Sunday 30 September 2007

هەولێرپۆست" لەگەڵ قانوونناس دکتۆر نورى تاڵەبانى

هەولێرپۆست" لەگەڵ قانوونناس دکتۆر نورى تاڵەبانى سەبارەت بە پرۆژەى دەستوورى هەرێمى
کوردستان و پرۆژەى قانوونى سامانى نەوت و گاز لە کوردستان

*پشتر زۆر بە گەرمی قسە لە دەستوری کوردستان دەکرا، بەڵام ماوەیەکە ئەم بابەتە باس ناکرێت، دەکرێت بزانین پەرلەمان بۆ قسە لە سەر ئەم بابەتە ناکات و ئایا ئێستا ئەم بابەتە بە چ گەیشتووە؟
وەڵام: پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان لە مانگى ئەیلولى ساڵى 2006 بڵاوکرایەوە، تا هەموو لایەن و ڕِێکخراوى مەدەنى و پیشەیی و کەسانى پسپۆرو خەڵکى دیکە بەشدارى لە دەوڵەمەندکردنى بکەن. لەم ماوەدا کۆمەڵێک ڕاو سەرنجى سوودمەند راستەوخۆ گەیشتوونەتە لیژنەکە، یان لە میدیاو رۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە. ئەو لیژنە دەبێ بە وردى تەماشاى هەموو ئەو ڕاو سەرنجانە بکات و دەستکارى پرۆژەکە بکات و کەمو کوڕیەکانى چاک بکاتەوە و دەوڵەندترى بکات، پاشان بە دوا شێوەى، پرۆژەکە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ لێکۆڵنەوە و برَیاردان لەسەرى. دوا قۆناغى پرۆسەکە بریتى دەبێ لەدەنگدان لەسەر پرۆژەکە بەدوا شێوەى لەلایەن خەڵکى کوردستانەوە، پاش پەسەندکردنى بڵاودەکرێتەوە وکارى پێ دەکرێت. ئەم پرۆسەیە وەک ئاماژەتان بۆ کردووە، دواکەوتووە، بۆیە بە باشى دەزانم پاش پشوى هاوین، لیژنەکە دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بە ئومێدى ئەوەى پێش کۆتایى ساڵى 2007 پرۆژەکە بە دوا شێوەى بڕیارى لەسەر بدرێت.

*دیارە لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستاندا لە ماددەی حەوت، ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، باس لەوە دەکات کە دین و دەوڵەت جیابکرێتەوە و ئاین بکرێتە سەرچاوەی سەرەکی لە دانانی یاسادا، ئەم بابەتە بە چی گەیشت؟ ئایا گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، یان وەکو خۆی دەمێنێتەوە؟
وەڵام: پرۆژەى دەستوورى هەرێم جارێ هەر پرۆژەیەو پەسەند نەکراوە، بۆیە دەکرێ تا ئەو رۆژەى پەسەند دەکرێت دەستکارى تێدا بکرێت. ماددەی حەوتى پرۆژەکە سەرەتا لەلایەن لیژنەى ئامادەکردنى پرۆژەى ەستوورى هەرێم پەسەندکرابوو، بەڵام لە کۆبوونەوەێکى بەناو نائاساییدا کە لە 22 ئابى 2006 بەسترابوو، دەستکارى ئەو ماددەو چەند ماددەێکى دیکەدا کرابوو. بەهەر حاڵ پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێت، پاشان دەخرێتە دەنگدانەوە، تا خەڵکى کوردستان دەنگى لەسەر بدات، ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بە شێوازێکى دیکە پرۆژەکە پەسەند نەکرێت.

*تەیاراتی ئیسلامی زۆر هەوڵدەدەن گۆڕانکاری لەم ماددەیەدا بکرێت، ئایا کەوتوونەتە ژێر فشاری ئەوان بۆ گۆڕانکاری لەم ماددەیەدا، تێڕوانینی خودی خۆت چییە؟
وەڵام: ئەوەى من ئاگاداربم لیژنەکە لە ژێر فشارى هیچ لایەنێکدا نەبووە، بەڵام لە کۆبوونەوەی نائاسایى رۆژى 22ى ئابى 2006، وەک ئاماژەمان بۆ کردووە دەستکاری ئەو ماددە وچەند ماددەێکى دیکە کراون. ئەو گۆڕانکارییەى لە ماددەى حەوتدا کراوە بریتى یە لەوە، کە شەریعەتى ئیسلام بە یەکێک لە سەرچاوەکانى قانووندانان دادەنرێ، ئەمەش کەمترە لەوەى لە ماددەى دووى دەستوورى عێراقدا هاتووە، کە ئایینى ئیسلامى بە ئایینى رەسمى داناوە لە عێراقدا و شەریعەتى ئیسلامی بە سەرچاوەى سەرەکى بۆ قانووندان لە عێراقدا پەسەندکردووە. هەروەها لە بڕگەى (ا)ى ئەو ماددەدا هاتووە، ئەگەر قانوونێک نەگونجاو بێ لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانى ئیسلامدا، ئەوا پەسەند ناکرێت. لە ماددەى حەوتى پرۆژەى دەستوورى هەرێمدا هاتووە، ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ناسنامەى موسوڵمانیەتى زۆرینەى گەلى کوردستان دەکات و بەنەماکانى شەریعەتى ئیسلام یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانى قانووندانان. لەو باوەڕەدام کەسێک ناتوانێ نکوڵى لەوەبکات کە زۆرینەى گەلى کوردستان بە بەشى زۆرى نەتەوەکانیەوە موسڵمان بن. کەواتە پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان نە ئایینى ئیسلامى کردووە بە ئایینى رەسمی لە هەرێمدا، لەبەر ئەوەى لە دەستوورى عێراقدا ئەوە دەستنیشانکراوە و هەرێمى کوردستانیش بەشێکە لە دەوڵەتى عێراق، هەروەها شەریعەتى ئیسلام لە پرۆژەى دەستوورى هەرێمدا بە سەرچاوەێکى سەرەکی بۆ قانووندان دانەنراوە، بەڵکو یەکێکە لە سەرچاوەکانى قانووندانان. لە قانوونى مەدەنى عێراقیدا کە لە ساڵى 1951دا پەسەندکراوە و ئێستاش کارى پێ دەکرێت، شەریعەتى ئیسلام یەکێکە لە سەرچاوەکانى قانوون و دادوەر ئەگەر دەقێکى لەبەردەستا نەبوو بگونجێ لەگەڵ ئەو کێسەى تەماشاى دەکات، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ شەریعەتى ئیسلام، بێ ئەوەى پابەند بێ بە مەزهەبێکى تایبەتییەوە. کەواتە پێشینەیەک بۆ ئەو مەسەلەیە لە قانوونى عێراقیدا هەیە وکێشەى دروست نەکردووە، بەڵام ئایا بارى ئێستاى عێراق بەراورد دەکرێت لەگەڵ بارى عیراق لەو دەمەدا؟ چەند ساڵێکە لەسەر ناسنامە بە دەهەزارەها خەڵکى بێ گوناە کوژراون وچەند ملیۆن کەسێکیش دەربەدەرکراون.
لە ناوەراسى ساڵەکانى نەوەدەکان لە دەرەوەى وڵات بوم، لەگەڵ چەند مامۆستاێکى پایەبەرز وەک مامۆستا حەسەن چەلەبى خەریکى ئامادەکردنى پرۆژەى دەستوور بووین بۆ عێراقى پاش ڕووخانى رژێمى بەعسى. هەموومان کۆک بووین لەسەر ئەوە کە عێراقى پاشەرۆژ دەبێ دەوڵەتێکى دیموکراسى فیدرالى بێ، پێکهاتبێ لە دوو هەرێم: هەرێمى کوردستان و هەرێمى بەشى عەرەبى، بەڵام دەشێ ئەو هەرێمە بەسەر چەند ناوچەێکى ئۆتۆنۆمیدا دابەشبکرێت. مامۆستا حەسەن چەلەبى لەو دەمەدا دەیگوت کەسانێک هەن داوادەکەن شەریعەتى ئیسلام سەرچاوەى سەرەکى قانووندانان بێ لە ناوچەى وەک کەربەلا و نەجەف، لەبەر تایبەتمەندى ئایینى ئەو ناوچەیە. ڕەنبێ رۆژێک بێ دەوڵەتى عێراق لەسەر ئەو بنەمایانە دابمەزرێتەوە، تا لەم گێژاوەى ئێستا تێی کەوتووە بتوانێ بێتەدەرەوە.

*دەکرێت دوایین گۆرانکاریەکانی یاسای نەوت و گازمان بۆ باس بکەیت؟
وەڵام: پرۆژەى قانوونى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان تایبەتمەندى و گرنگى خۆى هەیە، پرۆژەکە پێکهاتووە لە (63) ماددە. بە بۆچوونى من، پرۆژەى قانوونى سامانى نەوت وگازى هەرێم پێویستە پێش قانوونى نەوت و گازى عێراق پەسەند بکرێت، تا لە قانوونى خۆماندا داواکاریەکانى گەلەکەکان بچەسپێنین. ئەو هەڵەى کاتى خۆى بە دواخستنى پەسەندکردنى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان کراو چاوەڕێى دەستوورى عێراق کرا، ئومێدەوارم لێرەدا دووبارە نەبێتەوە. پرۆژەى دەستوورى هەرێم ئەگەر پێش دەستوورى عێراق پەسەندبکرابا، دەستوورەکەمان نەدەبووە پاشکۆى دەستوورى عێراق، تەنیا لەو بوارانەدا نەبێ کە دەسەڵاتى دیاریکراوى حەسری حکومەتى ناوەندین. کاتێ خەریکى دارشتنى ماددەکانى پرۆژەى دەستوورى هەرێم بووین، دەبوو هەموو جار تەماشاى ماددەکانى دەستوورى عێراق بکرێت بۆ ئەوەى دڵنیابین کە ماددەکانى پرۆژەکە گونجاو دەبن لەگەڵ ماددەکانى دەستوورى عێراقدا. خوا سەبەبکار بگرێ کە بوونە هۆى ئەوە دەستوورەکەمان پێش دەستوورى عێراق پەسەند نەکرێت!
لەو دوو کۆبوونەوە نائاساییەى لە رۆژانى 1 و2 ئاب بۆ تاوتوێکردنى پرۆژەى قانوونى نەوت وگاز تەرخانکرابوون، (20) ماددە لە کۆى 63 ماددە، پەسەندکران، بەڵام پاش ئەوەى دەستکاری بەشێکیان کران، بە زێدەکردنى چەند بڕگەیەکى نوێ یان لابردنى چەند بڕگەێکى دیکە. ئەوى پێویسە لێرەدا ئاماژەى بۆ بکرێت ئەوەیە، ئەنجومەنێکى نوێ بە ناوى ئەنجومەنى هەرێم بۆ کاروبارى نەوت و گاز بڕیارى دروستکردنى دراوە، کە لە پرۆژەکەدا باسى لێنەکرابوو. ئەو ئەنجومەنە بەسەرۆکایەتى سەرەک وەزیران دەبێ، جێگرەکەى و وەزیرى سامانە سروشتیەکان و وەزیرى دارایى و وەزیرى پلاندانان ئەندامى دەبن، دەسەڵات وئەرکە سەرەکیەکانى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان بەو ئەنجومەنە دراون. مەبەستی سەرەکى لە دامەزراندنى ئەو ئەنجومەنە ئەوەیە لەبەر گرنگى سامانى نەوت و گاز، پێویسە بڕیارە گرنگەکان لەلایەن تاکە کەسێکەوە نەدرێت، بەڵکو لەلایەن ئەنجومەنێکەوە، بەڵام بەشێک لە دەسەڵاتەکان هەر دەست حکومەتەوە ماون. ماددەکانى (2) و (3) پرۆژەکە تایبەتن بە دیاریکردنى موڵکاداریەتى نەوت و مافەکانى حکومەتى هەرێم، ئەو دوو ماددەیە بە شێوەیەک دارێژراون کە بگونجێن لەگەڵ ماددەکانى (111) و(112)ى دەستوورى عێراقدا، تا لە ئایندەدا کێشە دروست نەبێ. لەو دوو ماددەدا ئەو دەسەڵاتانەى پیشتر بە وەزیر درابوون، بەشى زۆریان دراون بە وەزارەت. ماددەکانى هەشت تا دوانزەى پرۆژەکە باس لە دامەزراندنى (3) کۆمپانیاى گرنگ دەکەن، یەکێکیان بۆ دۆزینەوەى نەوت و گاز لە هەرێمى کوردستاندا. ئەو کۆمپانیایە کۆمپانیاێکى گشتى دەبێ، خاوەن کەسایەتى مەعنەوی خۆى دەبێ، لە ڕِووى دارایى و کارگێڕییەوە سەربەخۆ دەبێ. سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى کارگێڕى ئەم کۆمپانیایە کە دەبێ کەسانى پسپۆرو شارەزا سەربەخۆ بن، لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە ناویان پێشنیازدەکرێن بۆ پەرلەمان، کە بە زۆرینەى ڕەهاى ئەندامانى پەسەند دەکرێن. ماوەى دامەزراندنیان بە پێنج ساڵ دیاریکراوە، ئەویش بە رەزامەندى پەرلەمان بە هەمان ریژە. کۆمپانیاى دووەم تایبەتە بە بازارکردنى (تسویق)ى نەوت، ئەویش وەک کۆمپانیاى یەکەم، دەبێ کۆمپانیاێکى گشتى بێ و خاوەن کەسایەتى مەعنەوى خۆی بێ وسەربەخۆ بێ لە ڕووى کارگێڕى و داراییەوە. سەرۆک و ئەندامانى ئەم کۆمپانیایەش بە هەمان شێوە دیاری دەکرێن، واتە بە بڕیارى پەرلەمان. کۆمپانیاى سێیەم تایبەتە بە پاڵاوتنى نەوت و پاشکۆکانى، ئەویش بە هەمان شێوە دادامەزرێ و وەکو ئەوان بە ڕێوەدەبڕێ. ماددەى سێزدەى پرۆژەکە تەرخانکراوە بۆ دامەزراندنى سندووقێکى تایبەت بە داهاتەکانى نەوت و گاز، ئەویش کەسایەتى مەعنەوى خۆى دەبێ و سەربەخۆ دەبێ لە ڕِووى دارایى و کارگێڕییەوە، سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى ئەم دەزگایەش بە هەمان شێوە دیاری دەکرێن، واتا بە بڕیارى پەرلەمان. ماددەى چواردەى پرۆژەکە تەرخانکراوە بۆ دیاریکردنى شێوەى بەڕِێوەبردنى داهاتە نەوتیەکان، کە دەبێ بە پێى نوێترین پێوانەکانى نێو دەوڵەتى لەڕووى شەفافیەت و بەرپرسیاریەتییەوە، بێ. بە پێى ماددەى پانزەى پرۆژەکە، لیژنەیک بۆ ئەم مەبەستە دادەمەزرێ، ئەرکەکانى لەژێر چاودێرى پەرلەمان ئەنجامدەدا. ماددەى شازدە کە تەرخانکراوە بۆ دیاریکردنى بەشێ لە داهاتەکانى نەوت وچۆنیەتى دابەشکردنیان، ئەو پەسەند نەکرا، چونکە بەشى زۆرى ئەندامانى پەرلەمان پێیان باش بوو شێوەى ئەو دابەشکردنە لە ئایندەدا بە قانوون دیاری بکرێت. لە ماددەى حەڤدەى پرۆژەکەدا شێوازى هاوکاری لەنێو حکومەتى هەرێم ۆ حکومەتى فیدرالیدا دیاریکراوە بە پێى ماددەکانى 106 و112 و 121ى دەستوورى عێراق، بە تایبەتى بۆ کێلگە نەوتیەکانى ئێستاى هەرێمى کوردستان، هەروەها بۆ دارشتنى سیاسەتى ستراتیژى لەپێناو پەڕەپێدانى سامانى نەوت گاز لە هەموو عێراقدا، لەگەڵ دیاریکردنى شێوازى هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو ئەنجومەنەى بڕیارە دروست بکرێت بەناوى" ئەنجومەنى فیدرالى نەوت و گاز" بۆ عێراق. لە ماددەى هەژدەى پرۆژەکەدا بنەماى هاوکارى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەندى دیاریکراوە. ئەمانە بە کورتى ئەو ماددانەى کە تا کۆبوونەوەى پەرلەمان لە رۆژى 2ى ئاب لێکۆڵینەوەیان لەسەرکراوەو پەسەندکراون، ئومێدەوارین لە رۆژانى داهاتوودا پەرلەمان ماددەکانى دیکەى پرۆژەکە بە شێوەێکى گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندى گەلەکەمان، پەسەندبکات.
--------------------------

(هەولێر پۆست)،5 ئابى 2007

No comments: