانکۆى سەلاحەدین بڵاوکرایەوە، بەشى زۆریان نەقڵکرابوون بۆ زانکۆ یان دەزگاکانى دیکەى عێراقى، ناوى من و د. عەتیەى هاوسەرم لەسەروى لیستەکەدا بوو! ئەو لیستە لەلایەن دەزگاى موخابەراتەوە دەرچوبوو، بەڵام لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆوە ئاگادارکراینەوە. فەرمانى"ئینتدابم" جارێکی دى هەڵوەشابووەوە، بۆیە گەڕامەوە بۆ زانکۆى بەغدا. دواتر لەلایەن زانکۆى بەغداوە لە تەمەنێکى گەنجدا خانەنشینکرام. خێزانیشم لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆى سەلاحەدینەوە ڕێگاى دەرس وتنەوە لە کۆێژى پزیشکى لێ قەدەغەکرابوو.
خانەنشیکردنم لەسەر بنەماێکى سەیر بوو. دکتۆر تاها نعێمى، سەرۆکى زانکۆى بەغدا داواى خانەنشینکردنى کردبوم لەبەر"عدم توفر السلامە الفکریە"! وەزیرى خوێندنى باڵا، د. عەبدورەزاق هاشمى لەسەر پێشنیازى ئەو نووسیبوى: " یحال على التقاعد ولا یسمح له بالتدریس فی احدی جامعات القگر او خارجه"! ئەو بڕیارە بە پێچەوانەى قانوونى عێراقى بوو، بۆیە پێش ئەوەى لە کۆلێژ"ئینفیکاک" بکەم، داواێکم لەسەر وەزیرى خوێندنى باڵا لە بەردەم ئەنجومەنى "ئینزیباتى" گشتى، کە سەر بە وەزارەتى داد بوو، تۆمارکرد. بۆ بە دواداچوونى ئەو داوایەم، یەکێ لە قوتابیەکانم کە پارێزەر بوو لە بەغدا، بووە پارێزەرم، خۆشم گەڕِِامەوە بۆ هەولێر. پاش نزیکەى ساڵێک بڕیارى ئەو ئەنجومەنە دەرچوو، بەڵام نە هەقى بە من دابوو، نە بە وەزارەت ! سەرۆکى ئەو ئەنجومەنە دادوەر عەبدولحسێن ئەلتائی خەڵکى کەربەلا بوو، بەعسى نەبوو بەڵام زۆر ترسنۆک بوو! لەولاشەوە رژێم ڕێگاى پێنەدام بگەڕێمەوە بۆ کەرکوک، بۆیە لە هەولێر جیگیربوم تا ڕاپەرینى بەهارى 1991. لە ماوەى ئەو نۆ ساڵەدا (1983 تا 1991) خەریکى تەواوکردنى ئەو فەرهەنگە قانوونییە بوم، کە لە ساڵى 1974 ەوە لە لەندەن، بەهاوکارى خوالێخۆشبوو مامۆستا تۆفیق وەهبى دەستم پێکردبوو، لەگەڵ وەرگێڕانى کتێبەکەى (نیکیتین) لە فەرەنسیەوە بۆ عەرەبى. هەروەها خەریکى کۆکردنەوەى دۆکیمەنتى جۆراوجۆر بوم سەبارەت بە پەیڕِەوکردنى سیاسەتى بە عەرەبکردن لە ناوچەى کەرکوک لە لایەن رژێمى بەعسەوە. ئەو بەرهەمانەم پاش ڕاپەرینى 1991 بە چاپکردن گەیشتن، بەشێکیان لە ئەوروپا و بەشێکى دیکەیان لە کوردستان.
لەو ماوەى لە هەولێر بووین هەستمان دەکرد لەژێر چاودێرى دەزگاى ئەمنین، بەڵام رۆڵى ئەو بەناو "کوردانەى"سەر بە رژیم بوون گەلێک خراپتر بوو. چەند جارێک بانگکراینە دایرەى ئەمن لەسەر ڕاپۆرتى ئەوان. پاشان کار گەیشتە هەوڵى کوشتنى خێزانم، چونکە قسەى بەو "کوردانە" دەوت کە ئێستا بەشێکیان کاربەدەستن! هەوڵى لەناوبردنى بەم جۆرە بوو: لە شەوی 29ى دیسەمبەرى 1984 بە تەنیا لە کلینیکى تایبەتى خۆى دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ. سێ کەس ڕێگاى پێ دەگرن و ناهێڵن لە ئۆتۆمبیلەکەى بێتە خوارێ و لولەى دەمانچەیان لەسەر سەرى ڕادەگرن و سویچى ئۆتۆمبیلەکەى لێ وەردەگرن، بە نیازى رفاندنى، بەڵام نەیانتوانیبوو، بۆیە بە تاریکى چەند گوللەیەکی پێوە دەنێن، یەکێکیان بەر قۆڵى دەکەوێ و ئەوى دیکەیان بەر پێستى سەرى. رۆژى پاشتر، بەرپرسێکى گەورەى ئەمن، کە ناوى مەدحەت حەمید رەئوف بوو، کورد بوو خەڵکى کۆیە بوو، لەگەڵ چەند ئەفسەرێکى پۆلیس هاتنە سەر جێگای ڕووداوەکە. مەدحەت ڕاشکاوانە وتى گومان لە (موخەربین) دەکەین، خۆم پێ ڕانەگیرا پێموت ئەوەى ئەو دەیڵێ دەچێتە خانەى ونکردنى تاوانبارى راستەقینەوە، وتم ئەو کەسانە خەڵکى ئێرەبوون، بە عەرەبى قسەیان دەکرد وەک خێزانم دەگێڕێتەوە، بەڵام ناتوانین ناویان بێنین، پاشان پێموت لێکۆڵینەوە بەو شێوەیە ناکرێـت... مەدحەت کە بەڕێوەبەرى دایرەى ئەمنی قەزاکانى هەولێر بوو، برازاى دڵدارى شاعیرى نەتەوەپەرست بوو. پاش ئەو ڕووداوە بە ماوەیەک رۆژێک دەکەوێتە ناو بۆسەی پێشمەرگەى ناو شار، لەسەر ڕێگاى هەولێر – عەینکاوە، لەوێ دەکوژرێ.
هەر لەو ماوەى لە هەولێر بووین، دوو جار چەکدار بە بەرگى کوردیەوە، لەو کاتەى ئێمە لە ماڵا نەبووین چووبوونە سەر مندالەکانمان وچەکیان لەسەر سەریان ڕاگرتبوو، هەرچى شتى بە نرخ هەبوو لە ماڵەکەدا، بردبوویان، لەوەدەچێ پێشتر چاودێرى ماڵەکەیان کردبێ. ئەمە بەشێکە لە بیرەوەریەکانم لەماوەى مامۆستا بوم لە زانکۆى سلێمانى و زانکۆى سەلاحەدین. گێڕانەوەى بیرەوەریەکانم لە زانکۆکانى عێراق بۆ فورسەتێکى تر بێ!
هەولێر، 22ى ئەیلولى 2007
(ئاسۆ)، ژمارە (537)، دووشەمە 24ى ئەیلولى 2007.

No comments: