Sunday 30 September 2007

ئاستەنگێکى "قانوونى" نوێ لەبەردەم جێبەجێکردنى ماددەى 140 دا


دکتۆر نورى تاڵەبانى

ئەو هەموو هەوڵانەى لەلایەن بەشى زۆرى دەزگاکانى حکومەتیى و هێزە سیاسیەکانى عێراقى و بیانى دەدرێن لە پێناو دواخستنى جێبەجێنەکردنى ماددەى 140 لەوە دەچێ کەم بن، بۆیە دادگەى سەرەتایى (بیدایەى) کەرکوکیش خەریکە دەستدەخاتە ناو کێشەکانى ئەو شارەوە نەک بۆ چارەسەرکردنیان، بەڵکو بۆ ئاڵۆزکردنیان. دەسەڵاتى دادوەرى لە بەشى زۆرى وڵاتانى جیهاندا جێگاى ئومێدى کەسانى ماف خوراو و زوڵم لێکراون، بۆیە ئەو کەسانە پەنا دەبەنە بەردەم دادگەى پێوەندیدار، تا بە پێى حوکمى دەستوور و قانوون مافى زەوتکراویان بۆ بگێڕێتەوە، یان ئەو زوڵمەى لێیانکراوە ڕایبگرێ و کۆتایى پێبێنێ. پەنابردنە بەردەم دادگە مافێکى شەرعى و دەستوورى و قانوونییە بۆ هەموو هاوڵاتى و کەسێک، قانوونیش سەروەر دەبێ ئەگەر دادگەکان سەربەخۆبن و دوور بن لە دەستێوەردانى سیاسى، بەڵام لەوە دەچێ بەشێک لە دادگەکانى کەرکوک ئێستاش پێیان باشترە کار بەو بڕیارانە بکەن کە لە سەردەمى حوکمى بەعسدا پەسەندکراون بۆ مەبەستێکى سیاسى، بۆ شێواندنى بارى دیموگرافى ئەو شارە، هەر وەک بڵێى عێراق گۆڕانکارى تێدا نەکراوە و دەستوورێکى تازە پەسەندنەکراوە کە دەبێ هەموو دەسەڵاتەکان پەیڕەوى بکەن.
هەموو دەزانین کە ماددەى 140 دەستوورى عێراق بۆ مەبەستێکى دیاریکراو دارێژراوە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پابەند بن بە ناوەڕۆکى ئەو ماددە دەستووریە و هەر قانوون و بڕیارێک بە پێچەوانەى ئەو ماددەیەوە بێ، کارى پێ نەکرێت. ئەگەر بە هەڵە بڕیارێکى لەو جۆرە بدرێ، دەبێ لەلایەن دەسەڵاتى یان دادگەى پایەبەرزترەوە هەڵوەشێتەوە یان پەسەندى نەکات. جێگاى داخە گەر بڵێین کەوا بەشێک لە دادگەکانى کەرکوک بەو گیانە رەفتار لەگەڵ ناوەرۆکى دەستوورى تازەى عێراقدا ناکەن، بە تایبەتى ماددەى 140. کورتەى باسەکە بریتیە لەوە کە لە ساڵەکانى هەشتاکاندا رژێمى بەعس بە هەزارەها پارچە زەوی دابەشکردووە بەسەر عەرەبى هاوردەدا، بە مەبەستى گۆڕینى بارى دیموگرافى شارى کەرکوک و ئەو ناوچانەى بەر شاڵاوى سیاسەتى بە عەرەبکردن کەوتبوون. بەشى زۆری ئەو کەسانە جگە لە پارچە زەوییەک، پارەو قەرزى بانکى ئەقاریان پێدەدرابوو تا بە زووترین کات خانووى لەسەر دروستبکەن. بڕیارى ژمارەى (42)ى ساڵى 1986 لە لایەن بەناو (ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆرشەوە) بۆ ئەم مەبەستە دەرچووە. بە پێى ئەو بڕیارە، ئەو کەسانەى پارچە زەوییەک وەردەگرن، نابێ بیفرۆشن بەڵکو دەبێ بە زووترین کات خانووى لەسەر دروستبکەن. بەڵام بەشێکیان، لەبەر چەند هۆیەک کە پەیوەندى بەخۆیانەوە هەبووە، نەیانتوانیوە لەو ماوەى بۆیان دیاریکراوە خانوو دروستبکەن، بۆیە گەڕِاونەتەوە بۆ ئەو جێگایانەى لێوەى هاتوون. بە پێى هەمان بڕیار، پارێزگارى کەرکوک دەیتوانى دەست بەسەر ئەو پارچە زەوییانەدا بگرێت و جارێکى دى دابەشیان بکاتەوە بەسەر کەسانێکى دیکەدا، کە ئەوانیش هەر عەرەبى هاوردە بوون. تا ڕووخانى رژێم هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەبووە، کەسیش نەیتوانیوە سکاڵا یان داواکاریەک پێشکەش بە پارێزگا یان بە دەسەڵاتى دادوەرى لە کەرکوک بکات. بەڵام پاش ڕووخانى رژێم بەشێک لەو کەسانەى پێشتر پارچە زەوییان لێَوەرگیراوەتەوە بە پێى پڕیارى ژمارە (42)، ئێستا داواى ئەو پارچە زەوییانە دەکەنەوە، هەرچەندە کاتى خۆى بە ئارەزووى خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ ئەو جێگایانەى لێوەى هاتبوون. بەشى زۆری ئەو پارچە زەوییانە پاشتر فرۆشراون بە کەسانێک کە پێشتر نەیاندەتوانى خانوو یان پارچە زەوی لە کەرکوک بکڕن، هەر لەبەر ئەوەى کورد یان تورکمان بوون. بەڵام لەم ماوەدا کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنى ماددەى 140 بە قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانەى نیازى گەڕانەوەیان هەیە بۆ ئەو جێگایانەى لێوەى هاتوون، بەشێک لەو کەسانەى پێشتر پارچە زەوییان لێ وەرگیراوەتەوە، داواى دەکەنەوە گوایا بڕیارى (42) دەسەڵاتى بە پارێزگارى کەرکوک نەداوە ئەو پارچە زەوییانەیان لێوەربگرێتەوە! لەبەر ئەو هۆیە پارێزگارى ئێستاى کەرکوک گوێى بۆ داخوازیەکانیان شڵنەکردووە، بۆیە پەنایان بردووەتەوە بەردەم دادگەى سەرەتایى (بدایە)ى کەرکوک و داوایان لەسەر سەرۆکى شارەوانى یان پارێزگارى کەرکوک تۆمارکردووە. دادگەى سەرەتایى (بیدایەى)کەرکوک دەبوو بە وردى تەماشاى ماددەى 140ى دەستوورى عێراقى بکات و ئەو داوانە رەد بکاتەوە، چونکە ناگونجێن لەگەڵ ناوەرۆکى ئەو ماددەیە دەستووریەدا. بارى ئێستاى عێراق بارى ساڵى 1986 نییە کە بڕیارى ژمارە (42)ى تێدا دەرچووە، کاروبارى عێراق ئەمرۆکە بە پێى دەستوورێکى نوێ بەڕێوە دەچێ و ماددەێکى تایبەتى لەو دەستوورەدا تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى بڕیارى (42) بووەتە هۆى دروستکردنیان. دادگەى سەرەتاى (بدایە)ى کەرکوک ئەو بارەو ئەو ماددە دەستووریەى ڕەچاو نەکردووە، بۆیە لە چەند برَیارێکدا داخوازی ئەو کەسانەى قبووڵ کردووە و فەرمانى بە دووبارە تۆمارکردنەوەى ئەو خانووە یان ئەو پارچە زەوییەى داوە کە پێشتر لێیان وەرگیراوەتەوە، هەرچەندە لەم ماوەدا بە کەسانى دیکە بە شێوەێکى قانوونى فرۆشراون. ئەو بڕیارەى دادگەى سەرەتایى کەرکوک کەسانێکى دیکەشى هانداوە تا داوا لەسەر شارەوانى و پارێزگاى کەرکوک تۆماربکەن، بە مەبەستى وەرگرتنەوەى ئەو پارچە زەوییانەى پێشتر لێیان وەرگیراوەتەوە! بەڵام دادگەى تێهەڵچوونەوە(ئیستینافى) کەرکوک، بڕیارەکانى دادگەى سەرەتایى کەرکوکى هەڵوەشاندووەتەوە، بە پێچەوانەى دادگەى تەمییزى عێراق کە لەوە دەچێ لە بڕیارێکدا کۆک بێ لەگەڵ بڕیارى دادگەى سەرەتایى کەرکوک، ئەوەش کێشەکەى گەورەتر کردووەتەوە و بووەتە هۆى ئەوە بەشێک لەو پارچە زەوییانە بەناو ئەو کەسانەوە جارێکى دى تۆماربکرێنەوە، هەروەها خەڵکانێکى دیکە ئێستا خەریکن داواى " پارچە زەوییەکانیان"دەکەنەوە، هەرەوەک بڵێى ماددەى 140 بۆ نەهێشتنى ئاسەوارى بڕیارى (42) و بڕیارەکانى دیکەى لەو چەشنە، لە گۆڕى نییە!
ماددەى 140ى دەستوورى تازەى عێراق بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە دارێژراوە کە بڕیارى ژمارە (42)ى ساڵى 1986 و چەند بڕیارێکى دیکەى لەو چەشنە، پەسەندکراون و تا ڕووخانى رژێم کاریان پێکراوە. بەڵام ئەو بڕیارانە پاش دەرچوونى دەستوورى عێراق، بە تایبەتى ماددەى 140ى ئەو دەستوورە، بوون بە "خەبەرى کان"!. لێکدانەوەى بڕیارى (42) بەو شێوەى دادگەى سەرەتایى کەرکوک لێکیداوەتەوە، هەروەها پەسەندکردنى ئەو بڕیارە لەلایەن دادگەى تەمییزەوە بووەتە هۆى دروستکردنى کۆسپێکى دى لەبەردەم جێبەجێکردنى ماددەى 140دا، لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ئەو ماددەیەشى بە کاروبارى لاوەکییەوە مەشغوڵ کردووە، لەکاتێکدا لیژنەکە، وەک سەرۆکە تازەکەى دانیى پێداناوە، زۆر دواکەوتووە لە ئەنجامدانى ئەرکەکانى سەرشانى. دادگەى تەمییزى عێراق دەبوو پشتگیرى لە بۆچوونەکانى دادگەى تێهەڵچوونەوەى (ئیستینافى) کەرکوک بکات، نەک لە بڕیارى دادگەى سەرەتایى کەرکوک. جێگاى داخە گەر بڵێین کە سیاسەت خەریکە دزە دەکاتە ناو بەشێک لە دادگەکانى عێراق، کە ئەوەش دەبێتە هۆى بى باوەڕیى پەیدابوون بەو دادگایانە، کە دەبوو لەوە بەرزتر بونایا.
بڕیارى دادگەى سەرەتایى کەرکوک بە پێچەوانەى ماددەى 140ى دەستوورە. خەڵکى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانى دیکەى کوردستان چوار ساڵە چاوەڕێى جێبەجێکردنى ئەو ماددە دەستووریە دەکەن، چونکە هەمان ماددەى 58ى قانوونى کاتى بەرَێوەبردنى دەوڵەتى عێراقە. لە نامەێکدا لە 25ى ئابى ئەمساڵ ئاراستەى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ماددەى 140م کردووە، ڕووناکیم خستووەتە سەر ئەم بڕیارە ناقانوونییەى دادگەى سەرەتایى کەرکوک، بە ئومێدى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە پێش ئەوەى ببێتە کۆسپ و ئاستەنگێکى نوێ لەبەردەم جێبەجێکردنى ئەو ماددەیە.
____________________________________
گۆڤارى (هەرێمى کوردستان)، ژمارە(430)، 18 ئەیلول 2007.

No comments: